کوردستانی

كۆمپانیایەكی جیهانیی داوای پەتاتەی كوردستان دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


كۆمپانیایەكی جیهانیی داوای پەتاتەی كوردستان دەكات
مەودا میدیا-

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایدەگەیەنێت، لقەكانی مكدۆناڵدز داوای بەرهەمی پەتاتەی كوردستان دەكەن و كوردستانیش پەتاتە دەنێرێتە وڵاتانی كەنداو.

بەپێی نوێترین بڵاوكراوەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی كوردستان "دوابەدوای ئەو پێشوازییە گەرمەی لە پەتاتەی جوتیارانی کێڵگەکانی پارێزگای هەولێر کرا کە (300) تۆن پەتاتە لە هەشت بارهەڵگردا لە عەلوەی ولاتی ئیمارات، ئێستا بەرهەمەكە خواستی زیاتری لەسەرە".

ئاماژە بەوەشكراوە، لەئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەناردەکردنی سەدان تۆن پەتاتە بۆ وڵاتانی کەنداو لە ئوردن، لەسەر داخوازی لقەکانی مکدۆناڵدز بۆ بەپیشەسازیکردنی پەتاتە و دروستکردنی چپس و فینگەر.

ئەوەش هاتووە، بەهۆی پاڵپشتیەکانی جوتیاران لە پێشخستنی شێوازی بەرهەمهێنانی جۆرەکانی پەتاتە، ئەمساڵ پێشبینیکراوە کە هەرێمی کوردستان بگاتە لوتکەی بەرهەمهێنان و زیاتر لە (600) هەزار تۆن پەتاتەی خواردن و (150) هەزار تۆن پەتاتەی پیشەسازی بەرهەمبێت.

هاوكات لەسەر ئاستی ناوخۆییش هەرێمی کوردستان بەهۆی پێگەیشتنی وەرزی پەتاتەی خۆماڵی، هاوردەکردنی پەتاتە لە دەرەوە قەدەغەکراوە هەتا کۆتایی مانگی ئەمساڵ.

لەلایەكی دیكەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، لێکتێگەیشتننامەی هەیە لەگەڵ (7) کارگە و کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پەتاتەی پیشەسازی بۆ ئەوەی ساڵانە راستەوخۆ بەرهەمی پەتاتەی جوتیاران وەربگرنەوە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan