کوردستانی

ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران راگەیەندرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران راگەیەندرا
مەودا میدیا-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووە و لەمیانی كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە کرایەوە، پێویستە رێز لەو رێککەوتنانە بگیرێت کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئاب-2023، بە ئامادەبوونی هەریەك لە مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا خرایەڕوو کە تایبەتبوو بە گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشیی و پێکەوەیی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوت و گازن، ئەویش پشتبەست بە مادە دەستوورییەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت وگاز.

هاوكات بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم،جەختكراوەتەوە دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عیراقی فیدراڵ، مادەکانی دەستووری عیراق تایبەت بە کەرتی نەوت وگاز بکرێنە بنەما و هەروەک لە دەستووریشدا بە روونی هاتووە، ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێت بە ڕەزامەندیی حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و رەنگدانەوەی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی عیراق بێت وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە.

جەختیش لەوە کراوەتەوە کە پێویستە رێز لەو رێککەوتنانە بگیرێت کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال تایبەت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکراون.

هاوكات ئەنجومەنی وەزیرانیش دووپاتی بایەخی هەبوونی یاسای نەوت و گازی لەسەر ئاستی عیراق کردووەتەوە بە مەرجێک بەپێی بنەماکانی رێکخستنی ئەم کەرتە و سیستمی فیدرالی عیراق بێت وەک لە دەستووردا هاتووە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan