کوردستانی

سبەینێ لەم دوو پارێزگایەی هەرێم دەست بەدابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سبەینێ لەم دوو پارێزگایەی هەرێم دەست بەدابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت
مەودا میدیا-

لە وەرزی سەرما و زستان نزیک دەبینەوە و تا ئێستا نەوتی سپی ماڵان دابەشنەکراوە، بەڵام بە پێی لێدوانێکی بەڕێوەبەری سوتەمەنیی هەولێر لە سبەینێوە دەست بەدابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، بەڕێوەبەری سوتەمەنیی سلێمانیش دەڵێت "هەتا ئێستا لە سلێمانی هیچ شتێکی لەو شێوەیە نییە".

ساڵانە پێش هاتنی وەرزی سەرما حکومەتی عیراق بڕێک نەوتی سپی دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ هەتا ئێستا ئەو بڕەنەوتە نەنێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەوەش بەڕێوەبەری سوتەمەنیی هەولێر  لە لێدوانێکدا بە کەناڵی رووداوی راگەیاندووە "لە سبەینێوە دەست بەدابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک" سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی لە پارێزگای سلێمانی، محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری سوتەمەنی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "هەتا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی لە سلێمانیش دەست بکرێت بەدابەشکردنی نەوتی سپی".

هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عیراق کۆببنەوە و رێککەوتن لەسەر بڕی ئەو نەوتە بکرێت کە بۆ هەرێم دەنەێردرێت، دوای ناردنیشی  دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".

پێشتر سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمەوە ئاشکرایکردبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای ئەم مانگەوە دەست بەدابەشکردنی نەوتی سپی دەکات و سەرەتا لە ناوچە سنوری و شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات، چونکە بەراورد بە شوێنەکانی دیکە، زووتر وەرز و شەپۆلی سەرما دەیانگرێتەوە.

ر. ر







Qaiwan
Qaiwan