کوردستانی
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: لە ساڵی رابردوو 17 هەزار چەکی هاوڵاتییان تۆمارکراوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی هەیە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداربکاتەوە، ئاماژە بەوەدەکات لە ساڵی رابردوو 17 هەزار چەکی بێ مۆڵەتی هاوڵاتییان تۆمارکراوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی هەیە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداربکاتەوە، ئاماژە بەوەدەکات لە ساڵی رابردوو 17 هەزار چەکی بێ مۆڵەتی هاوڵاتییان تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی رابردوو، لە رێگەی کردنەوەی 90 بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینەوە، بنکەکانی پۆلیس زیاتر لە 17 چەکی هاوڵاتییانیان تۆمارکردووە و پسوڵەی تۆماریان بە هاوڵاتی داوە، لە 22ی تەموزی 2023 یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆ ئەو هاوڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمارنەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بەپێی مادەی 12 بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاوڵاتییان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن، لە دەقی بڕگەی یەکەم لە مادەی 12ی یاسای چەک هاتووە (هەرکەسێک لە ماوەی 60 رۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێت، و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات)".
ئاماژە بەوەکراوە "لەئێستادا هاوڵاتییان، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمارنەکردووە و مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەکیان نییە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) یان لە دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان، راپەڕین، سۆران یان زاخۆ) بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ دەستداری یان بۆ هەڵگرتنی چەک بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن".
ئەوەشخراوەتەڕوو "لەگەڵ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتنی مۆڵەتی دەستداری یان مۆڵەتی چەک هەڵگرتن، تا وەڵامی داواکارییەکەی دەگرێتەوە، چەکەکەی وەکو چەکێکی ناسراو دەناسرێت و مامەڵەی چەکی قاچاغی لەگەڵ ناکرێت، بۆ زانیاری هاوڵاتییان، بە گوێرەی مادەی 4 بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، هاوڵاتییان دەتوانن بۆ دوو جۆر مۆڵەت داواکاری پێشکەش بکەن:
یەکەم: مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی: واتا ئەو هاووڵاتیە داوا دەکات کە مۆڵەت وەرگرێت چەکێکی ئاگرینی هەبێت لە ماڵەوە (کلاشینکۆف یان دەمانچە یان هەردووکی) و مۆڵەتەکەی بە گوێرەی یاسای چەک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت. ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ هەبوونی چەکە بە شێوەی یاسایی لە ماڵەوە و مافی ئەوە نادات بە هاووڵاتی تا چەکەکە هەڵبگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.
دووەم: مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی: ئەم مۆڵەتە بۆ هەبوون و هەڵگرتنی چەکە و بۆ یەک ساڵ سوودی لێ وەردەگیرێ و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.
لە کۆتایشدا هاتووە، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین کە سوود لەو 60 رۆژە وەربگرن و ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە، دەتوانن سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە بکەن، بۆ ئەوەی بە فەرمی داوای مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەک بکەن، هەروەها داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان لە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بپارێزن، چونکە دەسەڵات دراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە هەبوونی زانیاری دەربارەی چەکی بێ مۆڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لەگەڵ دەستبەسەر کردنی هەر پارچە چەکێکی بێ مۆڵەت، هەڵگرەکەی بەگوێرەی مادەی 15 لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 دەدرێتە دادگا و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت.
س.ر
س.ر
بیروڕا


