کوردستانی

یەکێتی بۆ پارتی: ئەجێندایەكی تەمومژاویتان هەبوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەکێتی بۆ پارتی: ئەجێندایەكی تەمومژاویتان هەبوو
مەودا میدیا-

وته‌بێژى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ڵامى پارتى ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت "پێشوەخت پارتی ‏دوور لە یەكڕیزیی كوردستانی، لەگەڵ چەند لایەنێك رێككەوتنی كردووە، كە خزمەت ‏بە ‏مافە دەستوورییەكان و قەوارەی هەرێمی كوردستان ناکات، دووپاتیشیدەكاتەوە، بەرهەم ‏ساڵح بە رەزامەندی زۆر لایەنی دیکەی عیراقی و کوردستانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ‏عیراق دیاریكردووه‌".‏

ئه‌مین بابه‌شێخ، وته‌بێژى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وەڵامی ‏راگەیەندراوێكی وتەبێژی ‏پارتی دەداتەوە لەبارەی پرسی سەرۆك كۆمار و یەكڕیزیی ‏لایەنە كوردستانییەكان و دەڵێت "لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ‏هەوڵەكانمان ‏بۆ ئەوە بوو بەیەكڕیزی و پڕۆژەیەكی یەكگرتووی نیشتمانییەوە لەگەڵ ‏لایەنە سیاسیەکانی ‏عیراق بە شیعە و سوننەوە بچینە بەغداد، بەڵام بەداخەوە پێشبینی ئەوە ‏دەكرا پێشوەخت ‏پارتی لەگەڵ چەند لایەنێكی دیکەدا بەبێ ئاگاداریی ئێمە و لایەنەکانی تر ‏چووبوونە ناو ‏رێككەوتنێكەوە، كە بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە پرۆسەی سیاسی لە عیراق ‏و ‏مافە دەستوورییەكان و قەوارەی هەرێمی كوردستان ناکات".

جەختیشیکردووەتەوە "وەفدەكانی پارتی بە ناوەڕۆكێكی ‏تەمومژاویەوە ‏دەهاتن بۆ كۆبوونەوەكان، بە بیر پارتیشی دەهێنینەوە كە هیچ رێككەوتنێكی ‏كۆنكرێتیمان ‏لەگەڵیان نەبووە، چونكە خۆیان هەلی وایان نەڕەخساند و دەیانوویست ‏رێككەوتنێكی ‏ناشەفافمان لەگەڵ بكەن".

ئەمین بابە شێخ لەبارەی دووبارە كاندیدكرنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی ‏سەرۆكایەتی، ‏وتویەتی، "پێداگریمان بۆ ئەوەیە كە ئەو وەك پارێزەری دەستووری عیراقی ‏فیدراڵ و ‏پارێزەری بەرژەوەندییەكانی گەلانی عیراق و قەوارەی هەرێمی كوردستان ‏دەبێت، وەك ‏چۆن هەمیشە نوێنەرانی دیکەی یەكێتیی نیشتمانی لە بەغدا بەپێی دەستوور ئەم ‏ئەركەیان ‏جێبەجێكردووە".  دەشڵێت "كاندیدی پەسەندكراوی خۆمان بەڕەزامەندی زۆر ‏لایەنی دیکەی ‏عیراقی و کوردستانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق دیاریكردووە".

ده‌قی وەڵامەكەی وتەبێژی یەكێتی بۆ پارتی: ‏

‏”کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان كە دوێنێ 23ی ‏کانونی دووەمی 2022، بۆ ڕای گشتی كوردستانیی بڵاویكردەوە، خستنەڕووی ‏ڕاستییەكانی تێدابوو ،چونكە لە دانوستاندنەكاندا هەر لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی ‏هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ساڵی پارەوە هەوڵەكانمان بۆ ئەوە بوو بەیەكڕیزی و ‏پڕۆژەیەكی یەكگرتووی نیشتمانییەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە و ‏سوننەوە بچینە بەغداد، بەڵام بەداخەوە پێشبینی ئەوە دەكرا پێشوەخت پارتی لەگەڵ چەند ‏لایەنێكی تردا بەبێ ئاگاداریی ئێمە و لایەنەکانی تر چووبوونە ناو ڕێككەوتنێكەوە، كە ‏بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە پرۆسەی سیاسی لە عیراق و مافەدەستوریەكان و قەوارەی ‏هەرێمی كوردستان ناکات.‏

هەر لەسەرەتای ئەو كۆبوونەوانەوە ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی و وەفدەكانی یەكێتیی ‏نیشتمانیی کوردستان بە دەسەڵاتی تەواو و بە بڕیاری سەربەخۆی نیشتمانیەوە لەگەڵ ‏پارتی دا گفتوگۆیان دەكرد دوور لە پرەنسیپەکانی تاکڕەوی و قۆرخکاری له پرۆسەی ‏بڕیاردانی سیاسیدا.‏

بەڵام بەداخەوە ئەوە وەفدەكانی پارتی بوون، کە بە ناوەڕۆكێكی تەمومژاوییەوە دەهاتن بۆ ‏كۆبوونەوەكان.‏

هەر لێرەدا بە بیر پارتی دیموكراتی كوردستان دەهێنینەوە، كە هیچ ڕێككەوتنێكی ‏كۆنكرێتیمان لەگەڵیان نەبووە، چونكە خۆیان هەلی وایان نەڕەخساند و دەیانوویست ‏ڕێككەوتنێكی ناشەفافمان لەگەڵ بكەن.‏

بەشدارینەكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لەیەكەم دانیشتنی عێراق لەبەر هەڵوێستی پارێزگاری ‏كەركوك بەوەكالەت (ڕاكان جبوری) و كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بوو و ‏ھیچ پەیوەندیی بەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە نەبووە.‏

لەبارەی دووبارە كاندیدكرنەوە ی سەرۆك بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی، ‏پێداگریمان بۆ ئەوەیە كە ئەو وەك پارێزەری دەستووری عێراقی فیدراڵ و پارێزەری ‏بەرژەوەندییەكانی گەلانی عێراق و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبێت، وەك چۆن ‏هەمیشە نوێنەرانی تری یەكێتی نیشتمانی لەبەغداد بەپێی دەستوور ئەم ئەركەیان ‏جێبەجێكردووە.‏

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لەگەڵ یەكڕیزی ماڵی كور د بووە و هەوڵی ‏بەردەواممان دووپاتكردووەتەوە بەڵام كە دڵنیابووین پارتی بەئەجێندایەكی تەم و مژاوی ‏هاتە ناو دانوستانەكان و نێو پرۆسەی سیاسی عێراقەوە هەستمان كرد ئەو هەوڵانە ‏مەترسیدار دەبن و خزمەت بەپرۆسەی دیموكراسی و مافە دەستووریەكانی گەلانی عیراق ‏و قەوارەی هەرێم ناكات، بۆیە ئێمەش لەڕوانگەی بڕوای نەگۆڕو چەسپاومان بەڕێكارە ‏دەستووری و دیموكراتییەكان لەپرۆسەی سیاسی عێراق كاندیدی پەسەندكراوی خۆمان و ‏بەرەزامەندی زۆر لایەنی تری عێراقی و کوردستانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ‏دیاریكرد.‏


لە کۆتاییدا دووپاتیدە کەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ‏هەمیشە بڕوای بە پرەنسیبی دیالۆگ و دانوستاندن نەگۆڕە و ئێستاش لە پێناوی ‏بەرژەوەندیی گشتی دەرگای ئەو بژاردەیەمان دانەخستووە، بەمەرجێ بۆ ڕێککەوتنێکی ‏کۆنکرێتی بێت.‏

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan