کوردستانی

وەزارەتی كارەبا: بۆ ئەمساڵ چەندین پرۆژەی نوێی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكەوێتە كار

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی كارەبا: بۆ ئەمساڵ چەندین پرۆژەی نوێی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكەوێتە كار
مەودا میدیا-

وەزارەتی كارەبا دەڵێت "لە 2022 دا وێڕای چاكسازیی لە سێكتەری كارەبا توانراوە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكرێت و هاوكات  بۆ ئەمساڵیش چەندین پرۆژەی نوێی بەرهەمهێنان دەكەوێتە كار".

پێشڕەو نوری، بەڕێوەبەری گشتيی بەرهەمهێنانی كارەبا لەوەزارەتی كارەبا داتاو زانیاری تایبەت بە هەنگاوەكانی چاكسازیی و سیانەكردن و جێبەجێكردنی پرۆژەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای لە ماوەی ساڵی 2022 خستەڕوو رایگەیاندووە "دامەزراندنی دوو یەكە لە وێستگەی بازیان بە توانای 500 مێگاوات بە رێژەی لە لەسەدا 95ی كارەكانی تەواو بووە و دەستكردن بە دامەزراندنی (combine cycle ) لە وێستگەی بازیان بە توانای 250 مێگاوات بە سوود وەرگرتن لە گەرمی دەرچوو لە گزۆزەكانی تۆرباینەكانی تری وێستگە لە كاتی ئیشكردن و دەستكردن بەكارەكانی دیزاین و روپێوكردن لە وێستگەی گازی خورمەڵە بۆ دامەزراندنی (combine cycle ) بە توانای 500 مێگاوات بە سوود وەرگرتن لە گەرمی دەرچوو لە گزۆزەكانی تۆڕباینەكانی تری وێستگە لەكاتی ئیشكردن".

باس لەوەشكراوە "دوای ئەنجامدانی گرێبەست دەستكرا بە كارەكانی ئامادەكاری و دیراسەكردن و كۆكردنەوەی داتاو زانیاری پێویست بۆ دامەزراندنی سێ وێستگەی بەرهەم لە رێگای وزەی خۆر بە توانای 25 میگا وات بۆ هەر یەكێكیان كە دووانیان دەكەونە پارێزگای هەولێر وە یەكێكیان دەكەوێتە پارێزگای دهۆك و هەروەها كارەكانی دامەزراندنی گەورەترین وێستگەی وزەی خۆر لە سەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان لە ناو زانكۆی دهۆك تەواوكرا بە توانای 2 مێگاوات لە رۆژی 21-12-2022 دەستی بە بەرهەمهێنان كرد، كە پێكهاتووە لە (3 هەزار و 782 پەنەڵی وزەی خۆر) لە سەر رووبەری 20 هەزار و 400 مەتر دووجا بنیات نراوە".

ئەوەش راگەیەندراوە "بە مەبەستی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سەرچاوەكانی وزەی خاوێن هاو تەریب لەگەڵ وێستگەكانی وزەی خۆر گرێبەست كرا بۆ پرۆژەی دامەزراندنی 4 وێستگە كە ناسراون بە (Kinetic power Plant)  لە هەر 4 ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان (ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زاخۆ، راپەرین و ئیداەری سەربەخۆی گەرمیان و زەوی پێویستیش رادەستی كۆمپانیای وەبەرهێنان كراوە، ئیستا لە قۆناغی دیزاین و كارەكانی ئامادەكارییە بۆ دەستكردن بە جێبەجێ كردنی پرۆژەكان".

ئاماژە بەوەشكراوە "نۆژەنكردنەوە و بەگەڕخستنەوەی ئەم وێستگانەی خوارەوە كە وەستابوون، دووبارە ئیشپێكردنەوەیان بە سووتەمەنییەكی زۆر هەرزان تر بە جۆرێك كە تێچووی بەرهەم هێنان بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، وێستگەكانیش( وێستگەی 51 مێگاواتی تاسڵوجە، وێستگەی 29 مێگاواتی هەولێر، وێستگەی 29 مێگاواتی سلێمانی، وێستگەی 29 مێگاواتی دهۆك كە رێژەی كارەكان لە ٩٠% ی تەواوبوون و جگە لەوانەش تەواو بوونی كارەكانی پرۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلوك بە رێژەی (٩٥%)  و ئەنجام دانی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بە مەبەستی ئیشپێكردن و كارەكانی سیانەكردن بۆ ماوەی (7 ساڵ) كە لە پلاندایە دوای تەواوبوونی كارەكانی وێستگە دەست بەكاربن بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و بە سوود وەرگرتنیش لە گازی بە فیرۆچووی بیرە نەوتەكان، گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان كردووە بۆ دروستكردنی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بە توانای (100مێگاوات) لە قۆناغی یەكەم و، دواتر زیادكرنی توانای بەرهەمهێنان بۆ 300 مێگاوات بە پێی ئەو غازەی بەردەست دەبێت".

هاوكات كاریشكراوە بۆ سیانە لە سەر یەكەكانی وێستگەی كاڕۆئاوی دوكان كە چەند ساڵێك بوو وەستا بوون و لە ئیستادا لە كۆی 5 یەكە (4) یەكەیان ئامادەیە بۆ بەرهەمهێنان، بەڵام لەبەر كەمی ئاستی ئاو و كەمی باران توانای بەرهەمهێنان سنووردار كراوە بە جۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ بڕی ئاوی رۆیشتوو لە بەنداوی دوكان و بەهەمان شێوەی وێستگەی دوكان لە ویستگەی هایدرۆ پاوەری دەربەندیخان دریژە بە كارەكان سیانە دراوە لە لایەن ئەندازیاران و تەكنیكارانی ئەم وێستگەیە بە جۆرێك كە لە ئێستادا لە كۆی 3 یەكە (2) یەكەیان ئامادەیە بۆ بەرهەمهێنان، بەڵام بەهەمان هۆكاری كەمی ئاست ئاو توانای بەرهەم سنووردار كراوە.

ك م 
Qaiwan
Qaiwan