خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

نۆبڵی ئاشتی بۆ ئەردۆغان

1
بەپێی ماڵپەڕی زەمەنی توركی، عەبدولقادر سێلگیی رۆژنامەنووسی نزیك لە حكومەتی پارتی داد و گەشەپێدان- ئەكەپە وتوویەتی، مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەكەپەدا رایگەیاندووە: رەجەب تەیب ئەردۆغان شایانی ئەوەیە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بدرێتێ لەپای هەوڵەكانی بۆ كۆتاییهاتن بە شەڕی ئۆكرانیا و رووسیا.

2
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی چەندین مەرج و رێوشوێنی هەیە كە پێویستە لەو كەسانەدا هەبن بەربژێر دەكرێن بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە، لەوانە "كاری زۆری بۆ بەدیهاتنی ئاشتی كردبێت، هەروەها رێگربووبێت لە هەوڵەكانی بڵاوەپێكردنی سوپا و كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی، سازكەری چەندین كۆڕبەندی ئاشتی بووبێت".
ئەم پێوەرانە لە وڵات بۆ وڵاتێك یان لە سەركردەیەك بۆ سەركردەیەكی دیكەوە دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەگەر سەرۆكی وڵاتێك كار بۆ ئاشتی جیهانی بكات، بەڵام بكوژی خەڵكی وڵاتەكەی خۆی بێت چی؟

3
لە دروستبوونی كۆماری توركیاوە، دۆزی كورد بوونی هەیە، مێژووی توركیا پڕە لە كۆمەڵكوژی، بەلایەنی كەمەوە كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان و كورد دیارترین دوو نموونەن كە لە سەدەی بیستەمدا ئەنجامدراون. لە سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغانیشدا بەهەمان شێوە كورد كۆمەڵكوژ كراوە، كۆمەڵكوژی رۆبۆسكێ لە ساڵی 2011 كە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە هێرشكرایە سەر گوندنشیانی رۆبۆسكێی سنووری شڕناخ و بەهۆیەوە 34 كەس كوژران كە 19 منداڵی تیادابوو. دوای 10 ساڵی هێشتا سەرۆك كۆماری توركیا سزای ئەنجامدەرانی ئەو كۆمەڵكوژییەی نەداوە، چاوەڕوانیش ناكرێ كاری لەو شێوەیە بكات.

4
پێش ئەوەی سەرۆك ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر بكرێت، حەقە داگیركردنی عەفرین و جینۆسایدكردنی دار زەیتوونەكانیش وەبیربهێنرێتەوە، كوشتنی خەڵكی سڤیلی رۆژئاوای كوردستان لە سەرێ كانی و گرێ سپی، پاڵپشتیكردنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و بەرەی نووسرە و سوپای سوریای ئازاد كە هەموویان بەشداریی كۆمەڵكوژكردنی كوردبوون.

5
داگیركارییەكانی رووسیا لەسەر خاكی ئۆكرانیا و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە چەندین شارۆچكە و گوندی ئەو وڵاتە دەبێتە بەڵگە لەسەر دڕندەیی ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی رووسیا و سوپاكەی، بەڵام نابێتە بەڵگەی ئاشتیخوازیی سەرۆك ئەردۆغان، چونكە فاكت و بەڵگەكان پێچەوانەی ئەوە دەسەلێمنن كەوا سەرۆك ئەردۆغان سەركردەیەكی ئاشتیخوازبێت، مەگەر ئاشتی ببێتە هۆكارێك بۆ چنینەوەی دەستكەوتی كەسی بۆ خۆی.

6
پێوەری ئاشتیخوازی پەیوەندی بە شوێن و كاتەوە نییە، ئەمە مانای ئەوەیە نابێت وەكو سەرۆك ئەردۆغانی بی، داوای ئاشتی بۆ فەلەستینییەكان بكەی و خۆشت كوردی وڵاتەكەی خۆت جینۆساید بكەی، دژی هێرشی رووسیا بیت بۆ سەر ئۆكرانیا و خۆشت سوپا بنێرێت بەشێكی رۆژئاوای كوردستان داگیربكات، دژی دەستتێوەردانی دەرەكی بووەستیتەوە و چەندین هەزار سەربازیشت لە لیبیا ئاگری شەڕی ناوخۆیی گەرم بكات.

7
پێوەری باسوخواسەكەی مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لەبارەی هەوڵدان بۆ بەربژێركردنی ئەردۆغانەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، راست و دروست و واقیعی نییە، دەیان هۆكاری جیاوازی هەن، لەوەشگەڕێ‌ بە هەڵسەنگاندنی زۆردا دەڕوات و ئاسان نییە خەونی وابێتەدی، رەواش نییە ئەردۆغان بچێتە ریزی ئورهان پاموكەوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan