کوردستانی

روونکردنەوەیەک لەسەر نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەم مانگە

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونکردنەوەیەک لەسەر نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەم مانگە
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

لەبارەی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەم مانگە، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن نرخی هەر ئەمپێرێک دەگاتە 20 هەزار دینار و وتیشی "تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەک لە قایمقامییەت نەکراوە بۆ دیاریکردنی نرخەکەی".

لە سۆشیاڵ میدیا و بەشێک لە پێگە هەواڵییەکان وابڵاوکرایەوە کە بۆ ئەم مانگە نرخی موەلیدە ئەهلییەکان لەشاری سلێمانی دەگاتە 20 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک، لەسەر ئەو بابەتە تاریق محەمەد، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو نرخانەی بڵاوکراونەتەوە هیچی راست نییە و فەرمی نییە، چونکە تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەک لە قایمقامییەت ئەنجام نەدراوە بۆ دیاریکردنی پارەی ئەمپێری موەلیدەکان بۆ ئەم مانگە".

ئاماژەی بەوەشکرد "رەنگە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی قایمقامییەتی سلێمانی ئەنجامبدرێت بۆ دیاریکردنی نرخی ئەمپێرەکان بۆ ئەم مانگە و ئەوکات رادەگەیەندرێت".

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای نییە بڕی پێویستی کارەبای نیشتیمانی بۆ هاوڵاتییان دابینبکات، بۆ ئەو مەبەستەش پشت بە کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان دەبەستێت بۆ پڕکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا بۆ هاوڵاتییان، ئەم مانگەش بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی پێدەچێت نرخی ئەپێرەکانی موەلیدە ئەهلییەکان لە هەندێک شوێن بۆ سەروی 20 هەزار دینار بەرزببێتەوە.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan