کوردستانی
وردەکاریی شەڕە تەقەکەی ئەمشەوی چەمچەماڵ
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
قایمقامی چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت بەهۆی شەڕەتەقەی نێوان دوو بنەماڵەوە لە ناحیەی شۆڕش حەوت کەس برینداربوون و برینی یەکێکیان سەختە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئابی 2023 رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە مەودا میدیای راگەیاند "لە گەڕەکی قادرکەرەمییەکانی ناحیەی شۆڕش شەڕەتەقە لەنێوان هاوڵاتییانی گوندی کچان و هاوڵاتییانی گوندی کەریم ئەجەل روویداوە".
باسی لەوەشکردووە "رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە بووە و بەهۆشیەوە حەوت کەس برینداربوون کە یەکێکیان برینەکەی سەختە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بڵاویکردەوە کە باندێکی قاچاخچێتی چەکیان دەستگیرکردووە لە ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ کە چوار کەس بوون و بەشێوازێکی نایاسایی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم کڕین و فرۆشتنیان بە چەکەوە کردووە.
بیروڕا


