کوردستانی

نازم دەباخ: ئێران دوایین پەیامی بە لایەنە کوردستانیەکان داوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


نازم دەباخ: ئێران دوایین پەیامی بە لایەنە کوردستانیەکان داوە
مەودا میدیا-

ئێران چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکانە سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق، نوێنەری هەرێم لە تاران جەخت دەکاتەوە ئەگەر بە زیانی ئێران پرۆسەکە تەواوبێت ئەوا حکومەتەکەی تاران بێ وەڵام نابێت.

نازم دەباخ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە ئێران پەیامی داوە بە لایەنە کوردستانییەکان کە نەبنە هۆی تێکچوونی نێوماڵی شیعەی عیراقی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە "ئێران قبوڵی ناکات هەژمووی لە عیراق کەمبکرێتەوە یان نەهێڵدرێت، ئامرازی ئەو هەژموونەش لایەنە شیعییەکانن، بۆیە هەر هەنگاوێک دژی ئەوان لەوانەیە کێشە دروستبکات".

سەبارەت چۆنییەتی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، نوێنەرەکەی حکومەت مەترسییەکانی خۆی ناشارێتەوە و دەڵیت "لەوانەیە کاردانەوەی سیاسیی یان سەربازیی بێت".

ئەمە لەکاتێکدایە کە بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی عیراق، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو تاکە لایەنی کوردستانی، هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدرو و حەلبوسی بەستووە و لایەنەکانی تریش هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە.

چاودێرانی سیاسیی باس لەوە دەکەن کە ئەو هاوپەیمانێتییەی پارتی تێدایە کار بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران دەکات و لەلایەن وڵاتانی کەنداو و ئەمەریکاوە ئاراستە دەکرێت.

ب.م

Qaiwan
Qaiwan