راپۆرت

بەکر عەلی؛ جەنگاوەرێکی برسی کە شەڕی لەپێناو هەژاراندا دەکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەکر عەلی؛ جەنگاوەرێکی برسی کە شەڕی لەپێناو هەژاراندا دەکرد
مەودا میدیا-

شاعیر بوو، بۆ بەرگرییکردن لە خەڵكی هەژار هەرگیز ساردی نەنواندووە، ئەو لەپێناو خەڵکی شارەکەیدا قوربانی زۆریدا، دواجار بە گیانیی بەرگریی لە خەڵکە هەژارەکەی خانوە قوڕەکانی حامییە کرد، دواتر ناوی لێنرا گوڵە سوورەکەی حامییە.

بەکر عەلی شاعیر، یەکێک بوو لەو کەمە خەڵکەی کە لەسەرەتای ئەزموونی حوکمڕانیی کوردییەوە لە باشوور دەستی بە دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد.

ئەو یەکێکبوو لە نیشتەجێبووانی ناو حامیەی سلێمانی، کە لە شوێنی پارکی ئازادیی ئێستادا بوون و خانووەکانیان بە قوڕ و چینکۆ و نایلۆن دروستکرابوون.

بەکر عەلی لە ساڵی ١٩٩٣ لە یادی راپەڕیندا لە یەکێتی نوسەران کە کۆڕێک بۆ ژمارەیەک نوسەر سازکرابوو، لەبری شعری نیشتمانیی و حەماسیی شعرێکی ئەوینداری خوێندەوە، خۆی لە یاداشتەکانییدا سەبارەت بەو هەڵوێستەی دەڵێت "من کەڵەبابی بەر مایکرۆفۆن نیم نانەڕێنم و بەتەماشنیم خۆم بۆ هیچ پۆستێکی باڵا کاندید بکەم" ئەمەش وەکو ئاماژە بۆ ئەوەی کە لە کۆڕەکەدا نەیویستووە حەماسەتی خەڵک بجوڵێنێت و خۆی وەکو پاڵەوانی نیشتمانیی دەربخات.

یەکی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ لە یاریگای سلێمانی یادی جەژنی کرێکاران دەکرێتەوە، بەکر عەلی وەکو نوێنەری خانووە قوڕەکانی حامیە قسە دەکات و بە بەرپرسان دەڵێت "ئەگەر ناتوانن ژیانێکی گوڵینی وەکو ئەوەی خۆتان بۆ ئێمە دابین بکەن لێمانگەڕێن لەو ژیانە قوڕینەی خۆماندا بەردەوامبین".

ئەو وتارەی ناوبراو، دژی ئەو بڕیارەی پارێزگاری سلێمانیی بوو بۆ چۆڵکردنی حامییە و کردنی بە پارک، لەو کاتیشەوە دەست کرا بە هەڕەشەلێکردنی.

لە هەمان ساڵدا و چوار مانگ دوای ئەو وتارە، پارێزگاری ئەوکاتی سلێمانی بڕیاریدابوو لە ڕۆژی یەکی نۆدا خانووە قوڕەکان بڕوخێنێت، بەڵام بەکر عەلی خۆپیشاندانێکی فراوانی سازکرد و خەڵکی حامییەی بردە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا.

لە گەرمەی خۆپیشاندانەکەدا، تەقە دەکرێت و ئەفسەرێک دوای بەکر عەلی دەکەوێت و دوای ئەوەی بە برینداری دەیگرێت، دوو فیشەک بە دەمییەوە دەنێت و شەهیدی دەکات.

ئەو ئەفسەرە چەند مانگێک دوای ئەو ڕووداوە لە شەڕی ناوخۆدا کوژرا، دوو ڕۆژ دوای شەهیدبوونی بەکر عەلی، پیاوێک لە دانیشتوانی خانووە قوڕەکان لە برسان گیانی لەدەستدا، کەمتر لە ساڵێک دوای شەهیدبوونی بەکر عەلی، دایکی لە خەفەتی ئەودا سەکتە دەکات و دەمرێت.

بەکر عەلی لە سەردەمی بەعسدا دوو جار دەستگیرکراوە، دوو برای شەهید کراون، دایک و باوکی و خوشکێکی دەستگیرکراون لەسەر چالاکییەکانی ئەو، دوای راپەڕینیش خۆی لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە دەستگیرکراوە.

ئەو بە برسێتی ژیانی بەڕێکردووە، لە یاداشتەکانییدا نوسراوە، ڕۆژێک برسی بووە، پارەی پێنەبووە نان بخوات و جگەرە بکڕێت چووە بۆ مەزادخانەکە تا پێڵاوەکانی بفرۆشێت و بە پارەکەی نان بخوات، بەڵام پێڵاوەکانی نەفرۆشراون و ئەو ژەمە بەبێ نانخواردن ماوەتەوە.

شعرەکانی بەکر عەلی دوای شەهیدبوونی بوون بە کتێبێک، لەگەڵ بەشێک لە یادەوەرییەکانی، بەڵام وەزارەتی ڕۆشنبیری ژمارەی سپاردنی نەدا بە کتێبەکە، بە بیانووی ئەوەی ناوزڕاندنی تیایە، تا ئێستاش هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئەو تاوانە سزا نەدراوە و دادگا کەیسەکەی لەبیر بردووەتەوە.

ئەوە ژیانی جەنگاوەرێکە کە بە برسێتی ژیاوە و مەرگێکی کردووە کە خۆی چەندین جار لە شعرەکانییدا پێشبینی بۆ کردبوو.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد