چاوپێكەوتن

پەیمان عزەدین: من لەو کەسانەم کە حەز دەکەم بیرەوەرییەکانی رۆژانەم بنووسمەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەیمان عزەدین: من لەو کەسانەم کە حەز دەکەم بیرەوەرییەکانی رۆژانەم بنووسمەوە
مەودا میدیا-

پاش چاپکردنی بەرگی دووەمی "گوڵدانی ژن"، مەبەستەمە جگە لە درێژەدان بە چاوپێکەوتن و دواندنی خانمانی نەوەی پێشوو (ئەو خانمانەی "تەمەن درێژ بن"، کە تاکوو ئێستا ماون و وەک گەنجینەیەکی پڕ دوڕ و یاقوت وان) و خانمانی نەوەی خۆمان (نەوەی سەردەمی خەباتی نهێنیی شار و شاخ، دواتریش راپەڕین و تا ئێستا)، ئەم جارە خانمانی نەوەی سێیەمیش (نەوەی پاش راپەڕین، نەوەی ئەو خێزانانەی قوربانییان داوە، یاخود بەهۆی شەهیدبوونی باوک و ئەندامانی خێزانەکانیانەوە تووشی چەرمەسەری و نەهامەتی بوونەتەوە) بدوێنم. تەمەن باقیی بێت، بەپێی توانا و دەرفەت بەردەوام دەبم لەسەر تۆمارکردنی لانی کەمی ژیان و ئەزموونی خانمان، جا لە هەر کوێیەک بن، بێ گوێدانە لایەنی ئایدیۆلۆژی و تەمەن و جۆری کار و چالاکییەکەیان، تۆماری ئەزموونەکەیان گرنگە و نابێت فەرامۆش بکرێن.

لەم روانگەیەوە، وەک یەکەم دیداری گەڕی سێیەمی چاوپێکەوتنەکان، خاتوو پەیمان دەدوێنین... خاتوو پەیمان، یەکێکە لەو خانمانەی لە دوای راپەڕینەوە چالاکانە لە بوارەکانی مافەکانی ژنان، راگەیاندن، کاری رێکخراوەیی، حزبی و پەرلەمانیدا کاری کردووە و ناوێکی دیاری گۆڕەپانی کار و تێکۆشانە.

سەرەتا خۆت بناسێنە؟
ناوم پەیمان عزەدین عەبدولڕەحمانە، لە ساڵی 1970 لە شاری سلێمانی لەدایک بووم. 

باسی قۆناغەکانی خوێندنتم بۆ بکە...
خوێندنی سەرەتایی و ئامادەییم لە سلێمانی تەواو کردووە، پاشان پەیمانگەی تەندروستی، بەشی شیکاریی نەخۆشییەکانم لە موسڵ خوێندووە، دواتر لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی یاسام تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە بواری یاسادا هەیە.

کێ کاریگەریی زۆری لەسەرت هەبووە، بەتایبەت لەسەر دونیابینی و بیرکردنەوەت؟
بەپێی قۆناغەکانی ژیانم کاریگەریی زۆر کەسم لەسەر بووە، بە نموونە؛ باوکم، کە بەردەوام و بە ناڕاستەوخۆ متمانەبەخۆبوونێکی گەورەی تێدا دروست کردووم.

هەروەها لە گەنجیمدا کوڕێکی خاڵم کە ناوی شوان بوو، بەداخەوە لە ساڵی 1991 شەهید بوو، کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر ئاراستەکردنی بیرکردنەوەم بەرەو بابەتێک بەناوی ماف و پێگەی ژن لە کۆمەڵگە و ئایینەکاندا و ژیان بەشێوەیەکی گشتی، لە رێی چەندین کتێب و سەرچاوەوە لەو بوارانەدا.

دواتر رەنگە هەندێک سەیر بێت کە (کلارا زێتکین) هێزێکی زۆری دامێ بۆ کێشانی چوارچێوەی کار و بیرکردنەوەم، نازانم بۆ! بەڵام پێم وابوو وەک ئەو خانمە توانای دروستکردنی گۆڕانکاریم دەبێت لە کۆمەڵگەدا.
ئێستا بڕوام وایە کە هەموو کەسێک پێویستی بە متمانە و لەخۆ رابینین هەیە، پێویستی بە ئامانجگرتنی پەیامێک هەیە کە دواتر ئەو پەیامە ئایندە و ژیانی دەستنیشان دەکات.

کەی دەستت بە چالاکی و کارکردن کرد؟
ساڵی 1991 بەشێوەیەکی فەرمی دەستم کردووە بە کارکردن، سەرەتای کارکردنیشم لەگەڵ راپەڕین بوو. هەستکردن بەو کێشانەی هەبوون، پێویستیی ئاوارەکان، هەر لەخۆمەوە و بێ ئەوەی هیچ پێشینەیەکی کارکردنم هەبێت، چوومە بنکەی شورای تووی مەلیک، لەوێ هاوکاریی ئاوارەکانی ئەو سنوورەم دەکرد، بەڵام دوای کۆڕەوەکە لە رێکخراوی یەکێتیی ژنانی کوردستان دەستم بە ئیشی رێکخراوەیی کرد.

ئەوکات کە هیچ ئەزموونێکی کاری دامەزراوەیی و رێکخراوەیی نەبوو، کاروبارتان چۆن بوو؟
لە سەرەتای راپەڕیندا زانیاری و ئاگایی لەسەر کاری رێکخراوەیی بەگشتی و مەسەلەی ژنان بەتایبەتی زۆر کەم بوو، بۆیە هەرچیمان دەکرد لە پەرۆشیمان بوو بۆ ئازادی و یەکسانی.

نموونەی زاڵی رێکخراوی ژنان لە کوردستان، ئەو یەکێتیی ئافرەتانە بوو کە حزبی بەعس لە عیراق دایمەزراندبوو و وێنەیەکی ناشیرینی رێکخراوی ژنانیان بەرجەستە کردبوو، بۆیە کارکردنی سەرەتا، توانا و پشوودرێژییەکی زۆری دەویست بۆ ئەوەی ئەو وێنەیە بسڕیتەوە و ئەرکی رێکخراوی ژنان بەرانبەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بچەسپێنیت.

من بە شەوقێکی زۆرەوە ئیشم دەکرد، لەو سەردەمە کە هەستە شۆڕشگێڕییەکان گەورە بوون و تەمەنی منیش تەمەنێکی پڕ پەرۆشی بوو، لەو بڕوایەدابووم کە دەتوانم لە ماوەیەکی کەمدا کاریگەریی گەورە لەسەر کۆمەڵگە و دۆخی ژنان دابنێم، بۆیە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم بیرمان لەو بوارانە دەکردەوە کە خێراتر کاریگەری دروست دەکەن.

لەو بیرکردنەوەیەماندا بواری راگەیاندنمان هەڵبژارد، بڕیارمان دا بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و رادیۆیی ئامادە بکەین لەگەڵ دەرکردنی بڵاوکراوەیەک.
ئیتر لەگەڵ خاتوو کوێستان محەمەد عەبدوڵڵا و شاناز ساڵح خۆمان فێری وێنەگرتن کرد، دواتر خاتوو سەیران عەبدوڵڵاش بوو بە وێنەگر.

چ بەرنامەیەکتان پێشکەش دەکرد؟
لە ساڵی 1992وە بەرنامەی تەوارمان لە تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان پێشکەش دەکرد.
پاشان بەرنامەیەکی تریشمان بەناوی "کڵاوڕۆژنە" ئامادە کرد، کە ئەمەیان بەرنامەیەکی گفتوگۆئامێز بوو، هەر جارە و بە ئامادەبوونی چەند کەسێک بابەتێکی تایبەت بە ژنان باس دەکرا.

بەرنامەکانتان چۆن بوون، زیاتر سەرنجتان لەسەر چ بوارێک بوو؟
بۆ ئەو سەردەمە، هەم تەلەڤزیۆنی کوردیی تازە بوو، هەم بەرنامەیەکیش کە باس لە ماف و کێشەکانی ژنان بکات. دەچووینە گەڕەک و کۆڵانەکان، قەزا و ناحیە و لادێکان، کێشەکانی گەورە بە بچووک، بنەتۆ و خەتەنەمان دەکردە بابەتی رۆژنامەوانی.

جگە لەو بەرنامانە، یەکەم فێستیڤاڵی ئەدەبیی ژنانمان رێک خست، کە تەواوی بابەتە ئەدەبییەکانی لەسەر لایەنێک لە لایەنەکانی پرسی ژن بوو. دواتر فێستیڤاڵی کورتەفیلمی تەوارمان رێک خست، ئەویش بە هەمان شێوە؛ کۆی فیلمەکان تایبەت بوون بە پرسی ژنان.

ئەم کارانە هەموویان لەوێوە سەرچاوەیان دەگرت کە پێمان وابوو کێشەکانی ژنان خێراتر و ئاسانتر لە رێی راگەیاندن و ئەدەب و هونەرەوە دەگەنە خەڵک و باشتر دەتوانین رای گشتییان بۆ کۆ بکەینەوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کێشەکان و ئاشناکردنی ژن و کۆمەڵگە بە ئەرک و مافەکانی ژنان.

چۆن بوو بڕیارت دا کە بچیتە بواری نووسینەوە؟
لەگەڵ ئەوەی زۆر حەزم لە وێنەگرتن بوو، بەڵام ئارەزوویەکی زۆریشم بۆ نووسین و ئامادەکردنی بڕگەکانی بەرنامەکان هەبوو، لەوێوە دەستم کرد بە نووسین، ئیتر وردە وردە بابەتم بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ و رۆژنامەکانی تر دەنووسی. بابەتەکانم دژ بە کولتوور و نەریتی باو دەوەستانەوە، بۆیە لە بەرانبەریشدا وردە وردە دژایەتیمان بۆ دروست بوو، هەندێک جار و بۆ هەندێک بابەت لە میمبەری مزگەوتەوە قسەمان لەسەر دەکرا.

لە کام گۆڤار و بڵاوکراوەدا کارت دەکرد؟
بڵاوکراوەی دەنگی ژنان، کە یەکەم بڵاوکراوەی نووسراوی یەکێتیی ژنان بوو و خاتوو ئەختەر گردعازەبانی سەرنووسەری بوو، هاندەرێکی باش بوو بۆ من کە بنووسم.

دواتر گۆڤاری تەوارمان دەرکرد، کە پێش راپەڕین لە شاخ چەند ژمارەیەکی لێ دەرچووبوو، دوای گۆڤاری تەوار رۆژنامەی "ژیانەوە"ش بوو بە یەکێکی تر لە بەرهەمەکانی راگەیاندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان.
 ماوەیەک سەرنووسەری گۆڤاری تەوار بووم، پاشان لە ساڵی 2001ەوە بووم بە سەرنووسەری رۆژنامەی "ژیانەوە"ش تا ساڵی 2007.

لە یادی سەد ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییشدا، یەکێک بووم لەو پێنج رۆژنامەنووسەی ژمارەیەکی رۆژنامەی کوردستانمان دەرکردووە.

زیاتر لە چ بوارێکدا دەتنووسی؟
سەرەتای نووسین و بابەتە رۆژنامەوانییەکانم هەموویان تایبەت بوون بە بواری ژنان، بەڵام دواتر بە گرنگم زانی لەبارەی خەمە گشتییەکان و دۆخی سیاسیشەوە بنووسم.

كاركردنی ئەوکات بەراورد بە ئێستا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ئەوەی گرنگە لە باسی رابردووی کارکردن لە مەسەلەی ژناندا بووترێت، ئەوەیە کە سەرباری تازەیی بابەتەکان و بەریەککەوتنی توندی بیروڕا چەپ و ئیسلامییەکان، بەڵام هێشتا گفتوگۆکان زۆر لە ئێستا زانستیتر و باشتر بوون، بەڕاستی قسەکردن بوون لەسەر بیروڕا و بۆچوونە جیاوازەکان بێ ناوزڕاندن و جنێودان.

ئەوە بوو ساڵی 2009 خۆت بەربژێر کرد و بوویتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەو ماوەیەی کە ئەندام بوویت لە چ بوارێکدا کارت دەکرد و ئەو کارانە چین کە شانازییان پێوە دەکەیت؟
بەڵێ، ساڵی 2009 بووم بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە خولی سێیەم، ئەندامی هەردوو لیژنەی مافی مرۆڤ و کۆمەڵی مەدەنی بووم.

ئەو کارانە چین کە لەو قۆناغەی کارکردنتدا شانازییان پێوە دەکەیت؟
ئەوەی لەو ماوەیەدا شانازیی پێوە دەکەم، ئەوە بوو کە بەڕاستی هەموو کاتەکانی ئەو چوار ساڵەم تەرخان کرد بۆ ئەرکی پەرلەمانتاری. ئەگەرچی سروشتی ململانێ سیاسییەکانی ئەو کاتە رێگر بوون لەوەی کار لەسەر هەموو بوارەکان بکرێت، بەڵام من تا ئەوپەڕی توانا هەوڵم دا بۆ ئەوەی پەرلەمان چارەنووسی بێسەروشوێنانی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە، ماف و ئیمتیاز بۆ پیشەوەرانی بواری مین دابین بکرێت، بۆ ئەو مەبەستانە پرۆژەشم پێشکەش کرد.

لەگەڵ ئەوەش، لەو خولەی پەرلەماندا بەشدار بووم لە دەرچوواندنی چەند یاسایەک کە تا ئێستاش باشترینی یاساکانن بە بەراورد بە واقعی هەرێمی کوردستان، کە یاساکانی (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و کاری رێکخراوە ناحکومییەکان) بوون. بەڕاستی ئەو دوو یاسایە بە دەقی نووسراو نەمانەوە و سەرباری بوونی کەموکوڕی تیایاندا، بەڵام لە رووی جێبەجێکردنەوە بەباشی جێی خۆیان گرتووە.

رات چییە سەبارەت بە کۆتای ژنان؟
لە پەرلەمان لەوە تێگەیشتم کە کۆتا، ژنان بە ژمارە دەباتە پەرلەمان، بەڵام لە رووی چۆنایەتییەوە ناتوانێت کاریگەریی دابنێت، ئەگەر ژنان نەتوانن سوود لە هەلی کۆتا وەربگرن و پێگەی سیاسیی خۆیانی پێ بەهێز بکەن.

لێرەدا حەز دەکەم بچینە سەر بابەتێکی جیاواز و باس لە ژیانی هاوبەشیتان لەگەڵ هونەرمەند و پێشمەرگە "ئازاد خانەقینی" بکەین، چۆن کاک ئازادت ناسی و کەی هاوسەرگیریتان کرد؟
من ئازادم لە ئیشکردنەوە ناسی لە رێی تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستانەوە، ئەو مۆنتێری بەرنامەی تەوار بوو کە ئێمە ئامادەمان دەکرد، لەوێوە ناسیم و یەکترمان خۆش ویست. 
ساڵی 1993 هاوسەرگیریمان کرد و دوو کچمان هەیە: رازبار و زنە.

پەیوەندیتان چۆن بوو؟
پەیوەندیی من و ئازاد پەیوەندییەکی تا رادەیەک جیاواز بوو، چونکە هەم ئەو و هەم منیش ژیانمان وەک ژن و پیاوێکی ئاسایی نەبوو، کە تەنیا خەممان ماڵ و منداڵەکانمان بێت، هەریەکەمان ئیش و بەرپرسیارێتیی خۆمان هەبوو، ئیشەکانیشمان کاتی زۆری دەویست، بۆیە هەر خۆی قبوڵکردنی ئەو سەرقاڵییە زۆرەی یەکتر و پشتیوانیکردنمان بۆ یەکتر، پەیوەندییەکەمانی جیاواز کردبوو.

 
کاک ئازاد هونەرمەندێکی دەنگخۆش و خاوەن ستایلی تایبەت بە خۆی بوو، رات چییە سەبارەت بە هونەرەکەی؟
ئازاد، خۆشەویستییەکی زۆری بۆ هونەر هەبوو، بەڕاستییش بەسەلیقە و شارەزا بوو تیایدا، من لە بەردەوامیی گرنگیدانم بە ئیشەکانی ئازاد، زۆرتر حەزم بە موزیک و گۆرانی کرد، بۆ زۆربەی پرۆڤە و تۆمارکردنی گۆرانییەکانی لەگەڵی بووم.

بەداخەوە کاک ئازاد زوو ماڵئاوایی لێ کردین، مەرگەی ناوادەی تا چەندێک بۆ تۆ و منداڵەکانیش سەخت بوو؟
ئازاد، لەگەڵ ئەوەی هاوسەرێکی باش بوو، بۆ کچەکانیشی باوکێکی زۆر باش بوو، زۆر نزیک بوو لێیانەوە.

جا زۆربەی جار ئەو باشییە لە کاتی نەمان و جێهێشتندا قورساییەکی گەورە دروست دەکات. نەمانی ئازاد، بۆ من و کچەکانیش زۆر زەحمەت بوو، ئەوەی هاوکارم بوو بۆ بەردەوامبوون لە ژیان، چەند شتێک بوو؛ کچەکانم و پاراستنیان لە تێکشکان، پاڵنەری سەرەکیم بوو.

لەگەڵ ئەوەش، من بەختەوەر بووم بە بوونی چەندین کەسی باش لە دەورم، ماڵی باوکم پشتیوانییەکی گەورە بوون بۆم، من دوو برام هەیە کە لە سەرەتاوە تا ئێستا بەهۆیانەوە هەستم بەتەنیایی نەکردووە، رۆژێک لە رۆژان من زەعیفە و ئەوان باڵادەست نەبوون.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆ ئەوەی ژنێک بەرگەی ئەو هەموو نادادییە بگرێت، بۆ ئەوەی نەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەقەتەکان تێکی نەشکێنن، بە تەنیا ورە و توانای خۆی بەس نییە، پێویستی بە پشتیوانی و خۆشەویستیی خێزان هەیە، کە بەڕاستی من زۆر باش ئەو پشتیوانییەم هەبوو.

تۆ خۆت کەسێکی نووسەریت، چۆنە تا ئێستا بیرەوەری و ئەزموونەکانت نەکردووە بە کتێب؟
من لەو کەسانەم کە حەز دەکەم بیرەوەرییەکانی رۆژانەم بنووسمەوە، وابزانم ئەمەم لە باکمەوە بۆ ماوەتەوە.

ساڵانێکی زۆرە بیرەوەرییەکانم دەنووسمەوە، حەزیش دەکەم هەموویان کۆ بکەمەوە، بەڵام تا ئێستا هەندێک هۆکار رێگرن، گرنگترینیان بێبایەخیی بیرەوەری و ئەزموونەکانی ژیانە، هەروەها بێبایەخیی خودی نووسین و خوێندنەوە. هیوادارم لە ئایندەدا ئەو هۆکارانە نەمێنن و بیرەوەرییەکانم وەک ئەزموونی ژنێک بخەمە بەردەستی هەموو ئەوانەی ئەزموونی پێش خۆیان هاندەر و هاوکاریان دەبێت.

لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵیت؟
ئێستا پارێزەرم و کاری پارێزەرایەتی دەکەم، بەشی زۆری کارەکانم خۆبەخشین بۆ ئەو کەسانەی کە ناحەقییەکیان بەرانبەر کراوە و لە رووی داراییەوە ناتوانن پارەی پارێزەرایەتی دابین بکەن.

لە کۆتاییدا چيت هەیە بیڵێیت؟
من بەردەوام سوپاسگوزاری ئەوەم کە باوکم، براکانم و مێردەکەم پیاو بوون لە ژیانمدا نەک نێر.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد