کوردستانی

كۆبوونەوەیەك لەبارەی دۆخی چاكسازییەكان بەڕێوەچوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


كۆبوونەوەیەك لەبارەی دۆخی چاكسازییەكان بەڕێوەچوو
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ بەسەرپەرشتیی د.رێواز فائق كۆبوونەوەیەكی فراوان لەبارەی رەوشی چاكسازییەكانی هەرێم بەڕێوەچوو كۆبوونەوەكەش راوێژكاری بووە و هیچ بڕیارێكی لەبارەی لێبوردنی گشتی نەدراوە و چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی".

ئەمڕۆ یەكشەممە 8ی كانوونی دووەمی 2023 بەمەبەستی تاووتوێكردنی رەوشی چاكسازییەكان لە هەرێمی كوردستان و چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانیان، بەسەرپەرشتیی د.رێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەبوونی هەریەك لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، د. ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، داواكاری گشتی، سەرۆكایەتیی هەرێم، مونا یاقۆ سەرۆكی دەستەی گشتیی مافەكانی مرۆڤ و هەردوو لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ و كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، لە هۆڵی پڕۆتۆكۆل لە تەلاری پەرلەمان، كۆبوونەوەیەكی فراوان بەڕێوەچوو.

باس لەوەشكراوە "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر رەوشی چاكسازییەكان لە هەرێمی كوردستان و كێشە و گرفتەكانیان، چۆنیەتیی مامەڵەی یاسایی لەگەڵ سزادراوان، جێبەجێكردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و باشتركردنی رەوشی خزمەتگوزاری لە چاكسازییەكان كرا و لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردنی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێكی گشتگیریان لەوبارەیەوە پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد كە لە ئەنجامی سەردانە مەیدانییەكانی ماوەی رابردوو بۆ چاكسازییەكانی هەرێم ئامادەیان كردبوو".

لەبارەی لێبوردنی گشتی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان بۆ مەودا میدیا وتی "ئەو كۆبوونەوەیە راوێژكاری بووە و لەسەر لێبوردنی گشتی هەوڵەكان بەردەوامن و پرۆژە یاساكە دراوەتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و دوای كۆتایی هاتنی پشووی پەرلەمانی كوردستان و خستنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەكە ئەوكات قسەی لەسەر دەكەین و لە ئێستادا هیچ قسەیەكی لەسەر ناكەین".

ك م 

Qaiwan
Qaiwan