کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ئەم مەبەستە لە بەغدایە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ئەم مەبەستە لە بەغدایە
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

 شەوی رابردوو شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، گەیشتە بەغدا، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش دەڵێت "ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لە گەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی عیراق بۆ سەرخستنی دکتۆر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق و داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا".

لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا بە زۆرینەی دەنگ دکتۆر بەرهەم ساڵح وەک کاندیدی حزبەکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق دیاریکرا، بۆ ئەو مەبەستەش شەوی رابردوو بافڵ جەلال تاڵەبانی بە ‏سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای یەكێتی گەیشتە بەغدا، سەبارەت سەردانەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "شاندەکەی یەکێتیی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی عیراق گفتوگۆ دەکات بەمەبەستی سەرخستنی کاندیدی حزبەکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق کە دکتۆر بەرهەم ساڵح-ە".

ئاماژەی بەوەشکرد "مەبەستێکی دیکەی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق و داکۆکیکردن لە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا".

جەختی لەوەشکردەوە "یەکێتی هەموو هەوڵێکدەدات بۆ سەرخستنی کاندیدەکەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و چونکە ئەو پۆستە ئیستیحقاقی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان-ە".

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan