نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ژنان

هۆکارەکانی توندوتیژی زۆرن، ئەمەی لێرەدا باسی دەکەین، ئەوانەن کە دەبنە هۆکار بۆ توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، کە بریتین لە:
 
یەکەم: هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان:
پێوەرەکانی کولتوور و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان، بەهێزترین هۆکارن بۆ نایەکسانیی لە نێوان ژن و پیاو. بەپێی چەندین توێژینەوەی ئیتنۆگرافی (زانستی رەگەزناسی) و ئەنترۆپۆلۆژی (زانستی مرۆڤناسی)، لە هەندێک کۆمەڵگە لێدانی ژن و هاوسەر بەتایبەتی، کارێکی رەوایە، لە هەندێکیشیاندا بە پێویستی دەزانن.
هەندێک فاکتەر هەن وا دەکەن ژنان ملکەچی پیاوان بن، وەک: مارەیی، بەمنداڵی بەشوودان، ژن بە ژن، بەکارهێنانی ژن وەک ئامڕازێک بۆ سوڵحکردن... لەو حاڵەتانەشدا، شوێنێکی پارێزراو و شیاو بۆ ئەو جۆرە ژن و کچانە نییە کە بتوانێت تا رادەیەک ئاگاداری رەوشی ژیان و بوارەکەی خۆی بێت.
ناکۆکیی نێوان ژن و مێرد بەهۆی جیاوازی ئەو ژینگەیەی لێوەی هاتوون، یاخود جیاوازیی لە بۆچوون و باوەڕەکانیان، وا دەکات کێشەی بەردەوامیان هەبێت و زۆر جاریش بە توندوتیژی کۆتایی دێت، هەروەها دەستتێوەردانی لایەنی سێیەم.
 
دووەم: هۆکارە سیاسییەکان:
رۆڵی دەوڵەت گرنگە لە سنووردانان بەهۆی یاساکان و بەدواداچوون و دادپەروەریی لە جێبەجێکردنی یاساکان، ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندیی ژندا نین، پشتیوانییەکن بۆ ژینگەی توندوتیژی، چونکە کەسە توندوتیژکان بەڵگە دەهێننەوە بەو یاسایانە و رزگاریان دەبێت لە تۆمەت و سزاکان. هەروەها ئەو یاسایانەش کە لە بەرژەوەندیی ژناندان، جێبەجێکردنیان وەکوو پێویست نییە.
 
سێیەم: هۆکاری ئابووری:
سەربەخۆیی ئابووری، ژن بەهێز دەکات و قبوڵی هەموو جۆرە توندوتیژییەک ناکات و ملکەچ نابێت. پشت بەستن بە پیاو لە رووی ئابوورییەوە بۆ بژێوی، وا لە ژن دەکات بەناچاری زۆرێک لە ئازارەکان قبوڵ بکات. کەمدەرامەتی و بێکاریی ژنان، هەندێک جار دەگەڕێتەوە بۆ نەخوێندەواری و نەبوونی هەلی کار، ئەگەر کارێکیش هەبێت، ئەوا زیاتر بۆ پیاوانە. 
هەروەها بەشوودانی کچ پێش تەمەنی 18 ساڵ، یاخود بەشوودان لەژێر فشاردا، وا دەکات پیاو لە رووی دەسەڵاتی ئابوورییەوە زاڵتر بێت و ناچار نەبێت خواستەکانی گەنجێک فەراهەم بکات، یاخود گوێی ناداتێ.
لە لایەکی تریشەوە، نەبوونی و کەمدەرامەتی، پیاوان دەخاتە ژێر فشاری ژیان و دەبێتە هۆی ناجێگیریی باری دەروونیی، کوردوتەنی "کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە".
 
چوارەم: هۆکاری دەروونی:
بەهۆی تێکچوونی باری دەروونی، یاخود شڵۆقی و ناجێگیریی کەسایەتی پیاو، زۆربەی جار پیاوێکی توندوتیژی لێ دەردەچێت و یەکەم رووبەڕووبوونەوەش خاڵە لاوازەکانی خێزانە، کە ژن و منداڵن و پشکی شێریان لەو توندوتیژییە بەردەکەوێت.
 
پێکهاتەی کۆمەڵگە:
کۆمەڵێک نەریت و بیروباوەڕ هەن کە تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەری پێک هاتوون و وردە وردە بەپێی سەردەم و کات بوون بە پێوەری کۆمەڵایەتی و رەگیان داکوتیوە. بەداخەوە، کە زۆربەیان نەرێنین و ئازاربەخشن، دەسەڵاتی پیاویان بەسەر ژندا سەپاندووە و هەر ئەو پێوەرانە وایان کردووە پیاوان لە ژنان گرنگتر بن، لەو حاڵەتەشدا توندوتیژی دەبێتە رەوشێکی گشتی و هیچ شەرمەزارییەکی تێدا نابێت، بەڵکوو بە ئازایەتیش لەقەڵەم دەدرێت.
 
جگە لەو هۆکارانەی باسم کردن، چەندین هۆکاری دیکەش هەن، بۆ نموونە:
- جاری وا هەیە ژنان خۆیان هۆکارن، چونکە بێدەنگ دەبن لە بەدەستهێنانی مافەکانیان و لە ترسی کۆمەڵگە بەگشتی و پیاو بەتایبەتی، ملکەچبوونیان بۆ پیاو بەلاوە پەسەندترە. هەندێک جاریش ژنان دەترسن لەوەی روو بکەنە دادگە و داوا تۆمار بکەن، چونکە باوەڕیان وایە دادگە و یاساکان پارێزگارییان لێ ناکەن، یاخود بەهۆی بوونی منداڵ و هەستی بەهێزی دایکایەتییەوە، بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە بەرانبەر ئازاردانیان و پێشێلکردنی مافەکانیان.
- نەشارەزاییە لە یاساکان، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان، زۆرێک لە ژنان شارەزاییان دەربارەی یاساکان و مافەکانیان نییە و دوورەدەستن لە رێکخراوەکانی ژنانەوە، هەندێک جاریش باوەڕیان بە رێکخراوەکان نییە کە پشتیوانیکردنیان ئەرکی سەرەکییان بێت.
- رۆڵی نەرێنیی دامەزراوەکانی راگەیاندن، کە لە زۆر رووەوە هاندەرن بۆ توندوتیژی.
- نزمیی ئاستی خوێندەواریی لاى هەردوولا (ژن، پیاو)، وا دەکات شارەزاییان بە ئەنجامەکانی توندوتیژی نەبێت و هەوڵی چارەسەری کێشەکانیان نەدەن بەشێوەیەکی هێمنانە و ئاشتییانە.
- ئەو ژینگە خێزانییەی کە ژن و پیاو لێوەی هاتوون. توندوتیژی خێزانی، توندوتیژی بەرهەم دەهێنێتەوە و نەوەی ناجێگیر و توندوتیژ دەخەوە.
- نەبوونی وانەی تایبەت لە خوێندنگەکان لەسەر توندوتیژی، ئەگەر هەشبن لە ئاستی پێویستدا نییە و پەروەردەیی نین.
- نەگونجانی ژن و پیاو و لێکتێنەگەیشتن لە کاتی پەیوەندییە تایبەتییەکانی لایەنی سۆزداری.
- مارەبڕین لە دەرەوەی دادگە، کە ئێستا لە کوردستان رێژەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە...


*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan