کوردستانی
پەرلەمانتارێک: پارە بۆ هەرێم رەوانە دەکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت بودجە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و وەزیری دارایی عیراق بەڵێنیداوە کە لەمەودوا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەخۆران و فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا رەوانەبکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئابی 2023 سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "بەوهۆیەی یاسای بودجەی گشتیی عیراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە لەدوای 15ی ئەم مانگەوە پشکی هەرێمی کوردستان رەوانەبکرێت و لە ئەگەری نەناردنی پشکمان ئێمە قبووڵی ناکەین و دەبێتە پێشێلکردنی یاسا".
باسی لەوەشکردووە "نابێت تەمویلی مووچەی فەرمانبەران رابگیرێت بەهۆی بوونی هەر ناکۆکیی و لێکتێنەگەیشتنێک، دیوانی چاودێریی دارایی عیراق و هەرێمیش هەمانگەنگی دەکەن و دەبێت بەشە بودجەی تەواویش رەوانەبکرێت".
لەبارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە ئەوەی خستووەتەڕوو "هەفتەی رابردوو ئەو پرسیارەم لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق کرد و ئەویش روونیکردەوە کە جارێ تەمویلی تەواو نەکراوین و لەسەر بنەمای یەک لەسەر 12ی یاسای بودجەی ساڵی 2021 پارە بۆ هەرێم نێردراوە".
سۆران عومەر وتیشی "لەئێستادا هەرێمی کوردستان تەنها 55 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەکات و بەپێی یاساش لە ئەگەری هەناردەنەکردنی نەوتدا دەبێت رادەستی حکومەتی عیراق بکرێت و پێویستیی ناوخۆی پێ پڕبکرێتەوە".
بیروڕا


