کوردستانی

لە هەولێر دوو کچی هاوڕەگەزخواز بەیەکەوە هاوسەرگیریان کردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە هەولێر دوو کچی هاوڕەگەزخواز بەیەکەوە هاوسەرگیریان کردووە
مەودا میدیا

سەرچاوە؛ بی بی سی فارسی

کەناڵی بی بی سی فارسی، راپۆرتێکی بنکۆڵکاری لەبارەی ژیانی هاوڕەگەزخوازانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا چیرۆکی چەند گەنجێکی هاورەگەزخواز کە لە هەولێر دەژین خراوەتەروو.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ناوچەکانی تری عیراق رێژەیەکی زیاتری ئازادی تێیدا لەئارادایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێشتا کێشە و گرفتی گەورەی کۆمەڵایەتی لەبەردەم ئەو کەسانەدا هەن کە لە راپۆرتەکەدا وەکو "پێکهاتەی رەگەزی" ناویان براوە.

سارە کچێکی گەنجە، خۆی وەکو هاورەگەزخواز دەناسێنێت، لەگەڵ کچێکی هاوڕێیدا وەکو دوو هاوسەر دەژین، قسەی بۆ کەناڵەکە کردووە و وتویەتی "کاتێک کە خەڵک دەزانێت ئێمە هاوڕەگەزخوازین زۆر سوکایەتیمان پێدەکەن و ئازارمان دەدەن".

سارە ئاماژەی بەوەکردووە کە پێشتر لەگەڵ پیاوك هاوسەرگیریکردووە و دوو منداڵی لەو هەیە کە ئێستا لەگەڵی دەژین، بەڵام دواتر لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، دەڵێت "ئەوکاتەی کە هاوسەری پیاوێک بووم تەنها ئەرکی ژنبوونم بەجێدەهێنا، دەنا هیچ چێژێکم لەو پەیوەندییە وەرنەدەگرت، بەڵام ئێستا بەتەواوەتی خۆمم، چێژ وەردەگرم و لەگەڵ ئەو کەسەدام کە خۆشمدەوێت".

لە راپۆرتەکەدا کوڕێکی هاورەگەزخوازیش قسە دەکات، ناوی خوازراوی کوڕەکە سینایە، دەڵێت کە لەناو ئۆتۆمبێلدا بووە چەند کەسێک هێرشیان کردووەتە سەری و ئازاریان داوە، پارە و ناسنامە و مۆبایلەکەیان لێسەندووە.

دەڵێت "زۆریان لێدام و ئازارێکی زۆریان دام، دەموچاوم هەمووی خوێن بوو، لە ئۆتۆمبێلەکە دایانبەزاندم، شوێنێکی زۆر تاریک بوو، نەمدەزانی دەبێت بۆ کوێ هەنگاو بنێم، نەمدەتوانی بە باشی هەناسە بدەم".

لە راپۆرتەکەدا باس لە دەستگیرکردنی زیاتر لە 10 گەنج لە هاورەگەزخوازان کراوە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە، ئاماژە بەوەشکراوە کە هاورەگەزخوازان وەکو لەشفرۆش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ژیار عەلی چالاکوانێکی بواری مافەکانی مرۆڤە، لە راپۆرتەکەی بی بی سی-دا قسەیکردووە و باس لەوە دەکات کە لە هەرێمی کوردستان سوود لەو مادە یاساییانە وەرگیراوە کە باس لە دەستدرێژی سێکسی و ئەنجامدانی سێکسی بەبێ رەزامەندی دەکەن.

چالاکوانەکە سودوەرگرتن لەو مادە یاساییە بە نەگونجاو دەزانێت، چوونکە هیچ بەدواداچوونێک بۆ ئەوە ناکرێت کە ئایا هاورەگەزخوازەکان رەزامەنبوون بە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە یاخود نەخێر.

بۆ بینینی راپۆرتەکەی کەناڵی بی بی سی، کلیک بکە

ب.م

Qaiwan
Qaiwan