کوردستانی

پارە لە بانکەکان دایە... حکومەت کەی لیستی مووچە رادەگەیەنێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارە لە بانکەکان دایە... حکومەت کەی لیستی مووچە رادەگەیەنێت؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی لیژنەی دارایی عیراق رایدەگەیەنێت پارەکەی بەغدا گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد دەبێت هەرێم و بەغدا لە ماوەی مانگێکدا رێککەوتن بکەن لەسەر داهاتییە نانەوتییەکانی هەرێم.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "پارەکەی بەغدا کە بڕەکەی 906 ملیار دینارە گەیشتووەتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی 2023".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوەی بەغدا ناردوویەتی تەنها مووچەی یەک مانگە، بڕیارە لە ماوەی یەک مانگدا هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر ناردنی داهاتییە نانەوتییەکانی هەرێم رێککبکەون کە دەبێت هەرێم رێژەی لە 50%ی داهاتییە نانەوتییەکان و 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بدات بە حکومەتی عیراق".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتی "بە‌غدا ئەو پارەی ناردووە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو مووچەی یەک مانگی پێ دابەشبکات تاوەکو رێککەوتنی هەرێم و بە‌غدا دەکرێت و رێنماییەکانی بودجە دەردەچن".

بەپێی زانیارییەکانی مەودا میدیا بێت، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یان سبەی پێنجشەممە 3ی ئابی 2023 لیستی مووچەی مانگی حوزەیران رادەگەیەنێت.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan