نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ناسنامە كوردستانییەكەی پێش پۆستی پارێزگار

ناسنامەی كوردستانی بوونی كەركوك زیاتر پێویستی بە پاراستنێتی وەكو سەلماندنی، بۆ ئەوەی بە بەڵگەی خۆشیان بێدەنگیان بكەی بڕۆ ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی و دەزانێت ئەوانیش چاویان لە خێر و بێرەكەی بووە و بانگەشەی تورك بوون یان عەرەبی بوونی شاری كەركوكیان كەمتر كردووە، سەرۆك مام جەلالیش لە مورافەعە گەورەكەی ئەنجومەنی حوكم لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوكی بیر ئامادەبووان هێنایەوە كە خۆشیان بیریان بوو، بەڵام وەكو دەرفەتێك دەیانویست ناسنامە راستەقینەكەی بشێوێنن.

دەركەوت مادەی 140 "مەگەر لەكاتی خۆیدا جێبەجێ بكرایە"، ئەگینا چارەسەری دۆزی رەوای كەركوك ناكات، دواخستنی جێبەجێكردنیشی بارودۆخی كەركوكی ئاڵۆزتر كرد تا بینیمان ماوەیەكە ناوە ناوە باسی هەمواركردنەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراق دەكرێت و مادەی 140یش لە هەموو مادەكانی دیكە چاوی زۆرینەی شیعە و سوننەی لەسەرە.

حكومەتی عیراق، ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی وەكو بیانوو بۆ داگیركردنەوەی بەكارهێنا و داگیریشی كردەوە، لە جاران خراپتر و بە بەرنامە هەم پرۆسەی تەعریب شاری كەركوكی دەستیپێكردووەتەوە، هەروەها بە سەربازگەكردنی شارەكە و دەوروبەریشی بووەتە كارێكی رۆژانەیان و چالاكییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیش بیانوویەكی باشە بۆ ئەوەی ئەو كارە بكەن. هەروەك نەبوونی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە هەڵوێستی كوردی لاوازكردووە و ئەگەر خەمێكی لێنەخۆن، ئەوا ساڵانی زۆر نابات تەعریب سیمای شارەكە بەتەواوی دەشێوێنێ‌.

بوونی پارێزگارێكی كورد لە كەركوك گرنگی و كاریگەریی هەیە، بەڵام بەتەواوی ناتوانێ رێگە لە تەعریبی فراوان بگرێ، بەڵكو گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و چالاككردنەوەی هەوڵەكانی كورد و جۆشدانەوەی رۆحی كوردایەتی و دانانی ستراتیژێك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەنجامدانی چەندین پرۆژەی نەتەوەیی و رۆشنبیریی، هەنگاو و كاری گرنگن و دەبێ ئەنجام بدرێن.
 
پارێزگای كورد هێز و پاڵپشتیی دەوێ، قۆناغی یەكەمی ئەو كارە ئەوەیە حزبەكانی كوردستان بەرژەوەندییەكانیان بەلاوە بنێن و رۆژێك زووترە پارێزگارە عەرەبەكەی ئێستا كە بەشێكی سەرەكییە لە ئازاردانی كورد و پرۆسەی تەعریب دووربخەنەوە و سیاسەتی پێكەوەژیان پەیڕەوبكەن و ناسنامەی كوردستانییەكەیشی بپارێزن.
گەڕانەوە بۆ كەركوك بریتی نییە لە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار لەلایەن كوردەوە، پێش ئەوە گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ سنووری پارێزگای كەركوك، دواتر پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی كراوەی رۆشنبیری و ئابووری و پەروەردەیی كە پاڵپشتی پاراستنی ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك بكات و تەعریبی نەگریس نەك بووەستێنێ‌، بەڵكو ئاسەوارەكەیشی بسڕێتەوە، باشترە چی زووترە ئەو هەنگاوانە بنرێ. 

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan