کوردستانی
شەقامی تونێلی پێشڕەو بەرەو هەواری شار چاکدەکرێتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا -
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت بەهاوکاریی لەگەڵ هاتوچۆی سلێمانی چارەسەری کێشەی شەقامی تونێلی پێشڕەو بۆ هەواری شار دەکەین و پێشتر هیچ دیزاینێکی نەبووە و بووەتە هۆی روودانی ژمارەیەکی زۆر رووداوی هاتوچۆ.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئابی 2023 سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند "پێشتر شەقامی تونێلی پێشڕەو بۆ هەواری شار دیزاینی نەبووە و بووتە هۆی روودانی چەندین رووداوی هاتوچۆ، دوای بەدواداچوونەکانیشمان کێشەی شەقامەکەمان دۆزیوەتەوە".
باسی لەوەشکردووە "بەوتەی ئەندازیارانی پسپۆڕ کێشەی ئەم شەقامی سلۆپە بەرزەکەیەتی کە %15یە و ئەمەش ستانداردی جیهانیی نییە، بەهۆی بەرزیی ئاستی تونێلی پێشڕەویشەوە ئەمە روویداوە".
جەختیشی کردووەتەوە "بەهەمان شێوە فولکەکەش بەشێوەیەکی ئەندازیاری نەبەستراوەتەوە بە شەقامەکەوە، چەندین رووداوی هاتوچۆ لەوێدا روویداوە".
روونیشی کردووەتەوە "بەبڕیاری ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی ژمارە 75 لە 12ی نیسانی 2023 دیزاین و جێبەجێکردنی تەواوی شەقامەکە هاوکاتبوو لەگەڵ درووستکردنی دوو یەکتربڕی ئاست جیاواز و شەقامی نێوانیان کە دەکەوێتە ئەستۆی کۆمۆانیای قەیوان لەبەرانبەر پێدانی فراوانکردنی بەرزییەکانی سلێمانی".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "بەپێی دیزاینی نووسینگەی ئەندازیاریی کە پێداچوونەوەی پێداکراوە، سلۆپی شەقامەکە کەمکراوەتەوە بۆ %12 و لەگەڵ ئەمەشدا کامێرای تیژڕەوی بۆ خێرایی 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەم زووانە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە ئێستادا ئێمە چاوەڕێی کۆمپانیای قەیوانین تاوەکو بڕیارەکەی ئەنجومەن و نووسینگەی ئەندازیاران جێبەجێبکات".
ر.ع

ر.ع
بیروڕا



