کوردستانی

وەزارەتی کارەبا ئاماژە بە پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی کارەبا ئاماژە بە پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا دەکات
مەودا میدیا-

بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت زیاتر لە (1,021,000) پێوەری زیرەک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەستراون و دەکاتە 68%، ئاماژە بەوەشدەکات سێ سەعات و نیو ماوەی پێدانی کارەبامان زیاتر کردووە.

کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "زیاتر لە (1,021,000) پێوەری زیرەک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەستراون و دەکاتە 68%، هەروەها ملیۆنێک و  500 هەزار پێوەری زیرەك بە بڕی 253 ملیۆن دۆلار بۆ بەستنی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا دابین کراوە".

ئەوەشی خستەڕوو "تائێستا لە قونا‌غی یەکەمدا 350 هەزار پێوەری زیرەک بە پرۆسەی لینکینگ بەگەڕ خراون و بە پێی ئەم پێوەرە، کارەبای هاوبەشان دەخوێندرێتەوە، لە ماوەی ئەمساڵ بەشی هاردوێری پرۆژەکە (بەستنی پێوەرکان) تەواو دەبێت و لە ساڵی ئایندەش بەشی سۆفت وێرەکەی (بەگەر خستنی پێوەرەکان) تەواو دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "بە هۆی پێوەری زیرەکەوە کارەبا کۆنترۆڵ دەکرێت و سەرپێچی بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا چارەسەر دەبێت، هەروەها بۆ خوێندنەوەی پێوەری کارەبا ناچینە ناو ماڵان و مانگانە پسولەی کارەبا چاپ دەکرێت و دەدرێتە هاوبەشانی کارەبا".

بریکاری وەزارەتی کارەبا وتی "بە دانانی پێوەری زیرەک سیستەمی کارەبا سەقامگیر دەبێت و گۆڕەرەکانی کارەبا بە تایبەتی لە زستاندا لە سوتان و دەستکاری کردن دەپارێزرێن، هەروەها توانایی سنووردارکردنی بڕی پێدانی ئەمپێری کارەبا هەیە".

باسی لەوەشکردووە "ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم 6,900 مێگاواتە، بەڵام بە هۆی نەبوونی سوتەمەنی 3500 تا 3800  بەرهەم دێنین، هەروەها سێ سەعات و نیو ماوەی پێدانی کارەبامان زیاتر کردووە و لە نێوان 17-18 کاتژمێر کارەبا دراوە و هەوڵ دەدەین لە وەرزی زستان لەسەر ئەم باشبوونەی دۆخی کارەبا بەردەوام بین".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan