د. ساماڵ مانی

د. ساماڵ مانی

لە یادی سلێمانیدا: سووتاندنی زیلە عەسکەرییەکانی بەردەرکی سەرا

 زۆر گرنگە چی دەکەیت لە ژیانتدا، هاوشانی ئەوەش، گرنگە ئەوەی ناگونجێت لەگەڵ پرەنسیپەکانتدا رەتیبکەیتەوە و نەیکەیت.

هێرشی سووتاندنی زیلە عەسکەیریەکانی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی وا بەرەو نیوە قەڕنێک لەمەوبەر پێهەڵدەگرێت، لە ١٩٨٢ دا بوو، ئەو هێرشە زۆر دەنگیدایەوە و ناونرابوو 'نەورۆزی سووتاندنی زیلەکان' لای خەڵکی شارەکە. لەو هێرشەدا ئێمە تیمێکی حەوت کەسی بووین، هەموومان لەناو کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بووین و تیمێک لە نێر و مێی گەنجی ناو شاری سلێمانی بووین: چوار پیاو و سێ ژن، ئیشێکی هەماهەنگیی نێوان ئەو تیمە نوێیەی ژنە پێشمەرگەکانی ناوشار بوو کە دروستکردنی دەستیپێکردبوو بە سەرپەرشتیاریی من، لەگەڵ رێکخستنەکانی ناوشار.

ئەم چەند پەڕەیە سەبارەت بەو هێرشەی بەردەرکی سەرای سلێمانییە لە بیرەوەرییەکانمدا وەک  داتای رووداوە مێژووییەکە، هەندێک وردەکاریی لێ دەرهێنراوە هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی هەموو بیرەوەرییەکانم لە کتێبێکدا.

پێشتر لە یەک دوو پەڕەیتری بیرەوەرییەکانمدا کە بە سوپاسەوە لە زۆر لە رۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکراونەتەوە لە (مانگی ٥-٢٠٢٠دا) وتم کاتێک بۆ یەکەمجار داوایان لێکردم خۆم بەتەنیا هێرش بکەمە سەر پارێزگاری سلێمانی و بیکوژم، رەتمکردەوە و وتم "من ناتوانم کەس بکوژم و ناشمەوێت ئەو تیمەی ژنە پێشمەرگەکانی ناوشار کە من دروستیدەکەم بکرێن بە بکوژ و بۆ ئەو جۆرە کارانە بەکاربهێنرێن؛ لەبەرئەوە من دەگەڕێمەوە بۆ شاخ".  لە کاتێکدا داوای کوشتنی پارێزگاریی سلێمانی لە سەرکردایەتیی شاخەوە نەهاتبوو، بەڵکو زادەی ناوخۆی رێکخستنەکانی ناوشار بوو، ئەو رەتکردنەوەیەی من گرنگ بوو بۆ یەکلاکردنەوە و سنووردانان بۆ ئەوەی هێشتا نادیار بوو سەبارەت بەو تیمەی ژن کە من سەرپەرشتیاریان بووم و راهێنانم پێدەکردن لە ماڵەکەی خۆمدا لەسەر بەکارهێنانی چەک.
بەر لەوەی خۆم سیاسەت بکەم و لە سیاسەتکردنی دایک و باوکمەوە لە ئەوەڵی شەستەکاندا فێرببوم، هەمان پرەنسیپی ئەوانم بەکاردەهێنا لە هەڵسەنگاندنی سیاسەتکردنم هەتا وازهێنانی یەکجارییم لە سیاسەت لە کۆتایی ١٩٩٣دا و چوونە ناو بازنەی فەلسەفەی ئەکادیمی لە زانکۆی لەندەن، هەموو ئەو ساڵانە وا دەژیام لە هەر چرکەیەکدا لەپێناوی پرەنسیپە گرنگەکانی 'مافی کورد' و 'مافی ژن' و 'نەهێشتنی هەژاریی'دا بکوژرێم- شەهید بکرێم، بەڵام ئامادە نەبووم نە کەس بکوژم و نە کوشتن پەسند بکەم.

کە چوومە ناو بواری سیاسەتەوە، خۆم خاوەنی  ئەزموونێکی سیاسی کوردیی بووم لە دایک و باوکمەوە، لە خوێندنەوە شەو و رۆژەکانی خۆمەوە تێگەیشتنێکی باشی 'فەلسەفەی سیاسیی' و 'زانستی سیاسیی' و 'رەخنەگریی سیاسی' و' زانستی ئابووری' و 'مێژوو' و 'کۆمەڵناسی' و 'ئازادی و مافی ژن (بە زمانی ئێستا یەکسانیی جێندەریی)' بووم. خاوەنی دوو خانوو بووم لەناو شاری سلێمانیدا، ماڵی باوکم (لە گردی شێخ محێدین) و ماڵی خۆم (لە گەڕەگی مامۆستایان)، هەردووکیانم وەک بارەگایەک بۆ سیاسەتکردن و پێشمەرگایەتیی ناوشار لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد دا بەکاردەهێنا، هەروەکو چۆن  لە چاوهەڵهێنانمدا  بە مناڵیی  بینیبووم دایک وباوکم ماڵیان کردبوو بە مقەڕی سیاسی و پێشمەرگایەتی بۆ حەوانەوەی پێشمەرگە بریندار و مەخفیەکانی سەرەتای شەستەکان و کۆبوونەوەکانی ناوشار و پێشمەرگەکان.

 جگە لە راهێنانی رۆشنبیریی بۆ ئەندامانی شانەکان بۆ ئەوەی خۆیان ببنە خوێنەری جدی و سمینارکار، سمینارەکانمم زۆر لا گرنگ بوو لەسەر ئەو بابەتانەی زۆرم لەسەر خوێندبوونەوە و تیایدا شارەزایم هەبوو. جگە لە بڵاوکردنەوەی بەیانەکان لە نیوەشەواندا بە کۆڵانەکان و ماڵەکاندا، جگە لە بەشداریی لە نووسینی دروشمی سەردیوارەکان، ئەرکی سەخت و مەترسیدارتریشم لەناو رێکخستنەکانی ناوشاردا جێبەجێکردبوو، وەکو یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانە گەورەکانی شار (رێکخەرانی زۆر بوون) ئەرکم پێ سپێردرابوو. جگە لەوەی وەکو یەکێک لە رێکخەرانی مانگرتنی گشتیی شاری سلێمانی لە ١٩٨١ دا (رێکخەرانی زۆر بوون) ئەرکم پێسپێردرا بوو و ئەو ئەرکانەم لەگەڵ ئەرکی زۆریتری لەو جۆرە پەسندکردبوو لە رێکخستنەکانی ناوشاردا، ئەو دوکانانەی کە مانیان نەگرتبوو خۆم دەچووم شان بە شانی رێکخەرێکیتری ناو رێکخستنەکانی شار (ناوی نهێنی 'سۆران' بوو، هێشتا لە ژیاندایە و لە حزبایەتی دوورکەوتووەتەوە) یەکە یەکە داوام لێدەکردن دوکانەکانیان دابخەن بۆ ئەوەی گشتگیر بێت مانگرتنەکە و بەشدار نەبن لە تاوانی لەسێدارەدانی ئەو خاوەن دوکانانەی کە مانیانگرتووە، هەتا ئەمان وەکو تاوانبار دواتر لە مێژوودا نەناسرێن. وەکو ئەمڕۆ لە بیرمە کە پێم دەوتن تەنها یەک رۆژە مانگرتنەکە زیانی مادیی زۆری نیەی و ئەرکێکی گرنگیی مێژووییە لەپێناوی رزگارییخوازی هەموو کوردە؛ هەموویان بەقسەیان دەکردم و دوکانیان داخست.

 دەستمپێکردبوو بە دروستکردنی تیمی پێشمەرگەی ژن لە ناوشار، جگە لە خۆڕاهێنان، بە راهێنانی پێشمەرگایەتی بۆ دوو ژنی ئازای ناو رێکخستنەکان و بڕیاروابوو ژنیتری بوێر و ئازای زیاتر لەناو رێکخستنەکانی شارەوە بنێرنە لام بۆ راهێنان بۆ ئەوەی تیمەکە گەشەبکات و گەورەتر بێت. شوێنی راهێنان ماڵەکەی خۆم بوو لە گەڕەکی مامۆستایان و چەکی راهێنانیان دەمانچە چواردەخۆرەکەی خۆم بوو کە موڵکی من بوو (لەبەر دز هەمبوو)، زۆرجاریش بۆ چەند رۆژێکی کورت دەخوازرا لەلایەن شەهید دڵشاد مەریوانییەوە بۆ ئیشەکانی رێکخستنی ناوشار.
 
دەمەوێت یەکێک لەو رۆژانەی راهێنانم بە ژنە ئازاکان دەکرد لەناو ماڵەکەمدا لە گەڕەکی مامۆستایان بۆ ئەو مەبەستە، زۆر بە کورتی بگێڕمەوە:
یەکێک لەو رۆژانەی 'ئاوارە' و 'تارا' دەهاتنە ماڵی من جیاواز لەو رۆژانەی کە دەهاتن بۆ کۆبوونەوە لە سمینارەکانمدا، راهێنان لەسەر چەک بوو بۆ ئاشناکردنیان بە پێشمەرگایەتی. بەرنامەی راهێنانەکەم سەرەتا بە کردنەوەی دەمانچە و پاککردنەوەی و بەیەکبەستنەوەی،  پاشان مەخزەنی دەمانچە پڕکردن و بەتاڵکردنەوەی و شتیتری لەو جۆرە بوو، هەردووکیان باش ئەو بەشانە فێربوون. ئەم ڕاهێنانە تایبەت بە ژن بوو بۆ دروستکردنی ئەو تیمە، ئەگینا کوڕیتر هەبوون کە من سەرپەرشتیاریی رۆشنبیریی سیاسیم دەکردن بەو کوڕەشەوە کە بوو بە هاوژینی تارا و هەروەها کەریم شەهابی ئەکتەر، بەڵام ئەم کۆبوونەوانەیتر بەگشتی لە ماڵی باوکم دەمکردن.

ئەو رۆژە، هەردوو کوڕە چکۆلەکانم (ئاری و دیاری) وەک هەموو جارێکیتری کۆبوونەوەی راهێنانی ئەو تیمە ژنە لەسەر چەک،  لە  ژوورە تایبەتەکەی خۆیان بوون بۆ یاریکردن لە ماڵەوە، ژوورە گەورەکەم بۆ یارکردنی ئەوان تەرخانکردبوو لەبری ئەوەی بیکەم بە ژووری میوان، ئێستا ئەوان بەهەمان شێوە کام ژوورەی گەورەیە لە ماڵەکانیاندا تەرخانی دەکەن بەتایبەتی بۆ یاریکردنی منداڵەکانیان.
ئەو رۆژەیان کاتی هاتبوو چۆنیەتی 'نیشانگرتن' و ' کۆنترۆڵی دەست و راگرتنی سەرنج لەسەر نیشانە' فێری تارا و ئاوارە بکەم لەکاتی بەکارهێنانی چەک/ دەمانچەدا، بەو مەبەستە مەخزەنەکەم دەرهێنابوو لە دەمانچەکەم و خستبوومە سەر مێزی نانخواردنەکە لەبەری ئەوبەری ژوورەکەدا و دوور لەو قەنەفانەی لەسەری دانیشتبووین. خۆم چەند جارێک ئەوەم کرد لەبەردەمیاندا بێ مەخزەن، نیشانەکەم بۆ دیاریکردن کە کاتژمێرە گەورەکەی دیواری سەر پەنجەرەی ژووری دانیشتنەکەم بوو.

ئینجا وتم: فەرموون، ئیتر ئێوە ئەوەی تێی گەیشتوون لە نیشانەگرتن و سەرنج لەسەر نیشانە راگرتن و کۆنترۆڵی دەست دەستپێبکەن بە نیشانەگرتن لە کاتژمێرە گەورەکەی سەردیواری پەنجەرەکە.

لەو کاتەدا ئاری کوڕم لە دەرگای ژوورەکەی دا و (بۆیان نەبوو بێنە ژوورەوە لە کاتی کۆبوونەوەکانمدا) لەو دیوی دەرگاوە پێی وتم کە دیاری برای نایەڵێت فڵانە یاری بەکاربهێنێت، لەبیرم نییە کام یارییە بوو و شەڕیان بوو لەسەری،  هەردووکیان تەمەنیان زۆر نزیک بەیەک و زۆر منداڵ بوون، من چووم ئەوە چارەسەربکەم و یەکدوو چرکەم پێچوو و گەڕامەوە بۆ ژووری  دانیشتنەکە/ راهێنانەکە.
کە گەڕامەوە دەمانچەکەم بەدەستی ئاوارەوە بوو، ئاوارە زۆر بوێر بوو زۆریش حەزی دەکرد زوو فێربێت، لێی پرسیم بە یەک چاو یان بە هەردوو چاو سەرنج لەسەر نیشانەکە رابگرم؟ وتم هەندێک بۆ باشتر بینین بە یەکچاو سەرنج رادەگرێت و هەندێک بە هەردوو چاو، بە هەردوو جۆرەکە تاقیبکەرەوە بزانە کامیان باشترە لات، ئەوەی کرد چەند جارێک. 

پاشان ئاوارە وتی: ئەی پاش سەرنجڕاگرتن و دەست کۆنترۆڵکردن چی دەکەیت؟
منیش وتم: دەەستدەنێیت بە پەلەپیتکەکەدا بەرەو نیشانەکەت.
هەروام وت و ئاوارە زرمەی لە دیوارەکە هەڵساند، فیشەکەکەی نا بە تەنیشت سەعآتەکەوە، بەوە پەشۆکا و دەستبەجێ دەمانچەکەشی فڕێ دایە سەر زەوییەکە و هەردووکیان رەنگیان سپی بوو و بەپێوە وەستابوون و سەیری دەمانچە فڕێدراوەکەیان دەکرد. دیمەنێکی زۆر جوان بوو بەلامەوە دوو ژنی زۆر بوێر وا پەشۆکابوون، ئەوە لەبەرئەوە نەبوو کە بترسن، نەدەترسان، لەبەرئەوە بوو پەشۆکابوون، چونکە پێشتر تەقەیان نەکردبوو لەو راهێنانەدا.
ئیتر زانیم لەو چرکانەدا کە من چوومەتە لای دوو کوڕەکەم، یەکێکیان مەخزەنەکەی لەسەر مێزی نانخواردنەکە هەڵگرتووە و خستویەتییە ناو دەمانچەکەوە وەکو هەموو کاتی پێشتر لە راهێنانەکەدا. بۆ ئەوەی لە پەشۆکاویی دەریان بهێنم، یەکسەر  بە ئاوارەم ووت "خێرا، خێرا دەمانچەکە هەڵبگرەوە و چەک فڕێ نادرێت پاش بەکارهێنانی"، ئەویش خێرا هەڵیگرتەوە. پێم وت: "مەخزەنەکەی دەربهێنە و بیخەرەوە سەر مێزی نانخواردنەکە، قەت مەخزەن مەخەنەوە چەک لەکاتی راهێنانی نیشانەگرتن دا". تارا کە هێشتا بە پێوە وەستابوو و حەپەسا بوو، پێم وت: فەرموون دانیشنەوە، ئەمڕۆ تێگەیشتن کە دەمانچە تەقەش دەکات"، بەپەشۆکاوییەکە بوو بە پێکەنین. پاشان خۆم دەمانچەکەم راکێشا بۆ ئەوەی بەتاڵبێتەوە و دڵنیابم گولەی نەچووەتە بەر، تێمگەیاندن کە: دەمانچە یان چەک لە کاتی تەقاندنیدا دەنگی هەیە و دەست راتدەکێنیت، بۆیە راهێنان پێویستە، هەموو جۆریکی چەک وەکو چۆن ئێستا دیوارەکەی کون کردووە و هەڵدڕیوە، هەرشتێک یان مرۆڤێک بکەیت بە نیشانە و بەرەو رووی چەک بتەقێنیت، بەو جۆرەی دیوارەکەی لێدەکات کاتێک دەست بە پەلە پیتکەدا دەنێت، گرنگە بزانیت چی دەکەیت و بۆ دەیکەیت لە بەکارهێنانی چەکدا؛ یاری نییە و بۆ خۆشی نییە، تەنها بۆ کاتی زۆر پێویستییە و لەو کاتەشدا بەرپرسیارێتییەکی یەکجار گرنگە و.. هتد.
دەنگی تەقەکە گەورە بوو، خەمم بوو خەڵکی گەڕەک زانیبێتیان و خەبەرمان لێبدەن و بگیریێن. خۆم بەتەنها بەخێرایی چوومە کۆڵان و سەیرمکرد چەند ماڵێکی دراوسێی نزیکمان هاتوونەتە دەرەوە و قسەدەکەن لە ناوخۆیاندا سەبارەت بەو تەقەیە و پرسیاری لە کوێوە بووە و چی بووە؟ منیش ناچاربووم وەکو ئەوان سەرسوڕمانم پیشان بدەم و وتم: ئەوە چی بوو؟ من لەسەربان بووم گوێم لە تەقە بوو، دوو کوڕم بینی لەسەری کۆڵانەکەوە تێپەڕبوون، لەوانەیە ئەوان بووبن. هەموو وتیان "لەوانەیە ئەوان بووبن". دراوسێکانم ئارام بوونەوە، یەک لە دوای یەک دەچوونەوە ماڵەوە، منیش وەکو ئەوان دەرگای حەوشەم داخست و هاتمەوە لای تارا و ئاوارە و راهێنانیان.

ئەو رۆژەی زەنگی یەکەم کۆبوونەوەی هێرشی سووتاندنی زیلەکانی بەردەرکی سەرام پێگەیشت، تازە لە لای بەرگدرووە دیزاینەرە هونەرمەندە نایابەکەم  دەگەڕامەوە، کاک حەمە عەلی (شاعیر مەدهۆش ١٩١٩-١٩٩٤)ی هونەرمەند و دیزاینەری جوان بە سەلیقە و بەکارهێنەری گۆڤاری دیزان و دروومانی  گۆڤاری فاشنی'بوردە' لە سلێمانی، ئەو دروستکاریی ئەناقەتی بەرگپۆشینی 'فاشن'ی ژنە  گەنجە رەشیقەکانی ناو جەرگەی شاری سلێمانی لە حەفتاکان و هەشتاکاندا بوو.
لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لە کوردستان تەلەفۆنی مۆبایل و ئینتەرنێت نەبوو بۆ پەیوەندییکردن، تەنها تەلەفۆنی ماڵەوەمان هەبوو. ئەو رۆژەی لای مەدهۆشی شاعیر گەڕامەوە ماڵەوە، لەگەڵ دەرگای سەرەکی چوونە ژوورەوەی ماڵەکەم کردەوە (جامخانە شوشەکەی چوونە ژوورەوە لەو ماڵانەی بە ئارکیتەکی غەربی و داخراو لەناو حەوشەیەکدا دەناسران، ئەمە بەرانبەر بە ئارکیتەکی ماڵە دێرینەکانی ناو شار وەکو ماڵی باوکم کە لە جۆری ماڵێکی کراوە بوون بەناو حەوشەیەکدا بەوجۆرەی موبەق و حەمام لە دەرەوەی بەشی دانیشتن و نووستن دا بوو)، گوێم لە زەنگی تەلەفۆنی ماڵەکەم بوو، بەپەلە وەڵامم دایەوە، شەهیدی شاعیر و ئەکتەر و نووسەر و سیاسیکار و هونەرمەند دڵشاد مەریوانی بوو(١٩٤٧-١٩٨٩).

دوای هەواڵپرسین، من وامزانی بۆ بەبیرهێنانەوەی چوونە لای هاوڕێیەکمان تەلەفۆنیکردوە،  پێم ووت " ببورە، ئەم عەسرە بوو کە دەتویست پێکەوە بچین بۆ حەوزە وشکە بۆ لای کاک عوسمان عەلی؟"،  زوو زوو پێکەوە سەردانی دوکانەکەی کاک عوسمان عەلی (١٩٤٤-٢٠٠٥) سیاسیکار و هونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگ و ناسراوی سلێمانیمان دەکرد، لە حەوزە وشکە دوکانێکی چکۆلەی بەرگدرووی هەبوو جێگەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەی رۆشنبیرانی سیاسیکاری ناو کۆمەڵەی رەنجدەران بوو، من و کاک دڵشاد مەریوانی چەند جارێک پێشتر چوبووین و جاروبار کەبابیشمان لەگەڵ خۆمان دەبرد لەوێ پێکەوە دەمانخوارد لەگەڵ  کاک عوسمان عەلی و ئەویشی چای بانگ دەکرد بۆمان و پێکەوە دوای گفتوگۆیەکی سیاسیی هەرسێکمان ماڵئاواییمان لەیەکتری دەکرد و جیا دەبووینەوە بەرەو ماڵەکانی خۆمان، بەڵام دڵشاد مەریوانی لەو تەلەفۆنەیدا پێی راگەیاندم سبەی کۆبوونەوەیەکی پێویست هەیە لەنێوان ئەو و من و سەرۆکی رێکخستنەکانی ناوشاری سلێمانی لە ماڵی ئەوان و دەوری پێش نیوەڕۆ. هەڵبەت بەو وشانە نەیووتن، کەسمان بە رستەی ئاشکرا لە تەلەفۆن و ناو خەڵکیدا قسەکانمان نەدەکرد، لە ترسی گوێگرتن لە تەلەفۆنەکان و زانیاریدان بە خەڵکیتر سەبارەت بە ئیشەکانمان. دڵشاد مەریوانی بەم جۆرە وتی "سبەی بۆ نانی نیوەڕۆ داوەتی ماڵی خۆمانیت و 'وەستا' ش داوەتە و لێرە دەبێت لەگەڵمان، بەڵام هەوڵبدە پێش نانخواردن لێرە بیت، سەعات ١١".
وتم: بەسەرچاو و زۆر سوپاس بۆ داوەتکردنەکە.
هەر دوای تەلەفۆنەکەی ئەو، هەردوو کوڕە چکۆلەکەم برد بۆ لای باوکم (ماڵەکەی گردی شێخ محێدین) وەکو هەموو ئەو کاتانەیتر کە ئیشی سیاسیم هەبووایە یان باوکم دەهات و دەیبردن یان من دەمبردن بۆ لای، باوکم ئاگاداری سیاسەتکردنی من بوو و ماڵەکەشی کە تیا دەژیا جێی زۆربەی کۆبوونەکانم بوو، پەروەردەکار و متمانەپێکراوم بوو و هیچم لێ نەدەشاردەوە.

بۆ سبەی سەعات ١١ی پێش نیوەڕۆ بوو گەیشتمە ماڵی دڵشاد مەریوانی.
کە گەیشتم کاک دڵشاد مەریوانی دەرگای حەوشەکەی لێکردمەوە، خاتوو شیرین کاف-ی هاوژینی لە دەوام بوو،  'وەستا' هێشتا نەگەیشتبوو، کاک دڵشادیش وەکو هەموو پیاوانی چینی مام ناوەندیی شەستەکان حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردووی خەڵکی ناو شاری سلێمانی، هاوکاریی یەکسانی هاوژین و خێزانەکەیان بوون لە ماڵدا (باوک و برا و زاواکانم هەروا بوون) نان و سەوزە و زەڵاتەی ئامادەکردبوو و خەریکی سوورکردنەوەی گۆشتی قوتوو بوو، وتی "ئەم گۆشتی قوتوانەمان تایبەتە و لە بازاڕدا دەستناکەون و لە خاریجەوە بۆم هاتووە، دڵنیام  پێشتر نەتانخواردووە و زۆر بەدڵتان دەبێت".

هەر ئەو قسەکەی تەواوکرد و جەمال تاهیر (١٩٤٣- ١٩٨٣) سەرۆکی رێکخستنەکانی ناو شاری سلێمانی، زەنگی دەرگاکەی لێدا و گەیشت، ئەو ئەوکەسە بوو کە کاک دڵشاد مەریوانی بۆ شاردنەوەی نهێنییەکانی رێکخستنەکانی شار لە تەلەفۆن و ناو کۆبوونەوەکانی رێکخستن دا ناوی نەدەهێنا و پێی دەوت 'وەستا'.
پێشتر کاک جەمال تاهیرم دەناسی و ئاگاداری ئەوە بوو کە دروستکردنی تیمێک لە پێشمەرگەی ژن لەناو شاری سلێمانیدا دەستیپێکردووە، باسی  ئەو تیمە و مەبەست لێی گرنگیدان بوو بە رۆڵی زیاتری ژن لە سیاسەتدا و پرسی یەکسانیی جێندەریی ژنان بوو، دوو سێ جاریش بە دوو بەدوو یان بە ئامادەیی کاک دڵشاد مەریوانی کۆببووینەوە. ئەو رۆژە هەرسێکمان پێکەوە لەسەر نانخواردنی نیوەڕ، کەمێک زووتر لە نیوەڕۆ، یەکەم کۆبوونەوەکەمان کرد سەبارەت بە هێرشی سووتاندنی ژمارەیەکی زۆر لە زیلە سەربازییەکانی حکومەتی حزبی بەعسی عەرەبی عیراق (حزبی بەعس جگە لە عیراق بەشی سوریای هەبوو و بە باڵێکی باشتر ناسرابوون لەوانەی عیراق) لەناو شاری سلێمانیدا.
 بیرۆکە و ئەندازیاری هێرشەکە شەهید دڵشاد مەریوانی بوو (رێکخەری پۆلی قەڵا لە رێکخستنەکانی ناوشار کە من تیایدا ئەندام بووم)، پەسندکاری هێرشەکە جەمال تاهیر بوو (سەرۆکی هەموو رێکخستنەکانی ناوشار لە هەمانکاتدا پەسندکار و بەئاگابوو لە دروستکردنی تیمی پێشمەرگەی ژن لەناو شاردا)، هێرشەکە بە ئاگاداریی کاک نەوشیروان بوو سکرتێری (سەرۆکی) کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، سەرپەرشتیاریکردنی (ئەو کات بە ژنیان نەدەوت فەرماندە، دەیانووت سەرپەرشتیار) رۆژی هێرشەکە  سپێردرا بوو بە من لەناو خۆیاندا بەر لەم کۆبوونەوە سێ کەسیەی نێوانمان لە ماڵی دڵشاد مەریوانی. 

 لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵییەماندا، ئەوان بەر لەوەی باسی ئەوە بکەن کە هێرشەکە چیە، کەم و زۆر ئەمەیان بە من وت:  کۆبوونەوەکە سەبارەت بە هێرشێکە لەناو جەرگەی شاری سلێمانیدا، دواتر دەچینە وردەکارییەکانەوە، بڕیار دراوە کە رۆژی هێرشەکە تۆ سەرپەرشتیاریی هێرشەکە بکەیت و دڵنیابیت لە سەرکەوتوویی ئەنجامدانی ئەو هێرشە، ئەو دوو ژنەی راهێنانت پێکردوون بەمەبەستی دروستکردنی تیمی پێشمەرگەی ژن لە ناوشاردا، وەک یەکەم ئیشیان دەبێت بەشداریی بکەن.

من پرسیم: بە تەنیا ئەو دوو ژنەم هەیە لەو رۆژەدا بۆ ئەنجامدانی ئەوە؟
 وتیان: لەگەڵ دوو پیاوی بوێر و ئازایتر کە ئەوانیش یەکەم جاریانە بەشداریی لە هێرشی وادا بکەن و ئەوانیش لە ژێر سەرپەرشتیاریی تۆ دەبن لەو رۆژەدا.  بەو جۆرە بە  کۆی حەوت کەس بوو تیمی هێرشی سووتاندنی زیلەکانی بەردەرکی سەرا؛ چوار پیاو سێ ژن.

دوای ئەوە باسیانکرد هێرشەکە چیە، هەموو وردەکارییەکان و ئەرکی من هەر ئەو رۆژە لەو کۆبوونەوەیەدا باسکرا و تاوتوێمان کرد و رامان گۆڕییەوە، وەکو ئیشی هەر فەرماندەیەکی پێشمەرگە و زیاتریش چاوەڕوانیم لێدەکرا لەلای هەردووکیانەوە، هەر لەبەر ئەوەشبوو کەسی ئیحتیات دانەنرابوو بەهاناوە بێت لە کاتی پێکدادان لەو رۆژەدا بۆ یاریدەدانم. پێداگیریان دەکرد لەوەی لەکاتی ترساندن و شڵەژان، یان ئامادەنەبوونی هەرکام لەو چوار کەسەیتردا لە رۆژی هێرشەکەدا یان نەکردنی هەر بەشێکی ئەرکی سووتاندنەکە لە رۆژ و کاتی هێرشەکەدا بەهەرهۆیەک بێت، ئەرکی منە کە بە تەنیا خۆم هەموو پلانی سوتاندنی زیلەکانی بەردەرکی سەرا بگرمە دەست و جێبەجێی بکەم. وتیان ئەو پلانە نابێت نەکرێت و لە شاخ چاوەڕێی هەواڵی سەرکەوتنی ئەو هێرشەن. بەهەمان شێوەش، لەکاتی هەر پێکدادانی نەخوازراودا، ئەرکی من بوو بە سەرکەوتوویی پارێزگاریی لە خۆم و تیمەکەم بکەم (ئەو دوو ژن و دوو پیاوەی دیارییکرابوون بەش بەشی هێرشەکە بە ئەنجام بگەیەنن) هەتا ئەوان دەرباز دەبن، بەو مەبەستەش پێویستە دەمانچەکەم لەگەڵ خۆم ببەم لە رۆژی هێرشەکەدا. پاش تەواوبوونی هێرشەکە لە شوێنی دیاریکراودا 'لای شەخسەکەی پیرمەسوور (پیرمەنسور)' لە گەڕەکی سەروو شوێنی ئەنجامدانی سوتاندنی زیلەکان، دڵشاد مەریوانی ببینم و ئەنجامی هێرشەکە و بەئاگاهێنانەوەی لە  سەلامەتی  یان گرتنی هەر یەکێکمان رابگەیەنم، بۆ ئەوەی ئەو و ئەوانیتر کە یەکمان ناسیوە و پێکەوە ئیشێکمان کردووە، هەموویان خۆیان بشارنەوە نەکا بگیرێن.

هەموو زانیاریی و مەبەستەکەم پێکەوە لێکدایەوە لەو کۆبوونەوەیەماندا، هەڵسەنگاندنم بۆ  پلانی هێرشەکە کرد و دیاربوو ئەگەری زۆری هەبوو هێرشێکی بێ زیانی مرۆیی بێت. لەڕووی سیاسیشەوە بەلامەوە زۆر پەسند بوو، ترساندن و زەرەر گەیاندنێکی گرنگبوو بە زیلەکانی سوپای عیراق و پەیامێکی گرنگی سیاسی بوو بۆ حکومەت کە تەبعیس و عەرەباندنی عیراق و هەڵاواردنی نێگەتیڤی نەتەوەیی بەرانبەر کورد رابگرێت. لەبەرئەوە دەستبەجێ،  پێم وتن، ئامادەم ئەرکی سەرپەرشتیاریی کردنەکەی بگرمە دەست؛ پەسندمکرد
 
لە سیاسەت و پێشمەرگایتیمدا چ لەشار و چ لە شاخ، گرنگ نەبووە دەکوژرێم یان نا، بەڵام زۆر گرنگبوو بەلامەوە چی دەکەم و چی نابێت بکەم و رەتیبکەمەوە.
 لەو کۆبوونەوەیەماندا کۆی بۆچوونەکانی یەکتریمان پەسندکرد. لە کۆتاییدا بڕیاردرا: دوو ژنە بوێر و ئازاکانی لای من: خاتوو  تارا (خاتوو بەهرە ڕەشید کە خانەنشین کراوە بە پلەی موقەدەم و هەتا ئێستاش هەر ئەندامی حزبە، خۆشحاڵم لە ژیاندایە و لە بەشێکی بیرەوەرییەکانیدا لە کتێبی 'گوڵدانی ژن' ی خاتوو نەرمین عوسمان دا باسی سووتاندنی زیلەکانی سلێمانی کردووە، بەڵام بەو جۆرەی کە گوایە تەنها ئەو و ئاوارە بووبن، لەماڵی خۆیدا لە ٢٠٢٠ دا لە سەرچنار، لێم پرسی بۆ ئاماژەیەک یان بە دێڕێکیش باسی من و ئەوانیتری نەکردووە لەو هێرشەدا؟ وتی نزیکەی ٣٠ لاپەڕەی دوورودرێژی لەسەر ژیانی خۆی ناردووە و جێی نەبووەتەوە بۆ بڵاوکردنەوە. پەرلەمانی کوردستان خەڵاتیان کرد). خاتوو ئاوارە (خاتوو سەرگوڵ مەحمود کە دواتریش زیندانیی و پێشمەرگەی شاخ بوو، دوای راپەڕینیش ئەفسەری پلە بەرز بوو لە هێزەکانی حەفتادا، هێشتا ئەندامی حیزبییە، نازانم خانەنشین کراوە یان نا، خۆشحاڵم کە لە ژیاندا ماوە، شایانی ئەوەیە خەڵاتبکرێت.
 هەروەها، دوو پیاوی زۆر بوێر و ئازا: یەکێکیان 'سۆران' (کاک شێخ عەلی شێخ ئیسماعیل، ماڵی باوکی دراوسێی دەستی راستی من بوون لە گەڕەکی مامۆستایان، خۆشحاڵم لە ژیاندا ماوە، شایانی وەرگرتنی خەڵاتە). لەگەڵ ئەو پیاوە ئازایەیتر شەهید هاوڕێ (زۆر دواتر شەهیدکرا)، برای خاتوو شیرین کاف-ی نووسەر و هونەرمەند بوو، کوڕی مەلا کەمالی موحامی بوو.

ئەرکی دڵشاد مەریوانی  وەکو ئەندازیاری هێرشەکە،ئەوە بوو کە زانیاریی تەواو کۆبکاتەوە لەسەر کاتی نانخواردنی سەربازەکان و شوێن  گۆڕین و نەگۆڕینی وەستانی زیلەکان، بۆ ئەوەی دڵنیابین لە رۆژی ئەنجامدانی هێرشەکەدا بەهەمان جۆر دەبێت، ئەوە  زۆر گرنگ بوو بۆ رۆژی هێرشەکەمان. هەروەهاش بڕیاردرا کاک دڵشاد کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو چوار کەسەیتر بکات و منیش بۆ هەموو کۆبوونەوەکان لەسەر ئەو هێرشە بانگ بکات و بەشداربم بۆ ئەوەی لە هەموو زانیاری و بۆچوون و سەرنج و راکان بەئاگابم بەر لە رۆژی هێرشەکە. 
ئەوە کۆبوونەوەی یەکەم و کۆبوونەوەی بڕیاردان بوو کە هێرشەکە بکرێت و پلان و تیمی هێرشەکە دیاریی کران و ئەنجامدانی پەسندکرا و بڕیارماندا رۆژەکەی پاش کۆکردنەوەی تەواوی زانیارییەکان و کۆبوونەوەی کاک دڵشاد مەریوانی لەگەڵ ئەو چوارەیتر بێت؛ بەتەواویی لە دەستی کاک دڵشاد مەریوانیدا بوو بڵێت کام رۆژە دەبێت بکرێت.

دوو سێ کۆبوونەوەیترمان دوا بە دوای ئەوە کرد، هەموویان بە ئامادەبوونی من و دڵشاد مەریوانی و ئاوارە و تارا و سۆران بوون، ئەو دوو کۆبوونەوەیە تایبەت بوون بە وردەکاریی ئیشەکانی 'سۆران' و 'ئاوارە' و 'تارا' و سەرنجەکانیان. وەکو هەموو کۆبوونەوەکانی ئەو هێرشە لە ماڵی دڵشاد مەریوانی بوون، ئیشی من چیتر قابیلی تاووتوێکردن نەبوو لەو کۆبوونەوانەدا و باس نەدەکرا، جگە لە باسی ئەوەی چوار پێنج میزەڵدانی بچووکی پڕ بەنزین و شقارتەیەک و دەمانچەکەم دەبەم لەگەڵ خۆمدا لە رۆژی هێرشەکەدا. هاوڕێ بەشدار نەبوو لە هیچ کام لەو کۆبوونەوانەدا و ناویشی نەدەهێنرا، بۆ پاراستنی نهێنی بوو بەلامەوە، بەڵام دواتر ئەگەری ئەوەم کرد کە گۆڕیبوویان بە پیاوێکیتر، هەروەهاش سەرۆکی رێکخراوی ڕێکخستنی شار جەمال تاهیر بەشدار نەدەبوو لە کۆبوونەوەکانی دوای کۆبوونەوەی یەکەم و باسیش نەدەکرا. 

دڵنیانیم و نازانم هاوڕێ گۆڕدرا بوو بۆ پیاوێکیتر یان هەر ئەو بوو لە رۆژی هێرشەکەدا کە من بینیم، لەبەرئەوەی پێشتر نەمدی بوو و ناتوانم بڕیاربدەم، بەڵام ئەوەی لە رۆژی هێرشەکەدا بینیم کوڕێکی گەنجی زۆر ئازای باڵا مام ناوەندیی بوو.

ئەرکەکانی سۆران و هاوڕێ (یا ئەو کوڕە ئازایەیتر) و ئاوارە و تارا، کە هەموویان کەسانی زۆر بوێر و ئازا بوون، بریتی بوون لەمانە:
 لە رۆژی هێرشەکەدا بڕیار بوو سەعآت ١٢ و نیوی نیوەڕۆ هێرشەکە بکرێت، ئیش و ئەرکی من سەرپەرشتیکردنی هێرشەکە بوو بڕرابووەوە هەر لە سەرەتاوە، سەرخستنی هێرشەکە بێت. لە جانتاکەمدا دەمانچەیەکی چواردەخۆر و چوار میزەڵدانی چکۆلەی پڕ بەنزین و چەرخێک و موستیلەیەکی سەر بەدەرزی تیادا بوو، لە حاڵەتی هەر پێکدادانی نەخوازراودا من پارێزگاریی ئەوانم دەکرد هەتا دەرباز دەبوون، لەحاڵەتی نەهاتن و ترسانی هەر یەکێکێکیاندا خۆم ئەرکەکەی ئەوانم بەجێ دەگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کە دەکرێت پێشهاتەکان جۆرێکیتر بن لە رۆژی ئەنجامدانی هێرشەکەدا و دەبێت ئامادەبم بۆی و دەستم ئاوەڵا بێت لەوەی چی و چۆن دەیکەم.

ئیش و ئەرکی هەردوو لە ' ئاوارە' و 'تارا'  سنووردار بوو، بەڵام زۆر گرنگ بوو، ئەوە بوو کە بەخێرایی بەلای ریزی زیلە وەستاوەکاندا تێپەڕبن و بەنزین بڕێژن بەسەر تایەی زیلەکاندا بەو جۆرەی  هەرزیلێک تایەیەکی دواوە و تایەیەکەی پێشەوەی بەنزینڕێژ بکرێت بۆ ئەوەی باش گڕبگرێت وعەسکەرەکان فریای کوژاندنەوەی نەکەون. تارا لە ئەوەڵی ریزی زیلەکانەوە دەستپێبکات هەتا ناوەندی ریزەکە و ئاوارە لە ناوەندی ریزەکەوە دەستپێبکات هەتا کۆتایی ریزی زیلەکان، هەردوو بەپەلە و بێ وەستان و ئاوڕدانەوە دوای تەواوکردنی ئیشەکەیان بڕۆن و لەو شوێن و ناوچەیە نەمێنن، لە حاڵەتی هەر پێکدادانی نەخوازراوودا من پارێزگارییان لێبکەم هەتا دەرباز دەبن؛ ئەوان رۆیشتبوون و لەوێ نەبوون کە زیلەکان گڕیان تێبەردران و نەیانبینی.

ئیش و ئەرکی دوو کوڕە ئازاکەش 'سۆران' و 'ئەویتریان" کە دڵنیا نیم هاوڕێ بوو یان کەسێکیتر'، دیاریکراو و گرنگ بوو، چونکە بێ ئەوان بەنزینەکە خۆی گڕی نەدەگرت، بڕیار وابوو کە هەریەکەیان چەرخی جگەرە داگیرسانیان پێ بێت و دڵنیابن چەرخەکە ئیش دەکات،  سەعات ١٢ و نیو لە لای زیلە راگیراوەکانی بەردەرکی سەرا بن و من لەوێ چاوەڕێیان دەبم و لە حاڵەتی هەر پێکدادانی نەخوزراودا من پارێزگارییان لێ دەکەم هەتا دەرباز دەبن. دوابەدوای ئەوەی ئەو دوو ژنە ئازایە بەنزینەکە دەڕێژن بەسەر تایەی زیلەکاندا ئەمان وەکو جگەرە کێشێک جگەرەکانیان بخەنە سەر تایەکان ئەگەر نەیانتوانی ڕاستەوخۆ چەرخ لە تایەکە بدەن تا گڕ دەگرێت، ئیشی سۆران و ئەو کوڕە ئازایەیتر، ئەوەبوو کە سۆران لە ئەوەڵی ریزی زیلەکانەوە دەستپێبکات هەتا ناوەندی ریزەکە، ئەو کوڕەیتر لە ناوەندەوە دەستپێبکات هەتا کۆتایی ریزی زیلە وەستێراوەکانی نزیک بە فولکەکەی بەردەرکی سەرا، بەهەمانشێوەی ئاوارە و تارا، بێ وەستان و ئاوڕدانەوە هەردووک لە سۆران و هاوڕێ پاش تەواوکردنی گڕتێبەردانی زیلەکان بە پەلە شوێن و ناوچەی هێرشەکە بەجێبهێڵن و بۆ یەک چرکە لەو ناوە نەوەستن.

 بڕیار بوو رۆژێک پێش هێرشەکە کاک دڵشاد تەلەفۆن بۆ تارا و ئاوارە بکات و بچنە ماڵی ئەو و یەکی چوار میزەڵدانی  قەوارە بچووکی پڕ لە بەنزین لەوێوە بخەنە ناو جانتاکانیان لەگەڵ ئەو ئەڵقەیەی سەر بە دەرزی- سوژن بوو دەکرایە سەر پەنجەی دۆشاومژە (دیزاینەکەی بیرۆکەی دڵشاد مەریوانی بوو) بۆ بە ئاسانی رشتنی بەنزینی ناو میزەڵدانەکان بەسەر تایەی زیلەکاندا. هەر یەکەمان رۆژی هێرشەکە لە ماڵەکانی خۆمانەوە بەرەو بەردەرکی سەرا بە رێبکەوین و لەوێ هەر لەو شەقامەی هێرشەکەمان تیا دەکرد کەمێک لە سەرەوەی شوێنی زیلەکاندا من چاوەڕێی گەیشتنیان بم.

رۆژ و کاتی هێرشەکە:
سەعات ١٢ و نیوی نیوەڕۆ، کاتی دیاریکراو بوو بۆ هێرشەکە، من کەمێک پێش ئەوانیتر گەیشتم وەکو پێویست، دەستم لەسەر دڵم بوو نەکا پێش دەستپێکردنمان ئاشکرابووبین، یان لەکاتی جێبەجێکردندا ئاشکرابین و یەکێکمان بگیرێین؛ ژنەکان بە بەنزین و دەرزی ناو پەنجەکانیانەوە، پیاوەکان بە چەرخی ئاگر کردنەوەوە، منیش  لە هەموویان خراپتر بە دەمانچەیەک و بەنزین و دەرزی ناو پەنجەکانم و چەرخی ئاگرکردنەوەوە.

کاک دڵشاد مەریوانی دووربوو لە شوێنی هێرشەکە، لای شەخسەکەی پیرمەنسوور چاوەڕێی من بوو دوای تەواوکردنی هێرشەکە و تەنها من دەمزانی ئەو لەوێ چاوەڕێیە نەک لە ماڵەوەی.

بەر لەوەی ئەوانیتر بگەن، چاوم دەگێڕا نەک هەر بۆ ئەوەی دڵنیابم هاتوون، بەڵکو بیرم لە کونج و قوژبنی شەقام و کۆڵانەکان دەکردەوە و چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوەی حاڵەتی نەخوازراوم هەڵدەسەنگاند. چەند رۆژێک پێشتریش خۆم هاتمە ئەو شوێنە و لە یەک دوو لە چێشتخانەکانیدا دانیشتم بۆ ئەوەی بزانم لە رۆژی هێرشەکەدا عەسکەرەکان هەتا چەند بە ئاگا دەبن لە زیلەکانیان، چێشتخانەکان ناوەوەیان کەمێک قوڵتربوو لە شەقامەکە و بەجۆرێک مێزەکانی رێکخرابوون کە قەرەباڵغی دروستدەکرد لە ناوەوە، ویستم بزانم ئەگەر بێتو هەوڵی گرتن یان بەرەو رووبوونەوە رووبدات ئەوان چۆن و لە کوێوە دێنە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکە و من کام کۆڵان و شەقامم بەدەستەوە دەبێت بۆ بەرەنگاریی کردن و خۆپارێزیی و پارێزگاری لەوانیتر.

ئیتر کاتی قاوەڵتیی نیوەڕۆ بوو، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە زیلەکان هەندێکجار نزیکەی دەرزەنێک دەبوون، بە رۆژ کەوتبوو، ئەو رۆژە ژمارەیان شەش زیل بوون، بەتاڵبوون و لەبەردەمی شەقامی چێشتخانەی بەردەکی سەرا بە ریز رایان گرتبوون، بەرانبەر بە شوێنی گەراجەکەی لە تەنیشت بازاڕە سەرداخراوەکە بوو، هەتا ئەم دواییانەش ئەو شەقامە هەر پڕ لە چێشتخانە بوو لە مەیدانی شاردا.
ئەو رۆژە زۆر گەرم بوو، یەک سەرباز و تەنانەت یەک کەسیش لەسەر شەقامەکە نەبوون زۆربەی کاتەکە، سایەق و ئەو یەک دوو سەربازانەیتری کە لە زیلەکاندا بوون پێکەوە وەکو هەموو رۆژێکتر لە ژوورەوە لەناو چێشتخانەکە بوون و خەریکی نانخواردنی نیوەڕۆ بوون، برنج و فاسۆلیا گرنگترین خواردنی ئەو چێشتخانانە بوو.

گەرمەی نیوەڕۆی چلەی هاوین بوو، هێندە گەرم بوو زۆرینەی زۆری خەڵکی لە ماڵەکانیاندا لەبەردەمی ساردکەرەوە (موبەریدە) دانیشتبوون، ئێمە لەو گەرما پڕوکێنەرەی هاویندا وەکو پشکۆی ئاگر داگیرسابووین لە بەردەرکی سەرا، من و هەردوو ژنە ئازاکانیتر بە تەنوورە و کراسی بێ قۆڵ و نیوقۆڵەوە بووین لە گەرمادا، دوو پیاوەکەش بە پانتۆڵی کاوبۆ و کراسی نیوقۆڵەوە. من لە سەرەوەی  شەقامی چێشتخانەکەوە وەستابووم (شوێنی دەستپێکردنی هێرشەکە) بەپێچەوانەی بەردەرکی سەرا بۆ ئەوەی لە کاتی هەڵاتنماندا شەقام و کۆڵانی جیامان لەبەردەستدا بێت لە فولکەکەی بەردەرکی سەراوە.

یەکەم کەس ئاوارە گەیشت و بینیم و قسەم لەگەڵ کرد سەبارەت بە چۆنێتی دەستپێکردنەکە، چەند چرکەیەک دوای ئەو تارا گەیشت و بینیم و ئەوەی بە ئاوارەم وتبوو دووبارەم کردەوە بۆی، ئەو رۆژە سۆران و ئەو کوڕەیترم هەتا دوای بەنزین رشتنەکە نەدی لەبەرئەوەی ئەرکی ئەمان دوای بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی ئاوارە و تارا بوون، خۆیان حەشار دابوو و چاوەڕیان دەکرد سەرەی ئەرکی ئەوان بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا کە دوو پیاوە ئازاکانم نەدی، بە هەردووک لە ئاوارە و تارام وت دەستپێبکەن و نە لەکاتی بەنزین رشتندا سەرنجیان لەسەر خەڵک بێت و نە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەیان سەیری کەس بکەن و ئاوڕبدەنەوە، بەڵکو بەهەمان خێرایی بڕۆن و نەوەستن و بە پەلە ئێرە بەجێبهێڵن بە هەرجۆرێک بۆیان دەکرێت. بە تارام وت هەر لای منەوە دەستپێبکات و بە ئاوارەم وت لە ناوەڕاستەوە دەستپێبکات هەر یەکەی تەنها بەنزین بەسەر سێ زیلدا بکەن (شەش زیل راگیرابوون ئەو رۆژە) بۆ ئەوەی زوو تەواوبن بەر لە بینینیان ئەگەر سێ زیلیان بۆ نەکرا ئەوا دوو زیل بکەن، گرنگە زوو تەواوبن بەر لەوەی ببینرێن.
 ئەو دوو ژنە وەک ئەوەی چاوەڕێم لێدەکردن زۆر ئازایانە و لە چاوتروکاندنێکدا دەستیانکرد بە بەنزین رشتن بەسەر تایەکاندا و لەوێوە یەکسەر بەهەمان خێرایی  بەنزین رشتنەکە بەردوام بوون بۆ بەجێهێشتنی ناوچەی هێرشەکە، یەکەمیان کە دەرباز بوو ئاوارە بوو، چونکە ئەو نزیکتر بوو لە فولکەکەی بەردەرکی سەرا و دەرباز بوو بەرەو شەقامی مزگەوتی گەورە. پاش دوو چرکەیتر تارا دەرباز بوو بەهەمان شەقامی بەرەو مزگەوتی گەورە و هەردووکیان دوو کەوتنەوە لە شوێنی سوتاندنی زیلەکان؛ لە چەند چرکەیەکدا ئیشی ئەوان تەواوبوو.

چاوم گێڕا بۆ دوو پیاوە ئازاکانی تیمەکە، بۆ چرکەیەک نەمدین، خەمی ئەوەم بوو بەنزینەکە وشک ببێتەوە، دەستمکرد بە جانتاکەمدا کە جگە لە دەمانچەکەم، چوار میزەڵدانی بچووکی پڕ بەنزین و چەرخێک و ئەو موستیلە سەر دەرزیەی لە دەستم دەکرد تیایدا بوو، ویستم چەرخەکە دەربهێنم، بەپەلە نزیک بوومەوە لە زیلی یەکەمی سەرەتای ریزەکە کە نزیک بە من بوو و ویستم خۆم  گڕبەردەمە زیلەکان، لە پڕ سۆرانم دی لەبەردەممدا گڕی لە یەکەم زیل بەردا ، من  لەسەرخۆ پاشەکشەمکرد و سەیری ناوەڕاستی ریزی زیلەکانم کرد ئەو کوڕەیترم بینی لە ناوەندی ریزی زیلەکانەوە وەستابوو و دەستی بە گڕتێبەردان کرد، هەردووکیان پێکەوە لە چاوتروکاندێکدا گڕیان لە زیلەکان بەردا و هیچیکام لە زیلەکانیان جێنەهێشت بەبێ سووتاندن.

چاودێرییم دەکردن بۆ دڵنیایی سەلامەتییان و دەمویست دواکەس بم ئەوێ بەجێبهێڵم، لە چاوتروکاندنێکدا گڕ و دووکەڵ چوو بە ئاسمانی شاری سلێمانیدا، دەتوت رۆژی نەورۆزە و ئاگرکراوەتەوە، هەتا ئەوکاتی نەمدیبوو گڕ هێندە بەخێرایی پەرەبسەنێت، من لە عەسکەرەکان و خەڵکەکە زیاتر حەپەسابووم بەو خێراییەی پەرەسەندنی گڕگرتن، هەموو ئەوانەی لە چێشخانەکاندا بوون بە سەرباز و خەڵکەکەوە رایانکردبووە دەرەوە و شڵەژان دروستبوو، خەڵکی سەیری سووتانی زیلەکانیان دەکرد. ئەوە باشبوو بەلامەوە کە قەرەباڵغی دروستبوو، چونکە لەناو قەرەباڵغییەکەدا ون دەبووین.

سۆران ئیشی خۆی زوو تەواوکرد و خێرا ئەوێی بەجێهیشت نەمدی بەرەو کوێ، لەبەر بینیم کوڕە ئازاکەیتر پاش ئەوەی ئیشەکەی خۆی تەواوکرد بۆ یەکدوو چرکەیەک لای فولکەکەی بەردەرکی سەرا وەستابوو و لەوە دەچوو نەیدەویست بەجێم بهێڵێت. ئەوە سەرنجی راگرتبووم و نەمدەویست بووەستێت، ترسام بگەڕێتەوە بەرەو لای من کە لەم سەرەوە وەستابووم، بەو بەردا (لە بەرئەوەی تینی ئاگری زیلە سووتاوەکان نەگاتە بەنزینی ناو جانتاکەی من) بەخێرایی رۆیشتم بەرەو رووی ئەو و فولکەکەی بەردەرکی سەرا، هەموو رێگەکەم بە جووڵەی دەمم و بە کەمێک توڕەییەوە، لەبەر خاتری خۆی، پێموت بڕۆ بڕۆ مەوەستە. باشبوو زوو تێگەیشت، بەر لەوەی بگەمە لای خێرا رۆیشت و من چەند مەترێک بەدوایەوە دەڕۆیشتم بێئەوەی قسە لەگەڵ یەکتریی بکەین هەتا گەیشتینە لای بەردەمی سینەما دڵشاد، لای بازاڕی دۆلارەکەی ئێستا، لەوێ ئەو سواری تەکسییەک بوو و رۆیشت.
ئیتر من دڵنیابووم کە هەموویان دەربازبوون بە سەلامەتی، هەر لەوێ لای بازاڕی دۆلارەکەی ئێستا منیش سواری تەکسییەک بووم بەرەو پیرمەسوور.گەیشتمە لای شەخسەکەی پیرمەسوور و کاک دڵشاد مەریوانی لەوێ بوو چاوەڕێی دەکردم، دڵنیام کردەوە وەکو هەموومان دەتوانێت بە سەلامەتی بچێتەوە ماڵەوە و بێ خەم بێت لە ئاشکرا نەبوونی کێ زیلەکانی بەردەرکی سەرای سلێمانی سووتاند.
ئەو وتی هەواڵەکە دەنێرن بۆ شاخ و لە رادیۆ بە هێرشێکی سەرکەوتوو و سەربەرزیی بڵاودەکرێتەوە. دوای نزیکەی هەفتەیەک یان دوو، کاک دڵشاد مەریوانی نامەی کاک نەوشیروانی بۆ هێنام، بە خەتی کاک نەوشیروان خۆی و بە مۆری سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، سوپاسی کردبووم لە نامەکەیدا بۆ سەرپەرشتیاریی رۆژی هێرشی سووتاندنی زیلەکانی بەردەرکی سەرا.
 
د. ساماڵ مانیی "هاوڕێ رابی"ی شاخ ، هەڵگری ناوی دایکم بووم کە پێش من ژنە سیاسیکاری ناوشار بوو لە پەنجا و شەستەکانی سەدەی رابردوودا.
 
س.ر
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan