کوردستانی

لە سلێمانی قەیرانی غاز بەڕێوەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە سلێمانی قەیرانی غاز بەڕێوەیە
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
 
نوێنەری کارگەکانی غاز رایدەگەیەنێت سلێمانی بەشی پێویست غازی بۆ ئەمهاوینە و زستانی داهاتووش نییە و تەنها بۆ ئەم هاوینە پێویستمان بە 350 تۆن هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان. 
 
ئەمڕۆ شەممە 29ی تەموزی 2023 کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگەکانی غاز بە مەودا میدیای راگەیاند "لەئێستادا کە هاوینە و هاوڵاتییان کەمتر غاز بەکاردەهێنن ئێمە تەنها 12 تەنکەرمان هەیە کە پێویستییەکانی ناوەندی سلێمانی و دەورووبەری پڕناکاتەوە و پێویستمان بە زیاترە".
 
ئەوەشی خستەڕوو "کۆمپانیاکان تەنها 12 تەنکەرمان بۆ دابین دەکەن کە ئەم بڕەش تەنها بۆ ناو سلێمانی نییە بەڵکو هەموو سنووری سلێمانییە و لەو بڕە تەنها شەش تەنکەری بەر ناوەندی سلێمانی دەکەوێت".
 
جەختیشی کردووەتەوە "لە وەرزی هاویندا گەر 15 تەنکەرمان پێبگات ئەوا پێویستی تەواوەتی پڕدەبێتەوە و هیچ کێشەیەک دروست نابێت، بەهۆی بێ غازییەوە ئێمە ئێستا هەفتانە دوو رۆژ ئیش ناکەین".
 
نوێنەری کارگەکانی غاز روونیشی کردووەتەوە "لە وەرزی زستاندا نزیکەی 18 تەنکەرمان پێویستە بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان، دوای هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر توانیمان لەماوەکانی پێشوودا بڕی یەک تەنکەر زیاد بکەین بۆ سەر 11 تەنکەرەکامان و بیکەینە 12 تەنکەر کە ئەویش کۆمپانیای ساوس کوردستان پێشکەشی کردین".
 
کۆچەر تاهیر وتیشی "جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە کە بڕێکی زۆر کەمی ئەو بڕە بۆ قەزای ناوەندە، ئەمەش ناڕوونییە لە دابەشکردنی غازدا لە ناوچەکە، بەوهۆیەی چڕیی دانیشتووان لە ناو سلێمانی زیاترە وەک لە ناوچەکانی دەوروبەر".
 
سەبارەتی بە نرخی غازیش رایگەیاند "لە ساڵی 2021دا وەرگرتنی غاز بێبەرانبەربوو و هەرچەندمان بویستایە وەرماندەگرت، لەوکاتەدا ئێمە بە شەش هەزار دینار دەمانفرۆشت و بریکارەکانیش بە حەوت هەزار دەیاندایەوە بە هاوڵاتییان، بەڵام دواتر  و لە مانگی تەموزی هەمان ساڵدا وەرگرتنی غاز بووە بە بەش و هەر کارگەیەک بڕێکی دیاریکراوی هەبوو، دوای ئەو وادەیەش نرخەکەی گرانبووە و لە ئێستادا بە هەشت هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت".
Qaiwan
Qaiwan