کوردستانی

تاوەکو ئێستا پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم خەرج نەکراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


تاوەکو ئێستا پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم خەرج نەکراوە
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان 
 
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت ماوەی نزیکەی دوو مانگە جوتیارانی هەرێم گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکان کردووە و تاوەکو ئێستا پارەکانیان بۆ خەرج نەکراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئابی 2023 کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ماوەی نزیکەی دوو مانگە جوتیارانی هەرێم گەنمەکەیان داوەتە سایلۆکان، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکانیان بۆ سەرف نەکراوە و جوتیارانیش نیگەرانن لەم دۆخە".
 
باسی لەوەشکردووە "وەزارەتی بازرگانیی عیراق پارەی گەنمی جوتیارانی تەواوی ناوچەکانی دیکەی خەرجکردووە تەنها هەرێمی کوردستان نەبێت کە بێبەشە لەو مافەی خۆی".
 
جەختیشی کردەوە "لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نووسراوی ئاراستەی نووسینگەی پەرلەمانی عیراق کردووە تاوەکو لەرێگەیانەوە ئاراستەی وەزارەتی بازرگانیی عیراق بکرێت و پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم خەرج بکرێت".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە ماوەیەکی کەمدا پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دەگات و لە زووترین کاتدا دابەشدەکرێت و ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت".
Qaiwan
Qaiwan