راپۆرت

بودجەی ئەمەریکا چی بۆ کورد تێدایە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


بودجەی ئەمەریکا چی بۆ کورد تێدایە؟
مەودا میدیا - راپۆرت

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا داوای بودجەیەکی کردووە کە بڕەکەی دەگاتە 715 ملیار دۆلار، وەکو خەرجی بەرگری بۆ ساڵی 2022، وە لەناویدا داوای 522 ملیۆن دۆلاری کردووە وەکو خەرجی شەڕکردن دژی داعش لە سوریا و عیراق، لەو بڕەش پشکێکی بەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەوێت.

رۆژی شەممە 29ی ئایاری 2021 رەشنووسی بودجەی فیدراڵی ئەمەریکا پێشکەشی کۆنگرێس کراوە، وەزارەتی بەرگری داوای 715 ملیار دۆلاری کردووە وەکو خەرجی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2022دا.

لە رەشنووسی پرۆژەی بودجەکەدا هاتووە؛ پلانێک ئامادەکراوە بۆ خەرجییەکانی بەرگری ئەمەریکا لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی ئاسایشی کابینەکەی بایدن، لەناویشیدا بودجەی بەرگری ئەمەریکا بە بەراورد بە بودجەی ساڵی 2021  بڕی 11.3 ملیار دۆلاری زیاتر دەبێت.

لە رەشنووسەکەدا، بەندی "بودجەی زیادەی دۆخە لە ناکاوەکان" لابراوە، کە لە بودجەی ساڵی 2020دا بڕەکەی بریتیبوو لە 18.6 ملیار دۆلار، هاوکات خەرجییە بنەڕەتییەکانی بەرگری کابینەکەی بایدن بۆ ساڵی 2022 بە زۆرترین خەرجی بەرگری لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا دادەنرێت، ئەگەر کۆنگرێس پەسەندی بکات.

سەبارەت بە خەرجییەکانی بواری بەرگری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، خەرجییەکان بەشێوەیەکی گشتی لە ساڵی 2018ەدا گەیشتوونەتە 671 ملیار دۆلار، تیایدا 65 ملیار دۆلار بۆ "ئۆپەراسیۆنی یەکە سەربازییەکانی دەرەوەی خاکی ئەمەریکا" تەرخانکراوە، هەروەها لە بودجەی ساڵی 2019دا 704 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2021دا بڕی 53 ملیار دۆلار بۆ هەمان مەبەست تەرخانکراوە.

 
بەرەنگاربوونەوەی چین لە بودجەی بەرگریدا

سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەتی ئەمەریکی لەبواری رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکات لەم ماوەیەدا ئەمەریکا دەیەوێت پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بقۆزێتەوە و وەکو بیانوویەک، لەبواری سەربازیدا بەکاریبهێنێت، ئەمەش بەڕوونی لە رەشنووسی بودجەدا دەردەکەوێت.

لە رەشنووەکەدا هاتووە کە چین هێزی ستراتیژی و کلاسیکی خۆی، بە چەند هەنگاوێکی خێرا و ئامانجدار پێشخستووە، ئاماژە بەوە کراوە کە دەکرێت ئەم هەوڵانەی پەکین سەربکێشن بۆ لاوازبوونی تواناکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، لەو چوارچێوەیەشدا، داوای 5.1 ملیار دۆلار کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە.

لە رەشنووسەکەدا، بڕی 4.91 ملیار دۆلار تەرخانکراوە بۆ رووبەرووبوونەوەی چین، تایبەتکراوە بۆ پڕچەککردنی هێزە هاوبەشەکان، وە 23 ملیۆن دۆلاری بۆ چالاکی هێزەکان و 150 ملیۆن دۆلار بۆ راهێنان و ئەزموونبینین و 500 هەزار دۆلار بۆ پێشخستن و گەشەپیدانی هاوپەیمانیی و هەماهەنگییەکان.

لە پلانی بەرگری ساڵی 2022ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، سەرنجێکی چڕ خراوەتە سەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی چەکی پێشکەوتوون، وەکو؛ چین، رووسیا، کوریای باکوور و ئێران، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و نوێکردنەوەی توانا بەرگرییەکان، دوو بواری ترن کە پێداگریان لەسەر کراوە.

یەکێک لە گرنگترین گۆرانکارییەکان کە لە سەردەمی بایدندا روویداوە، ئەوەیە کە لە بودجەدا ناوی ئۆپەراسیۆنی یەکەکانی بەرگری دەرەوەی ئەمەریکا، گۆڕدراوە بۆ "سندوقی شەڕ" کە لە ساڵی رابردوودا بڕی 60 ملیار بۆ تەرخانکراوە.


بڕی 522 ملیۆن دۆلار، بۆ شەڕکردن لە عیراق و سووریا

کۆتا بەندی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بریتییە لە خەرجییەکانی راهێنان و پرۆسەکان لە سوریا و عیراق، لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش.

 لە رەشنووسەکەدا هاتووە؛ لە کۆی 522 ملیۆن دۆلار کە داواکراوە، 345 ملیۆن دۆلاری بۆ هێزە عیراقییەکان و 177 ملیۆنیش بۆ ئەو هێزانە دانراوە کە بە "کۆمەڵە و کەسایەتییە نزیکەکان" ناویان براوە، لەناویشیاندا هێزەکانی سوریای دیموکرات ناوسراو بە (هەسەدە) هەیە کە لەڕووی سەربازییەوە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەپارێزن.

هاوکات، لەژێر ناونیشانی "پشتیوانی ئاسایشی سنووری وڵاتانی دراوسێی سووریا" بڕی 370 ملیۆن دۆلار بۆ چەند وڵاتێک تەرخانکراوە؛ تیایدا 150 ملیۆن دۆلار بۆ ئەردەن و 220 ملیۆن دۆلاریش بۆ چەند وڵاتێکی تر کە ناویان نەهێنراوە.

پرسی پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تائێستاش یەکێکە لەو پرسانەی کە کێشەی بۆ پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەمەریکا درووستکردووە، لەو بارەیەوە ویندی شیرمان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە میانی سەردانیدا بۆ تورکیا رایگەیاند "ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا لە پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات، تێکشکاندنی داعشە".

ترسی تورکیا، لە دامەزراندنی کیانێکی کوردییە لە سووریا، چونکە پێیوایە ئەو هەنگاوە مەترسی دەخاتە سەر سنوورەکانی وڵاتەکەی لە باشوورەوە.

سەرچاوە؛ ماڵپەڕی زەمانی تورکی
وەرگێڕان؛ بەڵێن عزەت میکە
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان