د. ساماڵ مانی

د. ساماڵ مانی

ئۆپنهایمەر؛ داهێنەری بۆمبی ئەتۆمی

 ئەوەی پار بڕیارمدا نەینووسم و ئەمساڵ حەزدەکەم ئیزافەی بکەم.

کاتێک ساڵی پار لە ئەندەلوسیا؛ خوارووی ئیسپانیا، کتێبی "کواین، تێگەیشتن"م دەنووسی بە کوردی، باسی رەوتێکی گرنگی ناو فەلسەفە یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی؛ پۆزیڤیتیزم.

پار لەو نووسینەمدا، زۆر مەبەستم بوو باسی "رۆبەرت ئۆپنهایمەر (1904-1967) بکەم لەنێوان ئەوانیتردا- مەبەستم  لە زانایانی فیزیایە کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا و لە ناو جەنگە جیهانییەکاندا ژیابوون و لە ژێر کاریگەریی سەرکەوتنەکانی بواری فیزیادا بوون، ئەوانەی دروستکاری رەوتی پۆزیتیڤیزم/ لۆجیکاڵ پۆزیتیڤیزم بوون لە بواری فەلسەفەدا.

هەروەهاش مەبەستم بوو باسی ئەو کاتانە بکەم کە ئاینشتاین (1879-1955) نەفرەتی لە وڵاتی خۆی- ئەڵمانیا کرد و بەرەو ئەمەریکا سەری خۆی هەڵگرت و بوو بە پەنابەری سیاسی لەوێ.

بەڵام  ئەوکاتی بەپێویستم نەزانی کتێببەکەم ببێت بە ژیاننامەی زانایانی فیزیا، تەنها  بایی ئەوەندە  زانایانی فیزیام دوواند کە لە سوودی مەبەستەکەمدا بێت. ئاماژەم تەنها بەوانەیان کرد کە  پێشینەیان لە زانستی فیزیادا بوو، بەڵام فەیلەسووف بوون و دەستیان هەبوو لە دروستکردنی رەوتی پۆزیتیڤیزم لە فەلسەفەدا.

 ئێستا پێموایە دەبووایە بەکورتی لەو کتێبەمدا لەسەر ئۆپنهایمەر بمنووسیایە یا ئاماژەم پێبکردایە، بەدەر لەوەی ئەو فەیلەسوف نەبووە، بەڵکوو بەلای کەمەوە، لەبەرئەوەی بۆمبی ئەتۆمی لەگەڵ هەموو وێرانکارییەکەیدا و لەگەڵ رەتکردنەوەم بۆی و باوەڕم بەوەی کە نەدەبووایە دروستبکرایە، بەڵام چ بۆمبەکە و چ  ئۆپنهایمەر وەک زانای داهێنەر لە بواری فیزیا، کاریگەرییان هەبوو لە پرسی دەرخستنی هەبوونی "راستیی"  لە زانستدا بە پلەی باڵا.  لەهەمانکاتدا کاریگەریی ئیشکردنی چەند ساڵەی دروستکردن و پاشان سەرکەوتوویی بۆمبی ئەتۆمی،  پاڵنەر بووە هەم لە گەشەکردنی رەوتی پۆزیڤیتیزم و هەم لە پووکانەوەی رەوتی پۆزێتیڤیزم لەناو فەلسەفەدا.

 ئۆپنهایمەر زانایەکی گرنگ بوو، زانایەکی فیزیا بوو نەک فەیلەسوف. ئەو زانایەکی داهێنەر بوو، بۆ یەکەم جار "نیۆترین" و "پلیتۆنێۆم" و "یۆرانیۆم"ی تێکەڵکرد و کردی بە بۆمبی ئەتۆمی، ئەو بۆمبەی هەر دانەیەکی وێرانکارترە لە بیست هەزار تەنی "تی ئێن تی".

پاش ماندووبوونی جیهان لە کوشتار و وێرنکاریی بە دوو جەنگی جیهانییە یەک لەدوای یەکەکانی (1914 هەتا 1918) و (1939 هەتا 1945) زۆر لە خەڵکی شەقامی ئەو وڵاتانەی هێرشبەربوون و ئەوانەی تێوەگلابوون، خواخوایان بوو ئەو بۆمبە ئەتۆمییە سەرکەوتوو بێت و بەکاربهێنرێ و کۆتایی بە جەنگی جیهانی بهێنرێت، وەکو خۆیان دەیانووت '"بە یەکجاری" کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت.

ژاپۆن بەهێزبوو لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بەرانبەر بە ئەمەریکا و مەبەستبوو لە لایەن ئەمەریکاوە بترسێنرێت، هەروەها رووسیا؛ یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوسا، نەیەتە پێش و ئەوروپا نەخاتە ناو سنووری خۆیەوە.

بەو مەبەستە ئەمەریکا بڕیاریدا دژ بە ژاپۆن ئەو بۆمبە بەکاربهێنیت و لەهەمانکاتدا یەکێتیی سۆڤیەتی پێ بترسێنیت؛ ئەمەیە مەبەست کاتێک لە نووسینەوەی مێژوودا وا ناودەبرێت و پێی دەوترێت "تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە ژاپۆن".

 ئەمەریکا لە سەروەختی ئەوەدا بوو ببێت بە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، بڕیاریدا ئەو بۆمبە بەسەر ژاپۆندا تاقیبکرێتەوە و ئۆپنهایمەر نەک هەر دەیزانی، بەڵکو چەند ساڵێک بوو لە گەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا  بەو مەبەستە ئیشی لەسەر دەکرد و وا بڕیار بوو بەر لەوەی سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوە لەگەڵ ستالین دا بکات، مەترسیی خاوەندارێتیی  ئەو جۆرە بۆمبە کە ئەمەریکا، بە تەنها لەناو وڵاتانی جیهاندا خاوەنێتی، لە ئارادا بێت و دەرکەوتوو بێت. 

 لە هەڵبژاردنی لەکوێ بۆ یەکەم جار ئەو بۆمبە تاقیبکرێتەوە، زۆر شوێنیتر لەسەر زەوییدا هەبوو کە ئەگەر مەبەست تەنها لە تاقیکردنەوە بووایە، ئەو شوێنانەی بۆمبەکەی تیا تاقیبکرایەتەوە زیانێکی وای نەدەبوو.  ئەگەر سوریش بوونایە لەسەر ترساندنی ژاپۆن، پیشاندانی هێز بەرانبەر یەکێتتی سۆڤیەت، ئەوا شاری زۆر هەبوو لە ناو سنووری ژاپۆن دا کە وێران ببوو لە دوو جەنگە جیهانییە بەردەوامەکەدا و چیتر خەڵکی تیا نەدەژیا ، دەکرا لە یەکێک یان دوو لەو شارانەدا بووایە ئەو تاقیکردنەوەیە و دیسانەوە زیانی کەمتر دەبوو و مرۆڤی کەمتری پێ دەکوژرا.

 سەرەڕای ئەمە، بە کۆ بڕیاریاندا شاری "هێرۆشیما" و شاری "ناكازاکی" ئەو شوێنە بێت بۆمبی ئەتۆمی تیا تاقیبکرێتەوە لەبەرئەوەی وێران نەکرابوون و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتبوو لە ناو هەردوو جەنگە جیهانییەکەدا، بۆ ئەوەی کاریگەریی وێرانکاریی جیۆلۆجی و مرۆیی و ژینگەیی زیانی بۆمبی ئەتۆمی بە باشی تیادا دەربکەوێت بۆ خاوەنی بۆمبە ئەتۆمییەکە کە ئەمریکا بوو، هەروەها هەتا جیهان باش بیبینێت چ مەترسییەکە و چۆن دوژمنی ئەمەریکا لەناو دەبرێت لە داهاتوودا.

 دەبینن چۆن ئەوان تەنها بیریان لەوە دەکردەوە کە سەرکەوتن بەدەستبهێنن و گەمەی شەڕکردن ببەنەوە، چۆن بەسەر دووژمنەکەیاندا سەرکەون، چۆن ترساندن گرنگتر بوو لە پارێزگاریی خەڵکی بێتاوان لەو جەنگانەدا، گرنگ نەبوو کە بەردانەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە ئاسمانەوە هێندەی هەردوو جەنگی جیهانی مرۆڤی کوشت.

 کەس بیری لەوە نەکردەوە ئەو بەکارهێنانەی بۆمبی ئەتۆمی لەو دوو شوێنەدا کە هێشتا خەڵکی بێتاوانی تیادا دەژیان و وێران نەکرابوون لە جەنگدا، جگە لەوەی دەکوژرێت دوو هێندەی پێ سەقەت دەبێت، کاریگەریی دەبێت لەسەر رووەک و کوشتن و زاوزێکردنی ئاژەڵ و زیندەوەران بەگشتی.

  بەمەبەستی بردنەوەی جەنگ بڕیاردرا و دوو بۆمبی ئەتۆمی لە یەک کاتدا و بۆ یەکەم جار لە شەشی مانگی هەشتی ساڵی 1945دا  تەقێنرایەوە بە  شاری هێرۆشیما و شاری ناکازاکی لە ژاپۆن دا.

  ژاپۆن دەستبەجێ ناچاربوو بەبێ هیچ مەرجێک خۆی رادەستبکات لە جەنگەکەدا، بەهەمان شێوە هەموو ئەوانەی جەنگیان بەرپاکردبوو یان تێوەگلابوون ترسان و هەر بەوەش جەنگی جیهانی دووەم کۆتاییهات یان وەک دەڵێن "بڕایەوە". بردنەوەیەک لە یەک چرکەدا  دوو سەد و بیست و شەش هەزار کەسی کوشت.

گەرچی ئیتر ئەو بۆمبە ئەتۆمییە هەتا ئێستا بەکارنەهێنراوەتەوە، بەڵام هەر یەکسەر و بەبێ دواکەوتن یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوسا و ستالین، دەستیانکرد بە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، چەند ساڵێکی کەم دوای ئەوە و لە ساڵی 1949دا  یەکێتیی سۆڤیەت بۆمبی ئەتۆمی تاقیکردەوە و پیشانیدا کە زلهێزە و دەتوانێت جەنگ بباتەوە ئەگەر جەنگ لە دژی بکرێت.  دوای ئەمان، هەندێک لە وڵاتانیتریش بوون بە خاوەنی ئەو بۆمبە ئەتۆمییە بە ئاشکرا و بە دزییەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، چەند ساڵێک لەمەوبەر هاوڕابووم لەگەڵ پیاوێکی سەرباز لە سوپای بەریتانیدا،  لە ساڵیادی کۆتایی جەنگی جیهانیدا، کاتێک لە دیبەیتێکدا وتی "ئەگەر جەنگمان نەبردایەتەوە ئێستا تۆش و ئێمەش ناچاردەکراین تەنها بە زمانی ئەڵمانی بیرمان بکردایەتەوە و لێرەش تەنها دەمانوێرا بە ئەڵمانی ئەم دیبەیتەمان بکردایە".

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan