کوردستانی

هەواڵێکی خۆش لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەواڵێکی خۆش لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت ئەو رێککەوتنەی ئێستا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق هەیە بەرهەمی پێشترە، ئاماژە بەوەشدەکات رێککەوتنەکە هیچ بەربەستێکی لەبەردەمدا نەماوە بە تایبەت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.

دڵشاد نامیق، شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو رێککەوتنەی ئێستا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق هەیە بەرهەمی پێشترە، ئەوەی ئێستا لە حکومەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق دەبینرێت، هەست دەکەیت بەشێوەیەک نییەت پاکی خۆی نیشانداوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "رێککەوتنەکە هیچ بەربەستێکی لەبەردەمدا نەماوە بە تایبەت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بۆیە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

ئەو شرۆڤەکاری سیاسییە وتی "مەترسیی دروستکردنی بەربەست هەیە بۆ رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، تاوەکو لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە".

دوێنێ 27ی تەموزی 2023 شاندی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە بودجەی عیراقدا رێککەوتن".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan