کوردستانی

سەبارەت بە پاڵپشتیی دارایی خوێندكارانی زانكۆ دوو وەزارەت كۆدەبنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەبارەت بە پاڵپشتیی دارایی خوێندكارانی زانكۆ دوو وەزارەت كۆدەبنەوە
مەودا میدیا-

بەمەبەستی تاوتوێکردنى پرسى دارایى  و پاڵپشتیی ئابووری زانکۆکانى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ وەزیرى دارایى حكومەتی هەرێمی كوردستان کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتى 2023/7/26 دكتۆر ئارام محمد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى وەزارەتى دارایى کرد و لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازی لێکرا.

لەو كۆبوونەوەیەدا کە بەڕێوەبەرى گشتیی بانکى هەرێم لە هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى پرسە داراییەکانى وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان کرا.


بەپێی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە، وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە وەزیرى دارایى کردووە بۆ تەواوى مانگەکانى ساڵى ئەکادیمى داهاتوو پاڵپشتى دارایى قوتابیان و خوێندکاران بەردەوامبێت و هەوڵ بدرێت کێشەى نەختینەى بانکیى دروست نەبێت و ئەو بانکانەشى ئەو کێشەیەیان هەیە چارەسەربکرێت.

داواشكرا، ئاسانکارى بکرێت بۆ دابەشکردنى ئەو بڕەپارەیەی کە پاڵپشتیی قوتابیان و خویندکارانی زانکۆکانن بۆ ئەمساڵی خوێندن و هێشتا وەریاننەگرتووە.

ئەوەش راگەیەندراوە، وەزیرى دارایى دوپاتیکردووەتەوە وەزارەتەکەیان هەوڵدەدات بێکێشە پاڵپشتی دارایى قوتابیان و خوێندکاران مانگانە لە کاتى خۆیدا خەرجبکرێت.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan