نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

دۆکیۆمێنتکردنی چیرۆکەکانی کەرکوک

لە مێژووی داگیرکردنی کەرکوک و پێش دروستبوونی دەوڵەتی بەزۆر دروستکراوی عیراقیشەوە، دەیان تاوان لەو شارە ئەنجامدراون و بوونەتە چیرۆکی پەنھان و ئاشکرای ژیانی خەڵکی شارەکە، رەنگە ھەشیان بێت بەھۆی تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەریدا لەناوچووبێت و دۆکێۆمێنتکردنی ئەستەم بێ.

لەبەرئەوەی کورد زۆرینەیە لە شارەکە و خاوەنی راستەقینەی کەرکوکە، بۆیە زۆرینەی تاوانەکانی سەر دانیشتوانی شارەکە، کوشتن و بڕین و جینۆسایدکردنی خەڵکەکەی، تەبعیس و تەعریبی شارەکەش ھەر لەسەر کورد جێبەجێکراون، کە زۆرینەیان ھێشتا لە بیرەوەریی خەڵکی شارەکەدا.

دۆکیۆمێنتکردنی رووداو و چیرۆکە تراژیدییەکانی سەر کورد و کەرکوک و ناوچە کودستانییەکانی دیکەیش بۆ ئێستا و داھاتووش گرنگی زۆریان ھەیە، ئەرکی گرنگی وا شایانی پشتگوێخستن نییە، بەڵکو بەڵگەی گرنگن و زێڕی رەشن بۆ سەلماندنی ئەوەی کورد لەسەر خاکی کەرکوکی کوردان چۆن جینۆسایدکراوە و ھێشتاش ھەر ئەوە کوردە داوای پێکەوەژیان و ئاشتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێوان خۆی و کەمینەکانی دیکەی کەرکوک دەکات.

بەعس بۆ ئەوەی کورد بێدەنگ بکات زۆر سیاسەتی لەسەر تاقیکردەوە، چیرۆکی تەعریبکردنی زمانی کوردی و بە عەرەبیکردنی خوێندن بە عەرەبی لە عیراق و کەرکوک دوور نییە و شایەتحاڵی زۆری لەبارەوە ھەیە، ئەمە لەگەڵ مافی مرۆڤ و جیھانی ئازاد پێچەوانە بوو، لووتکەی ستەم ئەوەیە نەتەوەیەک ناچار بکەی واز لە زمانی خۆی بھێنێت و بە زمانەکەی تۆ بخوێنێت و قسە بکات.

یادکردنەوەی بۆنەکان و قەدەغەکردنی جلی رەش و ھێشتنەوەی ریش لە گەنجە کوردەکان، سیاسەتی نادروستی بەعس بوو لە دژی کورد، سەرئەنجام سەری خۆشی خوارد و لە ساڵی 2003 ژیانی سیاسیی ناشیرینی کۆتاییھات.

زیندانەکانی کەرکوک ترسناک بوون، لەوەشدا بەعس بەرانبەر کورد دۆڕاندی، ئامانجی بەعس بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی کورد و ناچارکردنی بەژێردەستەتی بوو، کەچی ھەر کوردێک دەخرایە زیندان یان دەگەیشتە پلەی شەھادەت یان زیندانی دەکردە قوتابخانەی کوردایەتی یان ھێندە ئازایانە رووبەڕووی جەلادەکان دەبووەوە، لێی بێھیوا دەبوون و ئازادیان دەکرد.

دەتوانی چەندین بەڵگە فیلم تەنھا لەسەر دروشمەکانی کوردایەتی، شۆڕش، ئازادی، نەفرەتکردن لە ستەم، فیداکاریی لەپێناو کوردستان کە لەسەر دیواری زیندانەکان دەنووسران، بەرھەم بھێنرێن، جەخار کە تائێستا نەکراون.

دایکان و کەسوکاری پێشمەرگە چۆن ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەدران، فرمێسکی قەتیسماوی چاوی خوشکانی دەروون پڕ خەمی شەھیدان، ئەی بەڵگەدارکردنی ھەناسەی پڕ سوێی باوکان کە لەتاو فیراقی کوڕەکانیان بەدەم تەسبیحاتەوە لەسەر جێگەکەیان تا درەنگانی شەو خەویان لێ نەدەکەوت بۆ مێژوو گرنگ نین وا تائێستا نەکراون؟

لە ئەنجامدانی ئەرکی نیشتمانیی بەڵگەدارکردنی چیرۆکە مەرگەساتاوییەکانی کەرکوک، زۆر درەنگ کەوتووین، حەقە لە سبەینێوە دەستپێبکەین.


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan