کوردستانی

بانکەی دجلە و فورات لە عیراق مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند

مەودا میدیا - سلێمانی |


 بانکەی دجلە و فورات لە عیراق مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بانكی‌ دیجله‌ و فورات کە چەندین لقی لە هەرێمی کوردستان و عیراق هەیە مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند بەمەش ئەوکەسانەی پارەیان لەو بانکە دانەوە تووشی زیانێکی زۆر دەبن چارەنووسی پارەکەیان نادیار دەبێت.

د.نه‌رمین مه‌عروف غه‌فور، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق بە مەودا میدیای رایگه‌یاند "بابه‌تی‌ مایەپووچبوونی بانكی‌ (دیجله‌ و فورات)، كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ دروستكردووه‌ له‌و شارانه‌ی‌ كە‌ لقی‌ هه‌بووه‌، ئه‌و بانكه‌ بانكێكی‌ ئیسلامییه‌ و هه‌شت لقی‌ هه‌بووه‌ له‌ عیراق، كه‌ دووانیان له‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ بووه‌".

ئاماژەی بەوەکرد "ئه‌م بانكه‌ له‌ 2016ه‌وه‌ تووشی‌ قه‌یرانی‌ نه‌ختینه‌ بووه‌ و نه‌توانیووه‌ كاره‌كانی‌ خۆی‌ باش به‌ڕێوه‌ ببات، بۆیه‌ خراوه‌ته‌ ژێر چاودێری‌ بانكی‌ ناوه‌ندییه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ تووشی‌ بووه‌ به‌رده‌وام بووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كان له‌ پێدانی‌ قه‌رز و وه‌رگرتنی‌ ئه‌سپارده‌ی‌ بانكی‌ تاوه‌كو مانگی‌ 12ی‌ ساڵی‌ رابردوو".

باسی‌ له‌وه‌شكرد "بانكی‌ (دیجله‌ و فورات) له‌ مانگی‌ یه‌كی‌ ئه‌مساڵ به‌ نووسراوێك هه‌موو مامه‌ڵه‌كانی‌ دانان و راكێشانی‌ پاره‌ی‌ له‌ هه‌موو لقه‌كانی‌ راگرتووه‌، له‌ئێستادا بانكه‌كه‌ ئاماده‌ نییه‌ هیچ پاره‌یه‌ك بگێڕێته‌وه‌ بۆ خاوەن ئه‌سپارده‌ بانكییه‌كانی‌".

د. نەرمین مەعروف وتی "دوێنێ دووشەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2022 بۆ ئەو مەبەستە نووسراوێكم ئاڕاسته‌ی‌ سەرۆکی لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مان كرد، كه‌ خۆشمم ئه‌ندامم تێیدا، چونكه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كۆمه‌ڵێ‌ خه‌ڵكی‌ زۆره‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ عیراق و هەرێم، به‌دڵنیاییه‌وه‌ مافی‌ هه‌زاران مامه‌ڵه‌كاری‌ بانكه‌كه‌یه‌ كه‌ هه‌موو پاره‌كه‌یان بۆ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌".

وتیشی "له‌به‌ر رۆشنایی‌ نووسراوه‌كه‌ی‌ من بۆ لیژنه‌ی‌ دارایی‌، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق نووسراوێكی‌ ئاڕاسته‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق كردووه‌، بۆ روونكردنه‌وه‌ی‌ رێكاره‌كانی‌ چۆنیه‌تی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بانكانه‌ی‌ كه‌ مایەپووچبوونی خۆیان راگه‌یاندووه‌، به‌ مه‌به‌ستی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ماف بۆ خاوه‌ن ئه‌سپارده‌ بانكییه‌كان".

د.نەرمین مەعروف، رونیشیكرده‌وه‌ "ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ چاوه‌ڕێی‌ وه‌ڵامی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌كه‌ین، سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكی‌ گرنگه‌ و په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌ مافی‌ مامه‌ڵه‌كارانی‌ ئه‌و بانكه‌ و هه‌موو بانكه‌ هاوشێوه‌كانی‌ كه‌ مایەپووچبوونی خۆیان راگه‌یاندووه‌".


س،ر
Qaiwan
Qaiwan