کوردستانی

حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری گرانبوونی نرخی غاز ئاشکرا دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری گرانبوونی نرخی غاز ئاشکرا دەکات
مەودا میدیا-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لەلایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی غاز.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکیدا سەبارەت بە گرانبوونی نرخی غاز رایگەیاند  "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، وەک وەڵامدانەوە بۆ داواکاریی ڕەوای هاووڵاتییان لە ئەنجامدانی چاکسازی و گرتنەبەری شەفافییەت لە کاروباری حکومیدا، بڕیاردرا گشت گرێبەستی کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان و بە پێی پرۆسەی بەتەندەرکردن بێت. لەم چوارچێوەیەدا بابەتی گواستنەوەی گاز لە کۆمپانیای داناغازەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێم، کە لە لایەن کۆمپانیایێکەوە قورخ کرابوو، کرایە تەندەر و دوای ئەوەی بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەرچوو و بڕیار بوو لە سەری ساڵی نوێوە دەستبەکار ببێت".

سەبارەت بە گرانبوونی نرخی غاز وتی "لە لایەن چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی رێگرییان لێ کراوە و وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات ، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە".

ئاماژەی بەوەشکرد "لەم دوو رۆژەی رابردووشدا کەسانی ئاماژەپێکراو بە هێزی چەکدار و توندوتیژی نواندن بەرامبەر بە کۆمپانیاکە، هێندەی دیکە دۆخەکەیان ئاڵۆز کردووە. وێڕای ئاگادار کردنەوەی هاووڵاتیانی خۆشەویستمان لەم کێشەیە، دڵنیایان دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی چاکسازی پاشگەز نابێتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی قورخکاران و مافیاکان ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە".
Qaiwan
Qaiwan