د. ساماڵ مانی

د. ساماڵ مانی

حزبەکان ئەرکی سەرشانیانە ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن

گرنگ نییە لە پرسە سیاسییەکانیتردا تاچەند فڵان حزب و فیسار حزب باش ئیشدەکات لە مەسەلەی نەوت و گومرگ و باج و مووچە و گەندەڵی و پێشخستنی  ژنی ناو حزبەکەی خۆیان، چونکە کە دێتە سەر پرسی ژن گرنگ نییە ئاراستەی حزبەکان بەرەو ئاڵای شۆڕشی باشووری کوردستان بێت یان کوردستانی باشوور یان کوردستانی عیراقی عەرەبی. هەرچۆنێکی لێکیبدەیتەوە و بە هەر لایەکی سیاسیدا بیبەیت، نیوەی هەرکام لەو کوردستانەی هەر حزبێک وێنای دەکات و پلانی بۆ دادەڕێژێت؛ ژنە. هەموو ژنی کورد لەناو یەک حزبدا نین، هەموویان حزبی نین، هەموو ژنی کورد لە خێزانی بەرپرسەکان و توێژی باڵای چەکدار نین لە کوردستاندا هەتا کەس پێیان نەوێرێت ئەگەر خراپەکارییش بکەن.
هەموو دەزانین چ ژن بیت یان پیاو، زیاتر (گەر نەڵێم هەموو) پێگەی باشی بەڕێوەبردن و کارمەندی و پێشخستن و یەکسانی جێندەریی لەدوای راپەڕینەوە بۆ ئەندامی حزبەکانە لە باشووری کوردستاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، حزبەکان ئەندامەکانیان لە هیچ پۆستێکی بەرز و نزمدا نە ژنیان و نە پیاویان ئەرکی بەرپرسیارێتیان بۆ دانانێن سەبارەت بە پرسی ژن.

هەموو رۆژێک بەجۆرێک لە جۆرەکان نادادپەروەری بەرانبەر بە ژن دەکرێت،  چ رق لێهەڵگرتن بێت، چ سڕکردن و دواخستنی مامەڵەكان بێت، چ رێگەلێگرتنی بێت،  چ دەرپەڕاندنی بێت لە ئیشەکەیدا، چ بە کەمگرتنی بێت، چ بە شەق تێهەڵدانی بێت، چ کوشتنی بێت، چ ئیهانەکردنی بێت، چ بە زۆر حەزلێکردنی بێت، چ فریودانی بێت...هتد. لە هەموو دامەزراوەکاندا کە حزبەکان و حزبییەکان بەڕێوەیاندەبەن لە ژن و پیاویان.
رێنمایی من بۆ حزبەکان ئەوەیە، ئەگەر حزبەکان (هەموویان و یەک بە یەکیان) ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن بە تێگەیشتنێک کە دژ بە ژن نەبێت، ئەوا لەسەدا نەوەدی هەموو کارمەندان و بەڕێوەبەرانی ناو هەموو دامودەزگا و فەرمانگەکانی کوردستان پەروەردە دەبن لەبەرئەوەی هەموویان (یان زۆربەی هەرە زۆریان) حزبین. ئیتر نموونە و هاوچەشنی ئەو ئەفسەرە شەقوەشێنەی ئەمڕۆ و ئەوی دوێنێ و ئەوانەی سبەینێ، نە لە دادگەکاندا و نە لە زانکۆکاندا و نە لە هیچ کام لە دامودەزگا و فەرمانگەکاندا و نە لەسەر شەقامەکاندا نامێنن.

پرسی ژن، شەڕی نێوان ژن و پیاو نییە، شەڕی نەزانییە، پێویستی بە تێگەیشتنە، تێگەیشتنێکی تایبەت بە خۆی پێویستە کە سەبارەت بە پرسی ژنە. گرنگ نییە فڵانە ئەندامی حزبێک ژنە یان پیاو کە پلە و پێگەی بەرز وەردەگرێت لە کۆمەڵگەدا، گرنگ نییە فڵانە ئەندامی حزبێک چی دەزانێت سەبارەت بە پرسەکانیتری ناو کۆمەڵگە یان ناو حزبەکەی خۆی یان سیاسەت بە گشتی، بەڵکو کە دێتە سەر نادادپەروەری بەرانبەر بە رەگەزی مێینەی ناو کۆمەڵگە. پێویستە و دەبێت پەروەردەکراوبێت لەسەر پرسی ژن، دەبێت تێگەیشتنی هەبێت بۆ پرسی ژن.

هەموو حزبەکان، یەک بە یەکی حزبەکان ئەرکی سەرشانیانە ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن دژە ژن نەبن پێش ئەوەی پلە و پێگە و ئیشیان بدەنێ و بەڕەڵایان بکەنە سەر ژیان و گیانی خەڵکی لە دامودەزگا و دائیرە و بەڕێوەبردنەکاندا. من بینیوومە کارمەندەکان لە فەرمانگە جیاوازەکاندا چۆن هێزی حزبیبوونیان دژ بە ژن و خەڵکی بێ پشتیوان بەکاردەهێنن، چۆن یەک رەخنە لە نەکردنی ئیشی پێویست بگریت لە مامەڵەیەکدا بە ساڵ مامەڵەکەت رادەگرێت و بانگەوازی ئەوە دەکات لەبەرئەوەی رەخنەت لێگرتووە ئیتر دەنگۆ دەکات و راپۆرتی حزبیت لەسەر دەنووسێت کە تۆ دژ بە حزبەکەیت و دەبێت هەموو ئەندامی حزبەکەی یەکبگرن و دژایەتیت بکەن، ئەمە وتەی یەکێکیان بوو لە وەزارەتێکدا کە ئیشم کەوتبوە لایان.

نادادپەروەری بەرانبەر بە ژن زۆر زۆر دەکرێت و کەمی دەبینرێت، ئیتر بە پەلاماردانی جەستەیی بێت وەک لە زانکۆکاندا و لە دادگەکاندا دەکرێن و بینیومانن، دواخستن و رێگریکردن لە مامەڵەكانیان بێت وەکو لە وەزارەتەکاندا دەکرێن و بینومانن، یان قسەکردنی تیژ و توانج وەک تیری سەردڵ بێت کە لە دەزگا رۆشنبیریەکاندا دەکرێن و بینیومانن، یان بەکارهێنانی لێکدانەوەی نادروست بێت و... هتد و بەهەر شێوەیەکی کە  ئەندامێکی حزبی بۆی بکرێت دەیکات و ئازادە، هیچ رێگرییەک نییە جگە لە تێگەیشتنی خۆی.
 
لەبەر ئەمەیە دەڵێم: دەبێت و پێویستە و چارەسەرە، ئیش لەسەر تێگەیشتنی ئەندامەکانی ناو حزبەکان بکرێت سەبارەت بە پرسی ژن/ پرسی جێندەر و جۆرەکانی نادادپەروەری بەرانبەر بە ژن، چونکە بەداخەوە تەنها ئەوانن (تەنها حزبییەکانن لە نێر و مێ) کە پێگە و ئیشی باشی کاریگەر و بەڕێوەبردنیان دەدرێتێ لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan