کوردستانی

زانیاری نوێ لەبارەی کۆتایی هاتنی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


زانیاری نوێ لەبارەی کۆتایی هاتنی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی نەماوە بۆ کۆتایی هاتنی لێبڕینی مووچە، ئاماژە بەوەشدەکات داوامان کردووە بە زووترین کات کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێنرێت.

کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمان لە پەرلەمانی کوردستان داوامانکردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات کۆتایی بە ستەمی لێبڕینی مووچە بهێنێت، بە تایبەت لە دوای گەیشتنی 200 ملیار دینار لە بەغداوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "پێشتر هەمیشە وتومانە و ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە، کە لێبڕینی مووچە نایاساییە و دۆخی خراپی مووچە خۆر و بازاڕ و کێشەکانی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکان، دەرچووە دانەمەزراوەکان و هەموو کێشەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان تا دێت بەرەو خراپتر دەڕۆن، بە کۆتایی هێنان بەم ستەمە، دەتوانین هەنگاوی کردارەکی بە ئاڕاستەی سەرجەم کێشەکان بنێین".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست مەودا میدیا کەوتووە، تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆتایی هێنان یان کەمکردنەوەی رێژەی بڕینی لە 21% مووچەی تاوتوێ نەکردووە، نازانرێت بۆ مانگی تەموز مووچە بە چ میکانیزمێک دابەش دەکرێت.

دوێنێ یەکشەممە 11ی تەموزی 2021 وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "حکومەتی عیراق بڕی 200 ملیار دیناری خستووەتەسەر هەژمار بانکی هەرێمی کوردستان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan