تەندروستی

بانگەوازێكی بەپەلە لە بارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ خەڵكی هەرێم

مەودا میدیا - سلێمانی |


بانگەوازێكی بەپەلە لە بارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ خەڵكی هەرێم

مەودا میدیا

پزیشكێكی چاودێر لە بارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بانگەوازێكی بەپەلە بڵاودەكاتەوە و باس لەوە دەكات، پێویستە وەزارەتی تەندروستی و  تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بە ئەركی سەرشانی خۆی هەستێت و هاوڵاتیان لەو هەڕەشەیە ئاگادار بكرێنەوە. .

دەقی بانگەوازەكە:

“بانگەوازێكی بەپەلە” لە پزیشكێكی كوردەوە
هاوڵاتییانی خۆشەویست
جیهان و ناوچەكە و كوردستان لە بەردەم هەڕەشەیەكی تەندروستی گەورەدایە. ڤایرۆسی كۆرۆنا بە خێراییەكی ترسناك بڵاوبووەتەوە و زوو یا درەنگ بۆی هەیە بگاتە كوردستانی خۆشەویستیش.

وەكو پزیشكێك و چاودێرێكی تەندروستی خۆم بە پەرپرسیار ئەزانم لەوەی ئێوەی بەڕێز لەم هەڕەشەیە ئاگادار بكەمەوە. لێرەوە پێشنیازی هەفتەیەك بۆ تەندروستی ئەكەم كە لە سبەینێ وە دەست پێ بكات.

بۆ وەزارەتی تەندروستی، تكایە لەم هەفتەیە چیتر ڕوونكردنەوەی بەنجكەر و بێسوود بڵاومەكەنەوە و بەئەركی خۆتان هەڵسن لە پاراستنی خەڵكی كوردستان لەم هەڕەشە ترسناكە.

بۆ مامۆستا بەڕێزەكان. تكایە ئاگاتان لە قوتابی و خوێندكارەكانتان بێ. نەخۆشەكانیان بنێرنە ماڵەوە با پشوو بدەن و نەخۆشیەكە نەگوازنەوە. جێڵی تەعقیم لە دەرگای پۆلەكان دانێن و دەستی خۆتان و خوێندەكارەكانی پێپاكبنەكەوە.

بۆ دایك و باوكە میهرەبانەكان. دە ئەوەنەی جاران ئاگاتان لە جگەرگۆشەكانتان بێ. لە باتی زلەیەك كلینكسێكی نەرمیان بدەنێ. لە جیاتی قسەیەكی زبر ئامۆژگاریەكی هێمنیان پێ بڵێن. مناڵەكان ئاگاداركەنەوە كە پژمین یا كۆكین دەستەسڕ بەكاربێنن و دەستیان بشۆن.

بۆ مامۆستایانی ئاینی قەدرگران. تكایە خوتبەی ئەم هەینیە پیرۆزە تەرخان بكەن بۆ بڵاوكردنەوەی ئامۆژگاری تەندروستی بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە مەترسیدارە. ئامۆژگاری موسڵمانان بكەن كە لە پاڵ دەستنویژەكانیان، دەستیان بشۆن. ئامۆژگاری ئەوانە بكەن كە نەخۆشن كە ئەجری بڵاونەكردنەوەی نەخۆشیەكە لە ئیتاعەتی نوێژی جەماعەت زیاترە.

بۆ پزیشك و كارمەندە خۆشەویستەكان. تكایە ئاگاتان لە خۆتان بێ. ئێوە سەرمایەیەكی گەورەن بۆ هەموومان و بێ ئێوە كوردستانەكەمان نەخۆش ئەكەوێ. تكایە دەستكێش و دەمامك بەكاربهێنن. تكایە خەڵك و هاولاتیان هۆشیاربكەنەوە. تكایە سەروی خۆتان ئاگاداربكەنەوە ئەگەر گومانی ڤایرۆسەكەتان لە نەخۆشەكانتان كرد.

بۆ رۆژنامەنووس و میدیاكارە چاونەترس و ئازاكانمان. تكایە ئەم هەفتەیە مانشێتی ڕۆژنامە و ڕیپۆرتاژ و بەرنامەكانتان بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری و هۆشیاری و ئامۆژگاری بۆ پاراستی گیانی هاونیشتیمانیان لەم مەترسیە تەرخان بكەن.

بۆ چالاكەوانانی مەدەنی و ژنانی ئازادیخواز. تكایە ئەم هەفتەیە دە ئەوەنەی جاران توندتر چاودێری حكومەت و دەسەڵات بكەن و لە هیچ كەمتەرخەمی و پشتگوێخستنێكی دەزگا فەرمیەكان خۆشمەبن. تكایە ئەم هەفتەیە كەمپینی جۆراوجۆر بكەن بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی.

بۆ سیاسی و پەرلەمانتارەكان، تكایە بۆ هەفتەیەكیش بێ ناكۆكێكانتان وەلاوە نێن. تكایە بچنە ناو خەڵكەوە و لە خەم و ئازارە تەندروستیەكانیان بپرسنەوە.

لە هەموو ئەوانە گرنگتر بۆ نەخۆشە خۆشەویستەكان. تكایە ئاگاتان لە خۆتان بێ. خۆتان پشگوێمەخەن. سەردانی پزیشك بكەن. مەچنە دەرەوە. ماسك بەكاربهێنن. ئاو زۆر بخۆنەوە و نەخۆشیەكە بڵاومەكەنەوە.

با ئەم هەفتەیە بكەینە هەفتەیەك بۆ خۆشەویستی یەكتری. بۆ میهرەبانی بەرامبەر بە یەكتر. بۆ دەستخستنە ناو دەستی یەك بۆ شكستهێنان بەم هەڕەشە تەندروستیە گەورەیە.

بەهیوای تەندروستی بۆ گشت لایەك.

دكتۆر / گۆران عەبدوڵڵا
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن