کوردستانی
ئایا ئۆتۆمبێل و خانوو بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کڕدراوە؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لەدەرەوەی یاسا و رێنماییەکان هیچ کارێک ناکات و ئەو فەرمانانەی واژۆیان لەسەر کراوە فەرمی و یاسایین.
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی تەموزی 2023 وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان هیچ کارێک ناکات و سەرجەم ئەو فەرمانە وەزارییانەی کە واژۆی لەسەر کردوون تەواو فەرمی و یاسایین".
باسی لەوەشکردووە "ئەو دوو خانووەی لە نووسراوەکەدا باسکراون موڵکی حکومەتی هەرێمن و بەناوی هیچ کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون، ئەم دوو خانووەش وەک هەموو ئەو خانووانەی دیکە بەکاردەهێندرێن".
ئەمانەش دەقی ئەو راگەیەدراوەیە کە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردووەتەوە:
لەبارەی کڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، چەند نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوبووەتەوە لەناو پەیجەکاندا و لەمبارەیەوە رایدەگەیەنین:
1- ئەو دوو خانووەی لە نووسراوەکەدا باس کراون، موڵکی حکومەتن و بە ناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون، وەک هەموو ئەو خانووانەی دیکە بەکاردەهێنرێن کە وەزیر و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا بەکاریان دەهێنن.
2- بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان کار ناکات و تەواوی ئەو فەرمانە وەزاریانەی کە واژۆی لەسەر کردوون فەرمی و یاسایین.
3- لەم ساڵدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کڕدراون لەناویاندا ئۆتۆمبێلێک دراوە بە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە.
4- بڵاوکردنەوەی نوسراوە فەرمییەکانی وەزارەت لێپێچینەوەی یاساییان لەسەرە و لەمبارەیەوە تەواوی ئەو کەسانە دەدەینە دادگای سەربازی کە کار لەسەر دزەپێکردنی نووسراوە فەرمییەکانی وەزارەت دەکەن و لە میدیاکاندا بڵاویان دەکەنەوە.
ر.ع
ر.ع
بیروڕا


