کوردستانی

لە سلێمانی کارمەندانی تەندروستیی بایکۆتی دەوامیان دەستپێکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە سلێمانی کارمەندانی تەندروستیی بایکۆتی دەوامیان دەستپێکرد
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
 
ئەمڕۆ لە سلێمانی و دەورووبەری بایکۆتی کارمەندانی تەندروستیی دەستیپێکرد هۆکاری سەرەکیی بایکۆتکردنەکەش دواکەوتنی مووچەکانیانە کە ماوەی دوو مانگە وەریاننەگرتووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئابی 2023 پزیشکێکی نەخۆشخانەی شار بە مەودا میدیای راگەیاند "پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لەتوانایاندا نەماوە بەبێ مووچە بەردەوامبن لە کارکردن، لەکاتێکدا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و نەخۆشخانەکەمان فشارێکی زۆری ناوچەکانی دەورووبەری سلێمانیشی لەسەرە".
 
باسی لەوەشکردووە "مەرجە لەسەرمان ئێمە رۆژانە سەردانی نەخۆشخانە فریاکەوتنەکانی ناوشار و دەرەوەی شار بکەین بەبێ مووچە و لەوێش شوێنی مانەوەی زۆر خراپمان پێ دراوە".
 
جەختیشی کردەوە "داواکارییەکەی ئێمە زۆر ئاسانە و داوای مافی خۆمان دەکەین، پێشتریش داواکاریی زۆرمان کردووە بۆ وەرگرتنی مووچەکانمان، هیچ بەدەمەوە هاتنێکمان نەبینیوە لە حکومەتەوە".
 
روونیشی کردووەتەوە "لە ئەگەری وەرنەگرتنی مووچەکانمان لە رۆژی 16ی ئابەوە ئەگەر هەیە بەتەواوەتیی دوامکردن رابگرین، داواکاریشین تەنها مووچەی مانگی شەشمان پێنەدرێت بەڵکو تاوەکو رۆژی 16ی ئەم مانگە مووچەی مانگی حەوتیش وەربگرین چوونکە مافی سەرەتایی خۆمانە".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ لە هەڵەبجە کارمەندانی نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون بایکۆتی دەوامیان دەستپێکرد و هاوکات لە شارەزووریش بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف بەگ دەستیانکرد بە بایکۆتکردن.
Qaiwan
Qaiwan