کوردستانی

وەزارەتى خوێندنى باڵا: بەبێ کارتى ڤاکسین مامەڵەى هاوڵاتییان راییناکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتى خوێندنى باڵا: بەبێ کارتى ڤاکسین مامەڵەى هاوڵاتییان راییناکرێت
مەودا میدیا-

 لە مانگى داهاتووه‌وه‌ هاوڵاتییان لەکاتی سەردانی کردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان دەبێت کارتى وەرگرتنى ڤاکسینیان پێبێت، بەپێچەوانەوە رێگەیان پێنادرێت سەردانى وەزارەت بکەن بۆ راییکردنى مامەڵەکانیان.

وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "بە بڕیارى سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەى باڵاى رووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا، چەند بڕیارێک بۆ پاراستنی سەلامەتیى گیانی ھاوڵاتییان و فەرمانبەران و مامۆستایان لە دامودەزگاکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکرا".

هه‌ر به‌پێی بڕیاره‌كانى خوێندنى باڵا، ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت کە خۆیان ڤاكسینكردووه‌، پێویستە تا رۆژى پێنجشەمە رێکكەوتى 27ی کانوونی دووەمی 2022 وێنەیەک لە ناسنامە یاخود کارتى ڤاکسین بۆ دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى/ بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستى و سەلامەتى لە دیوانى وەزارەت بنێرن.

ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت خۆیان ڤاكسیننه‌كردووه‌، بەبێ تێستى کۆرۆنا کە 48 كاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبووبێت، رێگەى پێنادرێت بێتە دەوام و بە نەهاتوو هەژماردەکرێت، لە رۆژى دەرچوونى ئەم نووسراوەوە، له ‌بڕیارێكى دیكه‌دا هاتووه‌، لە دواى رێکەوتى 1/2/2022 بەدواوە هیچ کەسێک رێگەى پێنادرێت سەردانى وەزارەتەکە بکات بەبێ هەبوونى کارتى ڤاکسین یان ئەنجامدانى تێستى کۆرۆنا کە 48 کاتژمێرى بەسەردا تێپەڕنەبووبێت.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan