کوردستانی
پیاوێک لە سۆران هەردوو هاوسەرەکەی خۆی کوشت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران رایدەگەیەنێت دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە لە کوژرانی دوو ژن بە چەکی جۆری تاپڕ لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە، راستەوخۆ دوای رووداوەکە تۆمەتبارەکە خۆی رادەستی هێزەکانمان کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 29ی تەموزی 2023 عەقید شەماڵ دێواری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای ئاگادارکردنەوەمان بەوەی کە پیاوێک دوو ژنی خۆی لە (گەڕەکی کانی) لە سۆران کوشتووە، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە هەماهەنگیی لەگەڵ تیمی پۆلیسی بەڵگە و تاوانی سۆران هەردوو تەرمەکە گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەو هاوڵاتییە دوای کوشتنی هەردوو هاوسەرەکەی، خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیسی سۆران کردووە و بەفەرمانی دادوە و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی بەندکراوە".
جەختیشی کردەوە "ئەو هاوڵاتییە هیچ سکاڵایەکی یاسایی لەلای ئێمە لەسەر تۆمار نەکراوە و هیچ فەرمانێکی گرتنی لەلای ئێمە نەبووە".
بەپێی زانیارییەکانی مەودا میدیا، ئەو پیاوە بە چەکی جۆری تاپڕ ئەو کارەی ئەنجام داوە دوای ئەوەی دەمەبۆڵە لەنێوان هەردوو ژنەکەیدا روویداوە، خاوەنی حەوت منداڵە لە هەردوو ژنەکە و بەبەر چاوی منداڵەکانیشەوە ئەو کارەی کردووە.
بیروڕا


