کوردستانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمێکی نوێی دیجیتاڵی رادەگەیەنێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی ئاسانکارى و کەمکردنەوەى بارگرانیى دارایی و خێرایی لە راییکردنى کارەکان، پرۆسەی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بە دیجیتاڵی دەکات و لەمەودوا هاوڵاتییان دەتوانن لە رێگەى پۆرتاڵێکی ئۆنلاینەوە (business.digital.gov.krd) داواکاری پێشکەش بکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی ئاسانکارى و کەمکردنەوەى بارگرانیى دارایی و خێرایی لە راییکردنى کارەکان، پرۆسەی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بە دیجیتاڵی دەکات و لەمەودوا هاوڵاتییان دەتوانن لە رێگەى پۆرتاڵێکی ئۆنلاینەوە (business.digital.gov.krd) داواکاری پێشکەش بکەن.
لە رێگەی ئەم سیستمە نوێیەوە، لە هەر کات و شوێنێک بێت، دەتوانن بە ئاسانی و خێرایی و پارێزراوی، داواکاراییەكانی تایبەت بە تۆمارە بازرگانییەکانیان پێشکەش بکەن، بەمەش "ژمارەى یەکەی بێهاوتا" دەدرێتە هەر کۆمپانیایەکى تۆمارکراو تا بە ئاسانى سوود لە خزمەتگوزارییەکانی دیکەى حکومەت ببینن.
ئەم دەستپێشخەرییە هەوڵێکی هاوبەشی نێوان پەرلەمانی کوردستان، نووسینگەی سەرۆک وەزیران، نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و هاوتەریبیشە لەگەڵ ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا.
سوودەکانی بەدیجیتاڵیکردنى سیستەمە نوێیەکە، ئەم سیستمە نوێیە، چەندین سوودى هەیە، چیتر بە ماوە و تێچوویەکى زۆر، کۆمپانیا و ناوى بازرگانى تۆمار ناکرێت، بەڵکوو لە هەر شوێنێک بێت 80% هەرزانتر لە جاران و لە ماوەی 24 کاتژمێری کارکردندا ناوى بازرگانییەکە تۆمار دەکرێت. هەروەها داواکار بە شێوەی گەڕانی ئۆنلاین، دەتوانێت ناوە بازرگانییەکەى پشتڕاست بکاتەوە، تا کەسی دیکە نەتوانێت بە هەمان ناو لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا تۆمار بکات.
ئەم سیستەمە، ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەو دەکات، ئەوەش بە پێشکەشکردنی لیستی چالاکییە بازرگانییەکان لەسەر بنەمای پۆلێنکردنی پیشەسازی و ستانداردی نێودەوڵەتیی، بەمەش ڕێگە بە داواکار دەدرێت شەفاف و ئاسان چالاکییەکانی لە لیستە دیاریکراوەكەی نێو پۆرتاڵەکە هەڵبژێرێت و ڕێنمایی و زانیاری ڕوون و پێویستى دەست بکەوێت. تۆماری ناوی بازرگانی و کۆمپانیاکان، لەم سیستەمە نوێیەدا لە پۆرتاڵێکدا کۆ کراونەتەوە کە پڕۆسەکە بە گشتی ئاسانتر دەکات.
لە رێگەی ئەم پۆرتاڵەوە، داواکار دەتوانێت ئاراستە و چۆنییەتیی ڕاییکردنى کارەکانى تۆمارکردنەکەى ببینێت و بە دروستبوونى "ژمارەى یەکەی بێهاوتا" بۆ هەر دامەزراوەیەکی تۆمارکراو، رێگە بە داواکار دەدرێت دەستى بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی دیکەی حکومەت وەک دەستەبەرى کۆمەڵایەتی، باج و گومرگ بگات.
ئەم سیستەمە نوێیە، هەنگاوێکی بەرچاو و مۆدێرنە لە تۆمارکردنی دامەزراوەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان و رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە گەشە و بەرەوپێشبردنی کەرتی ئابووری و زیادبوونی هەلی کار.
لەپێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە وەرچەرخانی دیجیتاڵی و ئاسانکارى و پێشخستنى حوکمڕانییەکی کارامە دووپات دەكاتەوە و لەو رووەشەوە هەنگاوى بەهێزى لە بوارى تەکنەلۆژیای نوێ ناوە.
س،ر
س،ر
بیروڕا


