کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی: لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین، تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی: لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین، تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت
مەودا میدیا-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی دژەتیرۆر کۆبووەوە.

‏‎لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر پلان و ستراتیژی هەواڵگری و سەربازیی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ پاراستنی هەرێم، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقییەکان و هاوپەیمانان خستەڕوو و جەختی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن و هەوڵەکانیان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

‏‎لە بەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەکانی دژەتیرۆر کرد وەک یەکەم هێزی دژەتیرۆر لە کوردستان و هەوڵەکانیان لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و شکستپێهێنانی چەندین پیلان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم. وتیشی "ئێوە نموونەی فەرماندەی دڵسۆز و بەئەمەکی کوردستانن و مێژوویەکی پڕ لە شانازیتان تۆمارکردووە. چالاکییەکانتان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و خەڵکە خۆشەویستەکەی، گەواهیدەری دڵسۆزی و ماندوونەناسیی ئێوەیە".

‏‎سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت تاوەکو قەڵغانێکی پتەوتر بن بۆ پاراستنی کوردستان".

‏‎لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر کرد لە بەرانبەر هەوڵ و قوربانیدانەکانیان لەپێناو خاکی کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەیدا.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan