کوردستانی

ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا - 
 
ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی رایدەگەیەنێت هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە کە باس لە نەبوونی تیمی گەڕۆک و کارنەکردنی ئۆفیسەکەمان دەکات بۆ نوێ نەکردنەوەی کارتی بایۆمەتری.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئابی 2023 ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی رایگەیاند "کارمەندەکانمان سەرجە مرۆژانی هەفتە بە پشووە فەرمییەکان و هەینی و شەممەشەوە رۆژانە لە کاتژمێر هەشتی بەیانیی تاوەکو سێی دوانیوەڕۆ کاری هاوڵاتییانی دەنگدەر بەڕێدەکەن و دەنگۆی هەواڵە چەواشەکارییەکان بەدرۆ دەخەینەوە".
 
باسی لەوەشکردووە "لە ئێستادا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق سەرقاڵی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە و لەو چوارچێوەیەشدا ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیەوە لەڕێگەی کارمەندەکانییەوە سەرقاڵی نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتریی هاوڵاتییانە".
 
جەختیشی کردووەتەوە "لە هەریەکە لە سنوورەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لەڕێگەی تیمە گەڕۆک و جێگیرەکانەوە کاری بەڕێکردنی کاروباری دەنگدەران ئەنجامدراوە و بەردەوامیشە".
 
وتوشیەتی "سەرجەم قسەکانی ئەو کەناڵ و پەیجانەش دوورن لە راستییەوە کە گوایە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی نایەوێت هاوڵاتییان و گەنجان کارتی بایۆمەتری دەربهێنن و تیمی گەڕۆکیشیان نییە بۆ راییکردنی ئەو کارە".
 
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی روونیشی کردووەتەوە "بڵاوکراوەکانی ئەو کەناڵ و پەیجانە رەت دەکەینەوە و بەکارێکی دوور لە ئیتیکی رۆژنامەوانیی لەقەڵەمدەدەین، بەوهۆیەی ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە تەنها ناوی سەرچاوەیان هێناوە و نەهاتوون تابەشێوەیەکی فەرمی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن".

ر.ع
Qaiwan
Qaiwan