نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

راپەڕین؛ گەڕانەوە بۆ دوێنێ لەپێناو سبەینێدا

سەروەختی راپەڕین تا ساڵانێک دواتریش، لەبەردەم مەترسییەکانی گەڕانەوەی داگیرکاری و چەوساندنەوە و لەناوچووندا بووین، ئەو مەترسییانە وایان لە خەڵک و هێزە سیاسییەکان کردبوو کەوا بە رۆحیەتی خاکەڕایی و هەموو شت لەپێناو پاراستنی کوردستاندا کار بکەن، کوردستان پیرۆزترینی ژیانی هەموومان بوو. راستە ئەزموونی دەوڵەتداریی دوای راپەڕین زوو کەرت بوو، هیواکان ژاکان، براکان دەستیان چووە خوێنی یەکتر، بەڵام نەیتوانی پیرۆزیی کوردستانمان لا کاڵ بکاتەوە، سەرەنجام شەڕ کۆتاییهات و دوای هەوڵ و ماندووبوونی زۆری خەمخۆرانە، قەوارەکەمان لە لەناوچوون رزگاری بوو.

رۆحیەتی سەردەمی راپەڕین، رۆحیەتی شۆڕشگێڕیی شاخ و گیانبازی و بەرخودان بوو، رۆحیەتی یەکگرتنی دوای شەڕی حزبەکان لە شاخ و کوبوونەوەیان لەژێر چەتری بەرەی کوردستانی، کە کاروانی سەرکەوتنەکەی گەیشتە کەرکوکی قودسی کوردستان، ئەمە بووە تاجی سەرکەوتنی راپەڕین.

راپەڕین بوو بە سەرەتایەک بۆ چێکردنی ژیانێکی نوێی سیاسی، ئابووری، کومەڵایەتی و فەرهەنگی، جیاواز لە شۆڕشەکانی دیکەی پێشووی کورد، راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ هەم ژن تیایدا بەشدار بوو، هەم بوو بە سەرەتایەک کەوا ئیتر ژنان وردە وردە بکەونە سەر پێی خۆیان و داوای مافەکانیان بکەن، راستترە بڵێم ژن هەم بەشداری ئازادکردنی کوردستان بوو، هەم قۆناغی دوای راپەڕینی کردە سەرەتای دەستکردن بە راپەڕینی داواکردنی مافەکانی، لەمەیاندا ژن رۆڵ و کاریگەریی خۆی سەلماند.

یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەو جۆشوخرۆشەوە، دروستکردنی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردان لە سیستمی فیدراڵی، بەشداریی ژن و بوونی رۆحیەتی نیشتیمانی و هیواخوازی بۆ رزگارکردنی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و شەڕکردن لەسەر ئەوەی کێ زۆرترین داخوازییەکانی میللەت جێبەجی بکات، لە دیمەنە جوانەکانی ساڵانی سەرەتای دوای راپەڕین بوون، ئەوە شانازییەکانی هەموومان بوو.

ئێستا کە یادی راپەڕین دەکەینەوە، کوردستان لەبەردەم دووڕیانێکی سەختدایە، هەردووکیان هەورازن، بەڵام یەکیان بۆ سەرکەوتن و ئەوی دیکەشیان گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر.

کێشەکانی ناوخۆی کوردستان سەختن، رێگەی یەکەم خۆدزینەوەیە لە چارەسەر بە بیانووی جۆراوجۆر، ئەمە وای کردووە تارمایی شکست بەسەر کوردستاندا بسووڕێتەوە. رێگەی دووەم گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی راپەڕین و لەباوەشگرتنی کوردستان بە رۆحیەتی مام جەلالانە؛ رۆحیەتی شۆڕش و هەنگاونان بەرەو داهاتوو، ئەو رۆحیەتی دوێنێ دەکاتە ئەزموون و پەیژەی سەرکەوتن بەرەو داهاتوو. 

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan