نەرمین عوسمان
ژن و ئاشتی و ئاسایش
زیادکردنی بەشداری ژنان بەگشتی لە پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتی و نەهێشتنی دووبەرەکی و ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان، لە خاڵە هەرە گرنگەکان و جێی بایەخی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەم بابەتەش بۆ یەکەم جار ساڵی 2000 خرایە خشتەی کارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاش ئەوەی بڕیاری (1325)ی پەسەند کرد، کە پەیوەندی بە ژن و ئاشتی و ئاسایشەوە هەبوو. لەگەڵ ئەوەی زۆربەی وڵاتان واژوویان لەسەر رێککەوتننامە و پرۆتۆکۆڵەکان کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا بەشێوەی فەرمی بەشداریی ژن بۆ بنیاتنانی ئاشتی، زۆر کەمە. لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ناکۆکییان تێدایە، هێشتا ستراتیژ و پلانی داڕێژراو نییە و تا رادەیەک بڕیارەکە هەر قسەیە لایان.
دەرچوونی ئەم بڕیارە، بەهۆی ئەوەوە بوو کە ناکۆکییە چەکدارییەکان و شەڕ و ئاژاوە، لێکەوت و کاریگەریی خراپ و مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتیش لەسەر ژن، کچ و منداڵ زۆر زیاترە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ژن زەحمەتتر دەستی دەگاتە کەرەستەکانی خۆپارێزی و ئەو شوێنانەی پاراستنی خۆی و منداڵانەکانی فەراهەم دەکەن، هەروەها دەرفەتی دابینکردنی بژێوییان زۆر کەم دەبێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، زۆربەی جار لە کاتی ناکۆکییەکان، ژنان و کچان رووبەڕووی توندوتیژیی مەترسیدار دەبنەوە لەسەر بنەمای جێندەری و جیاوازیی رەگەزی، هەر بۆیە قوربانیی سەرەکین.
لەبەر ئەم هۆیانە، گرنگ و پێویستە ژنان بە چڕی و بە کردار بەشدارییان پێ بکرێت لە پرۆسەی ئاشتی و ئارامیدا، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە:
- دەوڵەت و حزبەکان پلانی داڕێژراویان هەبێت.
- ئەو ژنانەی کە توانای باوەڕپێهێنانی بەرانبەریان هەیە، دەستنیشان بکرێن و خولی تایبەتیان لەسەر شێوازی گفتوگۆی سەر مێزی رێککەوتن بۆ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لایەنە ناکۆکەکان هەڵبسەنگێنن، هەروەها بۆ چۆنیەتی دروستکردنی ژینگەی گفتوگۆ.
- خولی تایبەت بۆ میدیاکارە ژنەکان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی شەڕ و ناکۆکییەکاندا شارەزایانەی مامەڵە بکەن.
بە جەختکردنەوە لەسەر ئەو وتەیەی کە دەڵێت: لە هەر شوێنێک ناکۆکیی هەبێت، دەبێت ژنان بەشێک بن لە چارەسەر. لەبەر ئەوە پێویستە رێکخراوەکانی ژنان بەیەکەوە کار بکەن، پلان دابڕێژن و تۆڕێکی تۆکمە دروست بکەن بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، هەروەها پێش روودانی حاڵەتە نەخوازراوەکان، رۆڵی خۆیان ببینن بۆ رێگری لە روودانیان. تۆڕ و رێکخراوی هاوشێوەی (ژنانی ئاشتی لە سەرتاسەری جیهان) دروست بکەن، یاخود ببن بە ئەندام تێیدا، بۆ ئەوەی لە کاتی شەڕ و پێکداداندا بتوانن رێگر بن لە تەشەنەکردنی ناکۆکییەکان.
یەکێکی تر لە ئەرکە گرنگەکانی ئەو پلان و ستراتیژانە؛ دەبێت ژنانی ئاشتیخواز شارەزاییەکی باشیان هەبێت لەسەر چۆنیەتی هاوکاری و مامەڵەکردن لەگەڵ ژنانی قوربانیی جەنگ (پاشماوەی جەنگ). هەروەها دەکرێت هەوڵ بدرێت ژنە بەتەمەنەکان و ئەوانەی لەناو کۆمەڵگەدا رێزی تایبەتیان هەیە، قسە و هەڵوێستەکانیان بەهەند وەربگیرێن و لە پرۆسەی ئاشتیدا بەشدارییان پێ بکرێت.
پرۆسەی ئاشتی، کارێک نییە تەنیا تایبەت بێت بە پیاوان.
پێشکەوتنی کاری دیپلۆماسی و کردنەوەی خول بۆ ژنان لەو بارەیەوە، زۆر گرنگە. زۆر جار چارەسەری ناکۆکییەکان و نێوەندگیری، بەهۆی ئەوەی ئەو ژنانە نوێنەری هەمووان نین و ئەو ئامڕازانەی لەبەر دەستیاندایە ئەوەندە نییە بتوانن رۆڵی خۆیان بەتەواوی بەئەنجام بگەیەنن، سەرکەوتوو نابن... هەندێک جار ئەمە بۆ پیاوانیش بەهەمان شێوەیە.
ژنان پێویستیان بە هاوکاریی سیاسی، تەکنیکی، لۆجیستی و دارایی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەشدارییەکی کارایان هەبێت لەو پرۆسەیەدا کە بەپێی قۆناغ و سەردەم گۆڕانی بەسەردا هاتووە. جاران بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان، تەنیا بەربژێرە سیاسی و سەربازییەکان بەشدار دەبوون، ئێستا دەبێت هەمووان بەشدار بن و رۆڵی سەرەکیش بدرێت بە ژن و بە کرداریی بەشدار بن لەو پرۆسەیەدا.
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
خ.غ
خ.غ