نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

دایكایەتیی بۆ كەركوك لەپێناو رێگرتن لە تەعریبكردنی

رێگرتن لە پرۆسەی تەعریب كە مێژوویەكی دووودرێژی هەیە كاری هەمەلایەنەی دەوێت، دوژمنانی كورد چەندین دەیەیە ژەهری تەعریب لە كەركوكی كوردان دەڕێژن، سەرەڕای ئەوەی زۆر شتیان بۆ چووەتە سەر، بەڵام ناسنامە كوردییەكی هێشتا پارێزراوە و خەباتی لە دژی تەعریبچییەكانیش بەردەوامی هەیە.

لەبەرئەوەی رێگرتن لە تەعریبكردنی كەركوك پیرۆزە و كاری پێكەوەیی دەوێ، كەواتە ئەركی سەر شانی ژنانی كەركوكیشە وەكو هەمیشە پێشەنگبن و دایكایەتی بۆ كەركوك بكەن وەكو چۆن لە ئەنجامدانی ئەركی پیرۆزی دایكایەتیدا سەركەوتوو بوون و چەندین پێشمەرگە و رۆڵەی قارەمانیان بۆ كوردستان پەروەردەكردووە. 

ئەركی كچان و ژنانی كەركوك لە پرۆسەی رێگریكردن لە تەعریبكردنی كەركوكدا هەمەچەشنەن كە دەتوانن لە چەند خاڵێك كۆیان بكەمەوە:

- پەروەردەكردنی تەندروست ئەركی سەرەكیی باوك و دایكە، روونیشە لە زۆربەی كۆمەڵگە پێشكەوتوو و تەنانەت دواكەوتووەكانیشدا دایك ئەو ئەركە سەرەكییەی بە زۆری دەكەوێتە سەر، واتە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر چۆنیەتی پەروەردەكردنی منداڵەكانی دەبێت. لێرەوە ئەركی دایك دەستپێدەكات دژی تەعریبكاریی كەركوك، پەروەردەكردنێكی كوردانە، فێركردنی زمانی كوردی بە باشی، وردە وردە لەگەڵ گەورەبوونیشدا فێری ئاكاری مرۆڤانە و بڕوابوون بە پێكەوەژیان و كوردایەتیی بكات. بەو شێوەیە وردە وردە كوردێكی كوردپەروەر لە دژی تەعریب گەورە دەبێت و دەبێتە كارەكتەرێكی ئازا لە رووبەڕووبوونەوەی تەعریبدا.
- مامۆستا ژنە كوردەكانی كەركوك دەبێت قۆناغی دووەمی ئەركەكە تەواوبكەن، لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و تا كۆتایی رەوشتی كوردانە و چۆنیەتی وەستانەوە لە دژی پرۆسەی تەعریب فێری خوێندكارەكانیان بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بیری مرۆڤدۆستی و پێكەوەژیان لای خوێندكارەكانیان خۆشەویست بكەن و هانیان بدەن بۆ ئەوەی دووربكەونەوە لە توندوتیژیی.
- كچان و ژنانی كوردی كەركوك لە رێگەی بەشدارییكردنیان لە رێكخراوەكانی خوێندكاران و لاوان و رێكخراوەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی، مەترسییەكانی تەعریبكردنی كەركوك باسبكەن و كارێكی وابكەن گەنجان جۆش بدەن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو پرۆسە مەترسیدارەدا.

ژنان لە ماڵ، قوتابخانە، فەرمانگە جیاوازەكان، بارەگای حزبەكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان ئامادەییان هەیە، بۆیە دەتوانن هەر یەكەیان و لە شوێنی خۆیەوە رووبەڕووی پرۆسەی تەعریب ببێتەوە، نەوەستێ و پشوو نەدات لەپێناو پاراستنی ناسنامەی كەركوكی كوردان. ژنان لە رابردوودا زۆرینەی ئەو ئەركانەیان بەجێگەیاندووە، ئێستا قۆناغی نوێی تەعریب هەیە و پێویستە ژنانی كەركوك كارەكانیان چڕتر بكەنەوە لەو پێناوەدا.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan