کوردستانی
راوەماسی لە دەربەندیخان قەدەغەکرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
قایمقامی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت دوای ئەوەی ئەمڕۆ بڕی زیاتر لە 200 هەزار پەنجە ماسی خرایە نێو ئاوی دەربەندیخانەوە بڕیاریش درا کە لەمڕۆوە تاوەکۆ رۆژی 3ی ئاب راوکردن بە تۆڕی ورد و بچووک قەدەغەبکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی تەموزی 2023 سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ بڕی 200 هەزار پەنجە ماسی کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە دابینکرابوو لەسەر داواکاری ئێمە خرایە نێو دەریاچەی دەربەندیخانەوە".
باسی لەوەشکرد "ماسییەکان لەجۆری کارب بووە و بڕێکیش لەو ماسییانە قەبارەیان لە پەنجە ماسی گەورەتربووە، ئەمەش یەکەمین جارە کارێکی لەمشێوەیە بۆ دەریاچەی دەربەندیخان بکرێت، ئەم جۆرە لە ماسی بەرگەی بارودۆخە سەختەکانی کەشوهەوا دەگرێت و بەرگرییەکی باشی هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "بۆ پارێزگاریکردن لەو پەنجە ماسییانە و راونەکردنیان لەلایەن راوچییەکانەوە لەمڕۆوە تاوەکو رۆژی 3ی ئاب راوکردن بە تۆڕی ورد و بچووک قەدەغەیە".
قایمقامی دەربەندیخان جەختیش کردووەتەوە "هیوادارین ئەم هەنگاوە هەموو ساڵێک بەردەوامبێت و ئەم کارەش زیادبوونی سامانی ماسی لە دەریاچەکەدا زیاددەکات".
بیروڕا


