کوردستانی

هەفتەی داهاتوو ئەگەری بارانبارین هەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەفتەی داهاتوو ئەگەری بارانبارین هەیە
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
 
شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو باران لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ببارێت ئەویش بەهۆی هاتنی هەوایەکی شێدا لە دەریای عەرەبەوە بۆسەر باشووری ئێران و نیمچە دورگەی عەرەبی.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی تەموزی 2023 ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بە مەودا میدیای رایگەیاند "نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرما تاوەکو ئێستا لەسەر ناوچەکەمان بەرزنەبووە هەتا ببێتە هۆی هاتنی هەوای شێدار لە دەریای عەرەب و هیندستانەوە، تینی شەپۆلەکانی گەرماش لەسەر ناوچەکانی کوردستان بەرانبەر بە ساڵانی رابردوو کەمترە ".
 
روونیشی کردووەتەوە "ئەگەر هەیە لە رۆژانی داهاتوودا هەوایەکی شێدار لە دەریای عەرەبەوە بۆسەر باشووری ئیران و نیمچە دوورگەی عەرەبی جوڵەبکات و ئەمەش دەبێتە یەکەم حاڵەتی بارانبارین لەم وەرزەدا".
 
جەختیشی کردووەتەوە "ساڵی رابردوو زووتر لەمساڵ دەستیپێکرد و بووە هۆی بارانێکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی و دروستبوونی لافاو لە ئیمارات و ناوچەی جیا جیا لە ئێران".
 
ئاراس جەبار وتیشی "لەئەگەری روونەدانی گۆڕانکاریی لە کەشوهەوادا، ئەگەری هەیە لە رۆژانی 6 بۆ 9ی مانگی داهاتوودا کاریگەریی ئەم هەوا شێدارە بگاتە هەرێم و چڕببێتەوە، بەم هۆیەشەوە باران دەبارێت و هەورەبروسکە چالاکدەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما هەر بە بەرزی دەمێننەوە".
Qaiwan
Qaiwan