نەرمین عوسمان
شۆڕش؛ ئومێد بۆ دنیایەکی باشتر
شۆڕش، لە واتا سیاسییەکەیدا بریتییە لە گۆڕینی دامەزراوەی سیاسی و دەسەڵات. دەستەواژەیەکی سیاسییە، مانای دەرچوونە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی جیاواز لەوەی کە لە ئارادایە؛ ئەویش بە گۆڕینی دەسەڵات بۆ دەسەڵاتێک کە بتوانێت مافەکان فەراهەم بکات. بە واتایەکی تر: راپەڕینە دژی دەسەڵاتێکی زاڵم و نادادپەروەر، یاخود بێگانە و خۆسەپێن، یاخود تاکڕەو و بنەماڵەیی لە تێڕوانینی ئەو کەسانەی کە هەڵدەستن بەو کارە.
شۆڕش چەندین جۆری جیاوازی هەیە، بەڵام دەتوانین پۆلێنی بکەین بۆ دوو بەشی بنەڕەتی یان سەرەکی: شۆڕش دژی داگیرکەرێکی بێگانە و ئیستیعمار، شۆڕش دژی دەسەڵاتێکی خۆیی خۆسەپێن و نادادپەروەر. سەبارەت بە پۆلێنی یەکەم، ئەو شۆڕشانە زیاتر لە مێژووی کۆندا روویان داوە، بەهۆی بوونی بیری ئیستیعماری لە کۆندا، هەروەها بەهۆی هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم و مەیلی فراوانخوازیی ئیمپراتۆر و دیکتاتۆرەکان، کە لە سەردەمانی زوو چەندین شارستانیەت و ئیمپراتۆریەت بەهۆیەوە لەناوچوون. بەشێوەیەکی گشتی، ئەم جۆرە شۆڕشە شۆڕشی خوێناوی و توندوتیژ بوون، جگە لە شۆڕشە ناتوندوتیژەکەی گاندی لە هیندستان دژ بە ئینگلیزەکان، کە زیاتر مۆرکی شۆڕش لە جۆری دووەمیانی بەسەردا زاڵە، وەک: بایکۆت و خۆپیشاندان و بەرهەڵستیی ناتوندوتیژانە، دەنا زۆربەی شۆڕشەکان کە مەبەست لێیان بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی بووە، شۆڕشی چەکداری بوون.
سەبارەت بە شۆڕش لە جۆری دووەم؛ شۆڕشی چینی زۆرینە و چەوساوەی کۆمەڵگە بووە دژ بە چینی کەمینەی دەسەڵاتی خۆسەپێن، کە شۆڕشی فەرەنسی لە 1789، بە سەرتۆپی ئەو شۆڕشانە و وەرچەخانی مێژوویی دادەنرێت. شۆڕشی بەلشەفیکی رووسییش، یەکێکی ترە لە شۆڕشە گەورەکان کە جیهانی بەسەر دوو بلۆکدا دابەش کرد (بلۆکی سۆسیالیستی و سەرمایەداری)، هەروەها شۆڕشی چین و شۆڕشی ئێران، کە ئەمانە شۆڕشی توندوتیژ بوون و مەبەست لێیان گۆڕینی کۆی سیستمی حوکمڕانی بووە... نموونەیەکی تری هەمان شۆڕش، کە ئاشتییانەیە و بێ توندوتیژی کراوە و مەبەست لێی گۆڕینی کۆی سیستمی حوکمڕانی نەبووە، بەڵکو تەنیا گۆڕینی ترۆپکی دەسەڵات بووە، وەک: شۆڕشی لە دەسەڵاتخستنی نیکۆلای چاوچیسکۆ لە رۆمانیا و شۆڕشی پرتەقاڵی لە ئۆکرانیا، هەروەها خۆپیشاندانەکانی سەرەتای بەهاری عەرەبی کە دواتر بەهۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان و دەستتێوەردانی دەرەکی و جیهانییەوە لە مەبەست و رێڕەوی خۆی دوورکەوتەوە.
جۆرێکی تری شۆڕش، گرووپێکی سەربازیی نێو دەسەڵات دژ بە دەسەڵات و کەسی یەکەمی دەسەڵات، یان کۆی سیستمەکە ئەنجامی دەدەن، کە پێی دەوترێت "کودەتا". بۆ نموونە؛ کودەتای گۆڕینی دەسەڵاتی عیراق لە مەلەکیەتەوە بۆ کۆماری لە 1958، هەروەها ئەو شۆڕشانەی لە ئەمەریکای لاتین لە ساڵەکانی پەنجاکان و شەستەکان روویان دا.
هەندێک لە زانایانی بواری رامیاریی ئەم سەردەمە، راپەڕینە جەماوەرییەکان بە رێگەی ئاشتییانە، وەک: خۆپیشاندان و بایکۆت، بە شۆڕش لە قەڵەم دەدەن.
زۆربەی شۆڕشەکان رەوتی مێژوویان گۆڕیوە، هەرچەندە رەنگە ئامانجەکانیان بەتەواوی نەپێکابێت، یاخود هەر سەرنەکەوتبن... لەگەڵ ئەوەش، نە سەرکەوتن کۆتاییە و نە شکست ئەبەدییە.
سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی شۆڕشەکان، لەسەر چەندین هۆکار بەندە، هۆکارە ناوخۆییەکان و هۆکارە دەرەکییەکان، هەروەها ئەو بەرنامە و ستراتیژ و تاکتیکەی بۆ گۆڕانکارییەکان دەیگرنەبەر، هەموو ئەمانە بەیەکەوە کاریگەرییان لەسەر کاتی گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕش هەیە.
شۆڕشی بەلشەفی (ئۆکتۆبەر)ی رووسی، لە ساڵی 1917، 47 ساڵی خایاند تا سەر کەوت، لەگەڵ ئەوەش، هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991، نیشانەیە بۆ نەگەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر. سەبارەت بە شۆڕشی چینیش لە 1949، هەمان شتە، دەبینین چین بەرەو سەرمایەداریی سۆسیالیستی و تاکحزبی دەچێت.
بینیمان لە شۆڕشی رۆشنبیری و کولتووریی چین لە 1966 – 1969 چۆن توندوتیژی دژی دەسەڵات و لایەنگرانی پەیڕەو کرا، بە واتایەکی تر؛ نەیانتوانی ببنە پارتێکی نیشتمانیی.
شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979، دوای ماوەیەکی کورت خومەینی کەوتە دوورخستنەوەی مارکسییەکان و لیبڕاڵەکان. تەنانەت شۆڕشی فەرەنسیش لە 1789، کە بە سەرەتای شۆڕشە گرنگەکان دادەنرێت بەپێی لێکەوتە و گۆڕانکارییەکان، دەتوانین بڵێین سەرکەوتنی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە وەک ئەوەی لەپێناویدا کرا، هەر ئەو شۆڕشە 116 ساڵی ویست تاکوو گەیشتە بەشێک لە ئامانجەکانی.
ئەگەر سەیری بەشێک لەو شۆڕشە گرنگانەی جیهان بکەین کە سەرنەکەوتن، نموونەش زۆرن لە شۆڕشەکانی جووتیاران و دواتریش بۆرژواکان... دەبێتە هۆی نائومێدی، بەڵام لەگەڵ ئەمانەش، شۆڕش و شۆڕشکردن چەندین نیشانەی ئەرێنیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بەبێ شۆڕش مەحاڵە گۆڕان و دەستکەوت بەدەست بهێنین. هیچ شۆڕشێک نییە لە دنیادا بێ کەموکوڕی توانیبێتی هەموو ئامانجەکانی بەدی بهێنێت.
شۆڕشە ئاشتییەکانیش کە لە رێگەی خۆپیشاندان و بایکۆتەوە دەکرێن، وەک بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011 و دواتر، لە تونس، لیبیا، میسر، یەمەن و سوریا، نەیانتوانی هەموو ئامانجەکانیان بهێننە دی لە رووی چاکسازییەوە و سەدان هەزار کەس لەسەر شەقامەکان بوون، بەڵام لێیان کردنە پایزی عەرەبی.
هەندێک بنەما هەن بۆ شۆڕشکردن، لەوانە:
- ئەو مەنهەجەی کە پەیڕەوی دەکەن بۆ گۆڕانکاری، چۆنە؟ چەکدارییە، کودەتایە، یاخود ئاشتییانەیە...
- ئایا بۆ لابردنی دەسەڵاتە، یاخود بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی شۆڕشگێڕان و گەلە، یاخود بۆ سەربەخۆییە.
- لێکدانەوە و بەراوردکردنی توانای شۆڕشگێڕان و توانای دژەکانیان لە هەموو روویەکەوە و کێن ئەوانەی بەشداری لە شۆڕشەکەدا دەکەن.
- کاریگەرییە دەرەکییەکان.
- بەشداریکردنی گەل.
- کاتی گونجاو؛ بۆ دەستپێکردنی شۆڕش، هەروەها بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکان لە کاتی خۆیدا.
هۆکارەکان چین کە شۆڕشەکان، بەتایبەتی شۆڕشەکانی کوردستان، نەیانتوانیوە بگەن بە ئامانجەکانیان.
کوردستان حاڵەتێکی جیاوازی هەیە لە چاو گەلانی دیکە، کەوتووەتە ناوچەیەکی ئاڵۆزەوە، هەروەها دابەش بووە بەسەر چوار پارچەدا و هەر پارچەیەکیش دەسەڵاتداری رەگەزپەرست تێیدا باڵادەستە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی یەک لەدوای یەک و زۆربەی زۆریشیان شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە بگەنە ئامانج، وەک: شۆڕشی ئیسماعیل ئاغای شکاک (سمکۆ شکاک) لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، شۆڕشی شێخ مەحمود و راپەڕینەکان لە 1919 و سەرەتای دروستکردنی دەوڵەتی عیراق، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران 1925 و شۆڕشی ئاگری داغ (ئارارات) لە ساڵی (1929 – 1932) لە باکووری کوردستان، قازی محەمەد لە 1946، شۆڕشی بارزان لە (1943 – 1945) و شۆڕشی ئەیلول (1961 – 1975) لە دژی دەسەڵاتدارانی عیراق... ئەمانە و دەیان شۆڕش و جووڵانەوە نەیانتوانیوە سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بهێنن.
جگە لە هۆکارە جوگرافی و مێژووییەکان، هەندێک هۆکار و کەمتەرخەمییش هەن لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە، لەوانە:
- تێڕوانینی ستراتیژیی سەرکردەکانی شۆڕش روون نەبووە، جگە لە داواکارییەکانی ئەو سەردەمە نەبێت.
- هەڵەکردن لە دیاریکردن و ناسینی دۆستە ستراتیژییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بە زلهێزە جیهانییە کاریگەرەکانیشەوە.
- نەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی.
- لە کۆندا خێڵایەتی و ناوچەگەرێتی، لە ئێستاشدا جگە لەمانە، حزبایەتی و شەخپەرستی لە ئەولەویەتدا بوون.
- پەلەکردن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕش، کە دەبێتە هۆی ئەوەی لە پراکتیک و جێبەجێکردندا هەڵە روو بدات.
- ویستی بەزوویی گەیشتن بە ئامانجەکان و پەلەکردن لە گۆڕانکاری، لەگەڵ ئەوەی گۆڕانکارییەکان کاتیان پێویستە و زۆر جار لە تەمەنی مرۆڤ و دەسەڵاتدارەکان درێژترە.
- دەستنیشاننەکردنی ناحەز و دژەکانی شۆڕش.
- هێزە شۆڕشگێڕەکان و پارتە سیاسییەکان نەیانتوانیوە دۆخێکی گونجاو لە نێوان خۆیان و لە نێوان هاوڵاتیاندا فەراهەم بکەن و ئامانجەکان جێبەجێ بکەن، دەکەونە تەڵەوە و هەڵەی گەورە دەکەن و ئامانجەکانی شۆڕش لەبار دەبەن.
- دژەکان هەوڵی جدی دەدەن بۆ بەتاڵکردنەوەی بەهای ئامانجەکان و لە مەبەستی خۆی دووری دەخەنەوە. مەرج نییە دژەکانی شۆڕش تەنیا لە بەرەی دوژمن بن، رەنگە دژی گۆڕانکارییەکان بن و ترسیان هەبێت لەوەی بەرژەوەندییەکانیان لەدەست بچێت.
- بەلاڕێدابردنی ئامانجەکانی شۆڕش لەلایەن هەلپەرستانەوە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان.
- باوەڕێکی کوێرانەی بەشێک لە گەنجان بە سەرکردەکانیان، یاخود بە پارتەکانیان.
- ناکۆکییە ناوخۆییەکان و هەوڵی لادان و لەناوبردنی لایەنی بەرانبەر.
- ناکۆکی لەسەر شتی لاوەکی و دوورکەوتنەوە لە ئامانجە سەرەکییەکان.
- جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی هاوڵاتی.
- تێکدانی ئەو دامودەزگایانەی پێش شۆڕش هەبوون بە باش و خراپیانەوە. گرنگی نادەن بەوە کە ئایا ئەو دامودەزگایانە لە بەرژەوەندیی دەسەڵات بوون، یاخود بۆ خزمەت و بەڕێکردنی کاروباری هاوڵاتیان.
ئەم هۆکارانە مەرج نییە لە هەموو بزووتنەوەکاندا وەک یەک بن، بەڵکوو بۆ هەر بزووتنەوەیەک هەندێک فاکتەری مێژوویی هەبووە لەو کاتەی کە بزووتنەوەکەی تێدا بەرپا کراوە.
پرسیارێکی تر لەناو خەڵکدا دەورووژێت: ئایا خۆپیشاندان شۆڕشە؟ دەتوانێت دەسەڵاتداران لەسەر کورسییەکانیان لابدات؟
خۆپیشاندانی بچووک و بەشداربووی کەم، یاخود تایبەت بە چینێک یان کۆمەڵە و گرووپێک، شۆڕش نییە، بەڵکوو میکانیزمێکی واقیعییە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی شۆڕش، واتا؛ جموجووڵێکی رەوایە تا ئەو کاتەی ژمارەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە نەگاتە (3.5%) لە کۆی گشتیی دانیشتووان، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لە زانکۆ هارڤەرد لەلایەن "شیتد روس"ەوە ئەنجام دراوە. نموونەش زۆرن؛ خۆپیشاندان دژی حزبی شیوعی ئەڵمانیای رۆژهەڵات لە پەنجاکاندا کە تەنیا لە سەدا دووی هاوڵاتیان بەشدار بوون، نەیانتوانی گۆڕانکاری بکەن.
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئاماژە بەوەش بکەم کە جگە لەو جۆرەی شۆڕشی کرداری و ماتریاڵی، جۆرێکی تری شۆڕشی ئایدیاڵی، فکری، رۆشنبیری، ئابووری، پیشەسازی و تەکنەلۆژیی... هەیە، کە سەرەڕای ئەوەی ئەمانە فاکتەرێکی گرنگی شۆڕشە ماتریاڵییەکانن، خۆشیان لە ناو خۆیاندا جۆرێکن لە شۆڕش و بە کاوەخۆ کار لەسەر مرۆڤ بە گشتی و کۆمەڵگە و نەوەی داهاتوو دەکەن و ئامادەیان دەکەن بۆ دنیابینییەکی نوێ بۆ ژیان بەگشتی و شێوازی دەسەڵات بەتایبەتی.
خ. ر.
خ. ر.