کوردستانی

لێدوانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی گۆڕانكارییەكانی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار

مەودا میدیا - سلێمانی |


لێدوانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی گۆڕانكارییەكانی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار
مەودا میدیا-كاروان مەحمود 

ئەندامێكی لیژنەی دارایی باس لە بەردەوامی ناجێگری بەهای دۆلار بەرانبەر دینار دەكات و دەڵێت "لایەنەكانی عیراق هۆكاری ئەو گۆڕانكارییانەن كە لەبەهای دۆلار روودەدات و ئامانجیانە دەرفەتی سپی كردنەوەی پارە و بەهەدەردانی پارەیان هەبێت".

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند "گۆڕانكارییەكانی بەهای دۆلار هۆكاری سیاسی و لە پشتە لە عیراق و  لایەنەكان هۆكاری ئەو گۆڕانكارییانەن ئەوەش لە پێناو سپی كردنەوەی پارەكان و بوونی دەرفەت بۆ بەهەدەردانی پارەیە".

لەبارەی كاتی جێگیربوونی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار وەكو پێشتر چەندینجار لێدوانی لەسەر دراوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی "ئەو پرسە پەیوەندی بە خواستی لایەنەكانی عیراق هەیەو هەركات بیانەوێت دەتوانن بەهای دۆلار جێگر بكەن بەڵام كاتێكی دیاریكراو نییە بۆ ئەوە و تارادەیەكی زۆریش دەستی دەرەكی لەو پرسە كاریگەری هەیەو لە ئێستادا ئەمەریكا مەبەستێتی بەهای دۆلار جێگیر بكرێت بەڵام تا ئێستاش هەوڵی لایەنەكان بۆ ئەوەیە ئەم ناجێگرییە لە بەهای دۆلار هەبێت و ئەوەش رەنگە مەترسییەك بێت لەسەر حكومەتەكەی سودانی و دەبێت هەنگاوی پێویست بگرێتە بەر لەوبارەیەوە و بۆ ئەوەش كاتی زۆر و هەنگاوی وردی پێویستە".

جێی باسە پێش هاتنی ساڵی تازە بانكی ناوەندی چەندینجار جەختی لەسەر ئەوە كردەوە بەهای دۆلار جێگیر دەبێت و هیچ مەترسییەك لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار بەرانبەر دینار نییە، بەڵام لە ئێستادا بەردەوام گۆڕانكاری لەبەهای دۆلار بەرانبەر دینار هەیەو تا ئێستاش بەهای دۆلار نەگەیشتووەتە خوار 150 هەزار و ئەمڕۆش بەهای دۆلار بەرانبەر دینار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە پێش داخستنی بازاڕ بەهای 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزار.

ك م 
Qaiwan
Qaiwan