خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

شڕ نییە، شڕیان كردووە

1
بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە هەموو رووەكانەوە شڕۆڵ بووە، حزبەكان خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، یەكتر تۆمەتباركردن جێگەی گفتوگۆی جدی گرتووەتەوە، لەو نێوەدا خەڵك زیانی زۆر دەكات، بەدوای ئەوەشدا دۆخەكە بۆ ئاڵۆزتربوونی كێشەكان سەردەكێشێ، كێ چووزانێ هاوشانی خەمساردی حزبەكانی كوردستان و پیلانكردن لە یەكتر؛ دەستی دەرەكیشی لەپشتەوە نییە.

2
نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق حزبەكانی خستووەتە دۆخی ركابەریی زیاترەوە، بەوەی عیراق و هەرێمی كوردستان دامەزراوەی بڕیارسازییان نییە، بۆیە گوتاریی سیاسی روون و نیشتمانی نابینرێت، بەڵكو گەورەكردنی كێشەكان شوێنی سازانی سیاسی گرتووەتەوە.

3
نزیك بە سێ دەیەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە كە بە زمانی سەرۆك وەزیران پێی یەژن كابینەی نۆیەمی حكومەت، بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی ئێستایی، كابینەی نۆ؛ هەشتی پێشوو بە بەرپرسیار دەزانێ‌، وەكو ئەوەی حزبی شیوعی، حسدك و پارتی سەوزی كوردستان سەروكاریی ئەو هەشت كابینەی دیكەیان كردبێ نەك یەكێتی و پارتی بە پلەی یەكەم.

4
نەوت و دەروازە سنوورییەكان كەوا لە زۆرینەی وڵاتان سەرچاوەی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنی كۆمەڵگەن، كەچی لە هەرێمی كوردستان خاڵی سەرەكیی كێشەكانە، حزب دەتوانێت دایانبخات و بشیانكاتەوە، چۆنیشی بووێت ئاوا دەیئاژوێ، ئەمجۆرە لە پەیڕەویكردن لە سیاسەتی ئابووری و حوكمڕانی بێمتمانەیی دروستكردووە، تا ئەو رادەیەی زۆرینەی خەڵك بە كۆتایی حوكمڕانی كوردی تینووە، خۆ كاربەدەستانیش ئەمە دەزانن، بەڵام خۆیانی لێ دەبووێرن و رۆژ دەدەنە دەستی رۆژی دیكە.

5
هێزی سیاسی بەرپرسیار و مێژوویی لەكاتی قەیرانەكاندا زیاتر دەچێتە ژێر بەرپرسیارێتی، لە مێژووی تاریك و پڕ لە كێشە و گەندەڵی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە و بەكردار قەیرانەكان چارەسەر دەكات، كەسانی گەندەڵ و هەلپەرست دەخاتە دەرەوە، پرۆسەی چاكسازیی راستەقینە دەستپێدەكات، بەڵام ئەو شێوازە سیاسەتكردنەی ئێستا دەیبینین پێچەوانەی ئەمەیە، حزبەكان بەرگریی لە پیسخۆر و گەندەڵەكانیشیان دەكەن، بگرە دەبنە قەڵغانی پاراستنیان، ئەمە هیواكان دەكوژێ.

6
یەكێك لە گرنگترین رایەڵە بەهێزەكانی نێوان خەڵك و حكومەت متمانەیە، ئەوە بۆ پرۆسەی چاكسازیی گرنگە، حكومەتی سەرڕاست لەكاتی قەیراندا هاوڵاتییەكانی دەبنە پشتوپەنای، بەڵام كاتێك حزبەكان لەگەڵ خەڵكی خۆیان راستگۆنین و راستییەكان لە خەڵك دەشارنەوە، هەم وادەكەن هاوڵاتی متمانەی بە حكومەت نەمێنێت و هەمیش هاوڵاتییان دڵسۆز نابن بۆ فەرمانڕەوایانی نیشتمان، لەكاتی وادا قەیرانەكانی زۆرتر دەبن و حكومەتیش لاواز؛ چوون ئەوەی ئێستا دەیبینین.

7
چیرۆكی كۆتایی حوكمڕانیی دوای سەركەوتنی راپەڕین و شۆڕشەكان زۆرینەیان غەمگینن، غەمگینی بەو واتایەی لەبەرئەوەی دڵمەندی خەڵك نین و لە گەندەڵیدا دەچەقن؛ ئیتر گڵۆڵەیان دەكەوێتە لێژی و خەڵك حەز بە مانەوەی زیاتریان ناكات.
بۆ مانەوەی كوردستان، حەقە حكومەت زیاتر گوێ لە رەخنەگر و نەیارەكانیان بگرێ، نەك ئەوانەی شڕۆڤەی خواستەكانی خەڵك بە تێكدان و ئاژاوەگێڕی دەكەن.
مەترسی و دەرفەتیش هەن؛ سیاسەتمەداری نیشتمانی لە دەستكەوتە كەسی و حزبییەكانی سازش دەكات و بەدەم داواكارییەكانی خەڵكەوە دەچێت مادام پێیوایە سەرچاوەی هێزی ئەوان خەڵكە.

خ.غ


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan