کوردستانی

تەرمی نۆ کۆچبەر دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


تەرمی نۆ کۆچبەر دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان
مەودا میدیا-

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایدەگەیەنێت لە چەند رۆژی داهاتوودا تەرمی نۆ کۆچبەری دیکە دەهێنرێنەوە هەرێمی کوردستان کە لە دەریای ئیجەدا بوونەتە قوربانی.

شێخ حسێن حەمە ساڵح، نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە لە یۆنان رایگەیاند "بڕیارە تەرمی چوار لە قوربانیانی دەریای ئیجە لە رێکەوتی 27ی کانونی دووەمی 2022 لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بەڕی بکرێن و لە ئێوارەی 29ی کانونی دووەمی 2022 بگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە".

نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە وتیشی "تەرمی پێنج لە قوربانیانی ئەو رووداوەش لە گەشتی دووەمدا و لە رێکەوتی 29ی کانونی دووەمی 2022 لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بەڕێدەکرێن ئێوارەی 1ی شوباتی 2022 دەگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر".

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاند "ئەم نۆ کۆچبەرە کە سەرجەمیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن و هەشت کۆچبەریان لە رەگەزی مێ و یەک کۆچبەریش لە رەگەزی نێر لە دەرئەنجامی ژێر ئاوکەوتنی یەختێک لە رێکەوتی 23ی کانونی یەکەمی 2021 لە دەریای ئیجە نزیک دوورگەی ئاتیکیثیرای یۆنان گیانیان لەدەستداوە و (57) کۆچبەریش رزگاربووی رووداوەکە بوون".

سەرۆکی دەزگای لوتکە وتی "لەلایەن دەزگای لوتکە لە ساتی رووداوەکەدا فایلی تایبەت بۆ قوربانیان ئەو رووداوە کراوەتەوە و رادەستی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها لەلایەن شێخ حسێن حەمە ساڵح نوێنەرایەتیی دەزگای لوتکە و کۆمپانیای جێبەجێکار سەردانی رزگاربووی ڕووداوەکە کراوە لە کەمپی (ئەمێک دەلێدەن) لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە وە بریکارنامە لە کەسوکاریان قوربانی وەرگیراوە بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان".

ئاری جلال وتیشی "تێچووی گەڕانەوەی تەرمەکان لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە"، هەروەها سەبارەت بە رووداوی 21ی کانونی یەکەمی 2021 ئاری جەلال ئاماژەی بەوەکرد "سەرجەم رێکارە یاساییەکان گیراونەتەبەر و چاوەڕوانی دەرئەنجام چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە بیسەروشوێنن".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan